ئایا تاک خاوەنی ئیرا‌ده‌ی خۆیه‌تی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا؟


تاڤگە سابیر

 

ده‌سه‌ڵات خۆی سه‌پا‌ندووه‌ به‌ سه‌ر تاکی کۆمه‌ڵگه‌ بۆ سه‌رکوتکردنی تاک به‌ سەپاندنی نه‌ریتی ئه‌قڵی خێڵه‌کیی (حه‌رام و حه‌ڵاڵ)کردن به‌ سه‌ر ژیانی تا‌ک له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا‌.

 سیسته‌می‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ تاکه‌کانی کردووه‌ بە بابەتی ره‌وشت و‌ کۆششی کردووە‌ تا‌ک پتر خامۆش بکا و له‌ ناوی ببا. ره‌چه‌ڵه‌کی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ رەوایی به‌ خۆی داوه‌ پیرۆزییەکانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ داگیر بکا،  ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سی وسێ ساڵه‌ سیاسه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کا تاک بکا‌ به‌ کۆیله‌ و‌ بۆ به‌رژوه‌ندیی خودی خۆی ئەقڵیان بخه‌سێنێ.
 
هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک تاک تێیدا چه‌وساوه‌ بێ وسه‌ربه‌ستییه‌کانی تیا دۆڕاند ده‌سه‌ڵاتەکەی بێ بەزەییە‌ و ریگەکانی داهێنان و په‌ره‌سه‌ندنی بیرکردنه‌وه‌ ده‌به‌ستێ، پێویستیی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تا‌که‌کان و چینه‌کانی کۆمه‌ڵ جیاوازن و یه‌ک جۆر سیسته‌می رەوشتیی دانامه‌زرێنن، به‌ڵام ئه‌م جیاوازییه‌ی پێوستییه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و جیاوازیی نێوان سیسته‌مه‌ ره‌وشتییە‌کانیش ده‌سه‌پێنن، فه‌رمانکه‌ر و فه‌رمانلێکراو، داگیرکه‌ر و داگیرکراو و خاوه‌ن کۆیله‌ و کۆیله‌ و سه‌ربه‌ست و چه‌وساوو بۆچوونیان بۆ ژیان و به‌ها ڕه‌وشتییه‌کانیان جیاوازه‌، به‌ڵام جیاوازییه‌کان بنه‌ڕه‌تێکی پێویستیی پێنه‌دراوه‌، ئه‌و بارودۆخه‌ی تاکێک ده‌کا به‌ داگیرکه‌ر و تاکه‌که‌ی دیکه‌ش به‌ داگیرکراو مێژوویی و دروستکراوه‌ ده‌کرێ بگۆڕدرێ.. ده‌کرێ تاک له‌ یه‌که‌م رۆژی لەدایکبوونی دا‌گیرکرابێ یان له‌ خێزانێکی کۆیله‌ و چه‌وساوه‌ له‌ دایک بووبێ، به‌ڵام ژیانی داگیرکراو و کۆیله‌یه‌تییه‌که‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی خودی خۆیه‌تی. به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ خۆی به‌ سه‌ر بوونی تاک ده‌چه‌سپێنێ و ئازادییە‌کانیان لێ داگیر ده‌کا له‌ ژێر ئه‌و بارودۆخه‌ خنکێنه‌رانه‌دا مافی تاکه‌کان دەخنکێندرێ و ئازادییه‌که‌یان لێ زه‌وت ده‌کرێ و له‌ ئاکامدا به‌ نامرۆڤیان ده‌کا و خودی خۆی به‌رپرسه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ژیانی کۆیله‌یه‌تی یان سه‌ربه‌ستیی هه‌ڵبژێرێ.

‌به‌ڵام تاک دەبێ کۆششی ئه‌وە بکا ئەو ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ره‌کییه و داگیرکه‌ره‌ بڕووخێنێ ئه‌گه‌ر نا،  ناتوانێ پڕۆژه‌کانی بوونی هه‌ڵبژێرێ چونکه‌ بوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ره‌کیی و داگیرکه‌ر نییه‌، له‌ که‌لتووری زاڵبوون بازاریش جۆرێکه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ به‌رده‌م ویستی هێزی مرۆڤدا ده‌بێ به‌ رێگر بۆیه‌ پێویست به‌ روخاندنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ریت و به‌ها و باوه‌ڕانه‌ دەکا، که‌ پاشماوه‌ و سێبه‌ری ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ن.

مرۆڤی خاوه‌ن ئیرا‌ده‌ کۆشش دەکا ره‌گ و ریشه‌ی دۆگما و به‌های ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مکاره‌ به‌ ته‌واویی له‌ نێو زه‌مینه‌ی بیرکردنه‌وه‌یدا هه‌ڵکێشێ و ئاسه‌واریان بسڕێته‌وه..‌ پاش ئه‌وه‌ تاک ده‌توانێ ئاڵای یاخیبوونی دژ بەو ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌ڵگرێ بۆ داڕشتنی بناغە‌ی مێژووی خۆی و داهێنانی ئه‌و مێژووەی دژی نه‌ریت و که‌لتووری زاڵبووی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ راده‌وه‌ستێ.
 
