ئایا ئیخوان و سەلەفی دەتوانن کوردبن؟

 

 

بڕوا بەرزنجی

یەکەم: سێ نەتەوە (عەرەب و توورک و فارس) کە داگیرکەری کوردن، خاوەنی مێژووی ئیسلام و ئیمپڕاتۆرییەتە ئیسلامییەکانن، ئەوان چەند نەتەوە و گرووپی تریان بەهۆی هێزی دینەوە لە خۆیاندا توواندەوە (assimilation). بۆیە کورد چانسی هەبوو بەهۆی زمان و جوگرافیا سەختەکەیەوە وەک قیبتی و بەربەرەکان لەنێو ئەم سێ نەتەوە باڵادەستەی دنیای ئیسلامی نەتووایەوە. بەڵام ئەمە بێ دەرئەنجامی خراپ نەبووە، لای زۆرێک لە مسوڵمانی کورد و بەتایبەت دوای پڕۆژەی ئیخوان و سەلەفییەت، کە وەک دوو پڕۆژەی سیاسیی پان عەرەبیزم دەگەنە کوردستان، ئیتر ئەم کەس و گرووپە کوردییانە چاوەڕێی شێخ و ئیمامە عەرەب و فارس و توورکەکانیان دەکەن تا شووناسی خۆیان دیاری بکەن. لە دەیان ساتی مێژووییدا ئیخوانبوون و سەلەفیبوون و شووناسی ئیسلامی پێش کوردبوون دەخەن. بۆ نموونە؛ کاتێک ڕژێمی بەعس لە پڕۆسەی ئەنفالکردنی کورددابوو، ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین جیهاد و شەڕ دژی بەعس حەرام دەکات، بۆیە مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین ئیخوانبوونی پێش کوردبوونی دەخات و دژی بەعس ناوەستێتەوە و دەبێت بە جوندیی ئەو ڕژێمە.

دووەم: دەسەڵاتی سیاسیی هەرسێ نەتەوەکە، لە سەدساڵی ڕابردوودا چەندان جار کوردیان جینۆساید کردووە، وایە زۆرجار بەناوی دینەوە بووە، ئێمە ناتوانین دین وەک کتێب ڕاستەوخۆ تاوانبار بکەین، بەڵام دین کتێب نییە و خودایش نییە، دین هەر ئەوەیە کە دیندارەکان چۆن و چی پێدەکەن، دەی دیندارە عەرەب و توورک و فارسەکان بەشدارن لە جینۆسایدی کورددا، دەیان و سەدان فەتوای پشتگیرییان هەیە، بەڵام لەوە کارەساتتر، زۆرینەی ڕەهای مەلا و بانگخوازی کوردی بێدەنگن و بەرگری لە میللەتەکەیان ناکەن و هەندێکیشیان پشگیریانن. تۆ سەیرکە بۆ هەموو کێشەیەکی ئیسلامی بە هەزاران مەلا و بانگخواز دەبنە جیهادی! واتە کێشەی کورد کاریگەریی لەسەر ئەم کوردە بە ئەسمیلەبووانە نییە. بۆیە پرسیارێکی گرنگ دروست دەبێت، ئەویش ئەوەیە کێ کوردە؟

سێیەم: با وەڵامی پرسیاری کێ کوردە بدەینەوە. کوردبوون یان مسوڵمانبوون، ئەم جۆرە شووناسانە بە ئازادیی خۆمان هەڵیاننابژێرین، تۆ لەدایک دەبیت و لە شووناسەکەت نووسراوە کوردە یان مسوڵمانە، ئەمە کاریگەریی دەبێت و هەندێ خەسڵەتی کوردبوون و مسوڵمانبوونت پێدەبەخشێت، بەڵام دواتر کێ بڕوای بەم شووناسەیە و شوێنی دەکەوێت و بانگەوازی بۆ دەکات ئەوە بڕیاردەرە. چەند ڕۆژی پێشوو توورکمانێکی تورکیا، سڕی سورەییا ئۆندەر لە ئەستەنبووڵ مرد، ئەو هونەرمەند و سیاسییەکی بەناوبانگ بوو، کەسێکی چەپ و لە خانەوادەیەکی چەپ گەورە بووبوو، لەجیاتی شین بۆ کێشە و خەمی چەپەکانی دنیا بخوات و چاو لە کێشەی کورد لە وڵاتەکەی خۆی دابخات وەک ئیسلامییەکان، بە پێچەوانەوە ئەو هەموو تەمەنی بەخشی بە کێشەی کورد، ڕۆحی خۆی خستە بەردەم گوللـەی گورگەبۆرەکان، بێ ترس وتی تا کێشەی کورد چارەسەر دەبێت من کوردم. هەر بەڕاستیش ئەو وەک کورد ژیا و مرد لە وڵاتەکەی خۆیدا، بەڵام لە هەمان وڵات وەزیری دەرەوەی کە هاکان فیدانە کوردێکە بە شیر کوردە، کەچی یەکێکە لە سەرسەختترین کوردکوژەکان. واتە جلی کوردی و زمانی کوردی و دایک و باوکێکی کوردی بە تەنها نامانکات بە کوردێکی کامڵ، بەڵکوو دەیان چیرۆکمان هەیە لە مێژووی ئەم میللەتەدا کە کوردە ڕەسەنەکە دەبێتە براکانی یوسف و براکوردەکەی داخاتە بیرەکەوە.

 

لە سەدساڵی ڕابردوودا، کوردبوون تەنها شووناسێکی ئیتنیکی نەبووە، بەڵکو هەڵوێستێکی وجودی بووە بەرامبەر بە پڕۆژەی سڕینەوە. ئیسلامییەکان بەشێک نین لەم هەوڵە و ناتوانن ببنە بەشێک لە ستوونی فەقەڕاتی نەتەوەییبوون، چونکە لە دەرەوەی کەشی کوردبوون هەناسە دەدەن و ئۆکسجین وەردەگرن. نموونەی سڕی سورەییا ئۆندەر و هاکان فیدان دەریدەخەن کە کوردبوون دۆخێکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو هەڵبژاردنێکی ئەخلاقی-سیاسییە. 

چوارەم: ماوەی ڕابردوو، گفتوگۆی زۆر کرا لەبارەی سەڵاحەدینی ئەیوبی، هەندێ لە ناسیۆنالیستانی نوێی کوردی و ئیسلامییەکان، زۆر باسیان لە گرنگیی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکرد بۆ پڕۆژەی ناسیۆنالیستی کوردی، لەڕاستیدا بەرەی ناسیۆنالیستە چەپ و نادینییەکان لە تێنەگەیشتنەوە بەرگرییان لەم پڕۆژەیە دەکرد و هەرچی ئیسلامییەکانە بە وریایی و ئامانجدارانە.

هەموومان دەزانین بە دووژمنەکانی کوردیشەوە کە سەڵاحەدین کوردە، نەک هەرئەوەندە، بەڵکو سەدام حسێن و حافز ئەسەد و ئەردۆگانیش زۆر جەخت دەکەنەوە کە ئێمە نەوەی سەڵاحەدینین، لەم خاڵەدا ئیسلامی سیاسیی کوردی و سەدام حسێن و ئەردۆگان یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش ئەوەیە ڕاستە ئێمە کوردین، بەڵام شووناسی نەتەوە گرنگ نییە و ئامانجەکە شووناسی ئیسلامیبوونمانە و خەباتە لەپێناو ئیمپڕاتۆرییەتەکانی ئەوان، چونکە سەڵاحەدینی ئەیوبی وەک کوردێک خۆی و عەشرەتەکەی خاکی کوردستانیان چۆڵ کرد و خۆیان بەخشی لەپێناو خاکی عەرەب_ئیسلامیدا.

بەڵام ئا لەم ساتەوەختەدا ئیسلامی سیاسی، کە زۆر بیری سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکات، خۆی دەدزێتەوە باسی سەڵاحەدین دەمیرتاش و ئۆجەلان بکات، کە لەپێناو خاک و خەڵکی کوردستان لە زیندانن. سەڵاحەدینە نوێکە کە خەباتی بۆ کوردە، بۆ ئیسلامی سیاسیی کوردی شەرمە باسی بکات، بەڵام شین بۆ سەڵاحەدینێک دەکات چەند سەدەیە نەماوە و هیچ پەیوەندیی بە خاک و خەڵکی کوردستانەوە نییە. یاخود سەیرکە، ناسیۆنالیستی کوردی لە سەدساڵی ڕابردوو دەیان سەرکردەی گەورەی وەک شێخ  سەعید و شێخ ڕەزای دەرسیم و شێخ مەحمود و قازی محەمەد و مەلا مستەفا و تا دەگاتە قاسملۆ و ئۆجەلان  بەرهەمهێناوە، هەموو ئەمانە لەبیر دەکات و شیوەن بۆ سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکات، ئەوان تەنها باس لە سەڵاحەدینێک دەکەن کە کوردستانی بەجێهێشت و چووە شام و میسر و بووە خاوەنی دەوڵەتێک کە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردەوە نەبوو. ئایا ئەمە ڕوون نییە کە خۆشەویستی ئەوان بۆ سەڵاحەدین، خۆشەویستییە بۆ بەجێهێشتنی کوردستان و کوردبوون؟ 