مرۆڤی خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوونێکی داهاتوویی هه‌یه‌ بۆ به‌رزێتیی خودی خۆی ، وە هه‌موو نه‌ریتی خێڵەکی و به‌هاکانی ئه‌مرۆ ره‌تده‌کاته‌وه‌ و ده‌که‌وێته‌ نێو ئه‌و ناکۆکیی و زۆرانبازییە‌ و ‌ جه‌نگێکی به‌رده‌وام بەرپا دەکا.. که‌ تێیدا جارێک مرۆڤ سه‌رده‌که‌وێ و جارێک ده‌ڕوخێ. ئه‌و مرۆڤه‌ خاوەنی خۆیه‌تی به‌رده‌وام خەبات بۆ سه‌رکه‌وتن دەکا و وه ک مرۆڤی بێ هه‌ڵوێست ناڕوخێ. ئه‌و تاکە خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆیەتی هه‌میشه‌ له‌ سه‌رکه‌وتن دایه‌ و هه‌میشه‌ کۆششی کردووە.. تاکە بێ هه‌ڵوێست و نزم و ناشیرینه‌کان و که‌لتووره‌ بازاڕییه‌کان له‌ رووخانی ئه‌وان و جیهانی بچووک و بیرکردنه‌وه‌ی بچووکی ئه‌وان دایه‌.. سه‌رکه‌وتنی تاکی خاوه‌ن هه‌ڵوێست په‌ره‌سه‌ندنی ژیان و داهێنانی تاکێکی نوێ و مرۆڤایه‌تییه‌کی نوێیه‌.
 
ئه‌و تاکه‌ی ئاڵاهه‌ڵگری یاخیبوونه‌ هه‌میشه‌ خاوه‌نی رابردوو و ئێستا و داهاتووی خۆیه‌تی و نووسه‌ری داستانی مێژووه‌ چونکه‌ سه‌رچاوه‌ی گۆڕانکارییه‌کان و بوونی ئه‌و کات و مێژووەیە و خاوه‌نی پڕۆژه‌کانه‌.. ده‌رچوونی ئه‌م جۆره‌ تاکا‌نه‌ له‌ نێو بازاڕ گه‌رانه‌وه‌یە به‌ره‌و چیا به‌رزەکان‌. ئایا بۆچی تاکی خاوه‌ن ئیرا‌ده‌ که‌لتووری خێڵ جێده‌هێڵێ و به‌ره‌و داهاتوویەکی گه‌شت ده‌ستێده‌کات؟ ئه‌و که‌لتوره‌ خێڵه‌کییه‌ بوونی تاکی داگیر کردووه‌ و رێگه‌ نادا مرۆڤ سه‌ربه‌ستانه‌ بژی..

ئه‌و ئه‌قڵه‌ خێڵه‌کییه‌ تاکی له‌ نێو که‌لتووری خۆی نامۆ و ون کردووه‌ و دەیەوێ‌ مرۆڤه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیاندا بژین.
 
مرۆڤ ده‌بێ له‌ پێناو سه‌قامگیرکردنی ویستی هێز له‌ شێوازێکی باشتر و به‌هێزتردا خودی خۆی له‌و که‌لتووره‌ خێڵه‌کییه‌ نامۆ بکا‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌رده‌وامییدانە بەو سه‌قامگیرکردن‌ و خۆدامەزراندنە.. چونکه‌ بوون که‌ له‌ بنه‌ڕه‌ت به‌ده‌ره‌ و واتایه‌کی له‌ پێشتر پێنه‌دراوه‌ ویستێکی ره‌وانه‌ و بۆ دامه‌زراندنی هێز کۆشش دەکا. تاکی خاوه‌ن هه‌ڵوێست ده‌یه‌وێ هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ره‌و په‌ره‌سه‌ندن ببا و به‌ ناشیرینیی نه‌ژی، تاک له‌م گه‌شته‌یدا لە ژوور کیشەی ویستی هێزدا خاوه‌ن ئیرا‌ده‌ی خۆیەتی و په‌نا بۆ که‌س نابا و خۆی به‌ ته‌نیا ده‌که‌وێته‌رێ.. گه‌شتێکه‌ خۆی ده‌توانێ دەستی پێ بکا و کۆتایی پێ بهێنێ.. ئه‌گه‌ر خاوه‌نی هه‌ڵوێستی خۆی بێ ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌ ئاکامدا هه‌ڵبژاردنی پرۆژه‌ی خۆیه‌تی.