لە زانستی مێژوودا، بۆ خوێندنەوەی ئەم دۆخانە، چەمکێکمان هەیە پێیدەوترێت:”دەروونناسی مێژوویی”، کە بوارێکە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن عەقڵ و هەڵسوکەوتی تاک و دانیشتووان بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە، هەروەها ڕووداوە مێژووییەکان چۆن تێگەیشتنی ئێستامانی لە قاڵب داوە. واتە پڕۆژەی ئیخوان و سەلەفییەت، ئیشی خۆی لەسەر مێشکی ئیسلامی سیاسی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان کردوە و مێشکی شتونەتەوە لە کوردبون. 
 

بۆیە سۆزی ئیسلامی سیاسی کوردی بۆ سەلاحەدین، سۆزنییە بۆ کوردبونی، بەڵکو سۆزە بۆ جێهێشتنی خاک و خەڵکی کوردستان، لەپێناو شوناسە دینییەکەی، هەر ئەوەی ئێستا ئیخوانییەکان لەناو ئەم هەمو برینی کوردبونەدا خەون بۆ چونە جیهاد لە غەزە دەبینن، لە کاتێکدا بەقسەی دامەزرێنەرەکەی خۆیشیان( حەسەن بەننا) ، شەڕی ئەوان لەگەڵ جولەکە پەیوەندی بە دینەوە نییە، بەڵکو شەڕی خاکی عەرەب و جولەکەیە.

.

پێنجەم: دیبەیتەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی د. عەبدوللـەتیف سەلەفی و د. موسەننا ئەمین، هەروەها قسەکانی د.عەلی قەرەداغی و دواتر وەڵامدانەوەکەی د. عەبدوللـەتیف و لایەنگران و هاوفیکرانیان، تەواو وێنەی ڕوونی ئەم قسانەی ئێمەیە، کە خۆیشیان هەموو گفتوگۆکە و بەڵگەکانیان ئەوە بوو، کە سەلەفی دروستکراوێکی سیاسیی سعودییە و خەتە سیاسییەکەی، ئیخوان ئیشپێکراوی قەتەر و توورکیایە، واتە دوو پڕۆژەی سیاسین بۆ بەرژەوەندیی پان توورکیزم و پان عەرەبیزم، ئەم دوو پڕۆژەیە نەک پەیوەندییان بە کورد و کێشە مێژوییەکەیەوە نییە، بەڵکوو تەواو دژی پڕۆژەی ئازادیی کورد و یەکێتیی کوردن، چونکە دوو پڕۆژەی سووننەی تووندڕەون، ل کاتێکدا کۆمەڵگەی کوردی، پێکهاتەیەکی فرەڕەنگی دینی و مەزهەبی  جیاوازە. ئێمە کوردی ئێزدی و کاکەیی و فەیلی و شەبەک و بێ دین و چەپ و ڕاستمان هەیە، لەنێو کوردی مسوڵمانی زۆرینە، سووننە و شیعە، قادری و نەخشیمان هەیە، بەڵام هەموو ئەمانە تا ئێستا لە چوارچێوە کوردییەکەدا ماونەتەوە و ئەوەیش خاڵی بەهێزی کوردە، بۆیە سەلەفی و ئیخوانی، کە پارەو ئەجێنداو بەرنامەو سۆز و پابەندبونیان لە دەرەوەی کوردستان و کوردبونە، یەک خاڵ دەیانبەستێت بە کوردبون و کێشەی کوردەوە، ئەویش لەسەر خاکی کوردستان و بەزمانی کوردی ئینسانی کورد لە کوردبونی بخەن. بۆیە خاڵی لاوازی کوردن و تەواو دژی پڕۆژەی ناسیۆنالیستی کوردن و تەواوکەری داگیرکاری سێ نەتەوە سەردەستە مسوڵمانەکەن، عەرەب و تورک و فارس.

سەرچاوە : سپی میدیا