بە سەنتەربوونی مانا
دەروازەیەک
سەبارەت بە سروشتیی ئەدەبیات دەبێت بزانین ئێمە لەبەردەم لێکچواندنی فۆڕمە جیاوازەکانی دەربڕین و چێژی لەبن نەهاتووی میتافۆڕ و خەیاڵ داین. بە دیوێکی تریشدا وەک ئۆرهان پاموک لە "کتێبی ڕەش" دەنووسێت: (نووسین تاکە دڵنەوایییە لە بەرانبەر هێزی سەرسووڕهێنەری ژیاندا) بۆیە کاتێک بە یارمەتیی هەندێک تیۆر و میتۆد بمانەوێت بە تەواویی لەم هێزە سەرسووڕهێنەرە نزیک ببینەوە، لەوسەرەوە مەتەڵئاسا ئەم هەوڵەمان هەندێک درز و کەلێن دروست دەکات، چونکە دەبێت ئەوە بزانین ئێمە کاتێک کارێکی ئەدەبیی وەک ژانری گێڕانەوە دەگرین بە دەستەوە و دەمانەوێت بیخوێنینەوە، باشتر وایە کەمێک پشووفراوان بین و ئەوەمان لەبەرچاو بێت چ تایبەتمەندییەکی گەورەی خەیاڵ لەبەردەمماندا ئامادەیی هەیە. هەر بۆیەش بە پێی ئەو تایبەتمەندییە؛ وا گونجاوە مامەڵە لەگەڵ هەڵکشان و شفرەکانی دەق بکەین، نەک وەک ئەوەی خۆمان لە ڕێی هەندێک تیۆر و تێگەیشتنی ئامادەوە چیمان دەوێت بە زۆر لەسەر دەقێک باری بکەین. لە خاڵێکدا ئەگەر پایەکانی گێڕانەوە پۆلێنبەندی بکرێت بۆ چەند بنەما و ڕەگەزێک، ئەوانیش خۆیان دەبیننەوە لە (پڵۆت، ناوەڕۆک، کارەکتەر، گۆشەنیگای گێڕانەوە، گرێچن، شوێن و کات، دیالۆگ، فەزا و ئەتمۆسفێر، زمان، شێواز، تەکنیک) ئەم کەرەستە تیۆرییانە لە بەردەستن بۆ هەموو ڕۆماننووس و چیرۆکنووسێک وەک کۆمەڵێک خام تاوەکوو لە خزمەت دەقەکەیدا وەگەڕی بخات. بەڵام بە وردبوونەوە لە زۆرێک لە کارە ئەدەبییەکان ئەوە ڕوون دەبێتەوە کەمجار هەبووە ڕۆماننووسێک ببینرێت کەوا توانیبێتی هەر یەک لەم ڕەگەزانە وەکوو یەک بە هەمان ئاست و هێز و توانا لە گێڕانەوەکانیدا سەرپێ بخات و وەکیەک تێیاندا قووڵ بێتەوە. بە پێچەوانەوە ئەوەی من بینیومە زۆرجار لە بەشێکی بەرچاو لە چیرۆک و ڕۆمانە کوردییەکاندا ڕەگەزێک لە ڕەگەزەکانی گێڕانەوە بەسەر ڕەگەزەکانی تردا زاڵبووە و ئەوانی تریش فەرامۆش. ڕاستی بە شێوە تیۆرییەکەیش ئەگەر بمانەوێت هەموو ئەو ڕەگەزانە لە دەقدا وەکیەک جێیان بکەینەوە؛ نایشارمەوە کەوا کارێکی ئەستەم نییە بەڵام دەکرێت بڵێین نزیکیەکی هەیە لەگەڵ مەحاڵ، چونکە ئەم ئارگیۆمێنتەی کەوا ئێمە پێشکەشی دەکەین خاڵی نییە لە ئیشکالیەتی هونەریی و هێنانەپێشەوەی خورافەی موتەکامیلی دەق.
مەبەستی نووسین
لە پاڵ ڕستەسازی و گۆشەنیگای گێڕانەوە و فەزا و کارەکتەرسازی، زۆربەی جار شەڕی گەورە لەنێوان ڕێکخستنی فۆڕم و زماندا بووە، یان لەنێوان مانا و تەکنیکدا بووە. زۆربەی ئەو نووسەرانەی کەوا کار لە تەکنیک و دروستکردنی فۆڕمێکی دیاریکراو لە گێڕانەوە دەکەن، مانا لایان زۆر سادە و سەرەتایی دەبێتەوە تا حاڵەتی فەرامۆشکردن و برەو نەدان بە چی گوتن. ئەوانەیشی لەسەر مانا دەوەستن، هێندە لە خەمی کوشینی ئایدیا و گەیاندنی مانادان، هێندە لە خستنەڕووی شێوەکانی مانا قووڵ نابنەوە.
ئەمڕۆ دوای خوێندنەوەی دوایین ڕۆمانی "بەختیار عەلی" بە گەڕانەوە بۆ کۆی کارە تیۆریی و ئەدەبییەکانی دەتوانم بڵێم "بەختیار عەلی" لەم جۆرە ئەدیبانەیە کەوا مانا لای ئەو پانتاییەکی فراوانی داگیر کردووە. "هەرێمێکی لە مانا" پێکهێناوە کەوا بە جۆرێک هەموو ڕەگەزەکانی گێڕانەوەی لە خزمەت گەیاندنی ئەو فیکرە ئایدیالییەدا زین کردووە کە ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە ڕۆحێکی بەرەنگاری و ڕامنەکراو دژ بە ستەمکاری و کۆتوبەندی ئایدۆلۆژیادا. بە شێوەیەکی تر دەتوانم بڵێم یاخیبوون لای ئەو ڕۆماننووسەی ئێمەدا یاخیبوونێکی مەعریفیی و ئینجا تیۆرییە بە ڕووی تێگەیشتن و ڕاوکردنی ئایدیادا، تەنانەت ئەمە وای کردووە هەندێکجار ئەم تیۆریزەکردنە لە یۆتۆپیا نزیک بێتەوە. بەوەی نەقدی سەرتاپا و گشتگیر دەکات بەبێ خستنەڕووی چاوساغی یان ئەلتەرناتیڤێکی دیاریکراو. ئەمەش بۆ هەندێک کەس قەبوڵکردنی ئاسان نابێت کە لەپێناو گەیاندنی تێزێکی لەم جۆرەدا میتۆدی واقیع بکرێت بە قوربانی. بۆیە وای لێهاتووە لە زۆرێک لە ڕۆمانەکانیدا بە هۆی ئەو پاشخانە دوور و قووڵەی بۆ ئاراستەکردنی ئەدەب و فیکر سەری خستووە، کەشێک بڕەخسێنێت بۆ کۆمەکیکردن بە کارەکتەر لە هەندێک حاڵەتی ناپێویستدا وەک جۆزیف کارۆل مامۆستای زانکۆ دەڵێت: (مرۆڤ هەرچەندە زیاتر چیرۆک بخوێنێتەوە، ئاسانتر دەتوانێت خۆی بخاتە شوێنی کەسانی تر.) تا لە هەندێک دۆخ و ساتدا ئاگایانە یان نائاگایانە سەرکوتکاری لە تۆن بەجێ دەهێنێت، بەوەی ڕێ بەم کارەکتەرانە نادرێت بە ئازادانە وەک خۆیان کە هەن؛ بدوێن و دەربکەون. لەم بارەیەوە نووسەری ئەفغانی عزیز حکیمی دەربارەی تۆنی دەنگ لە گێڕانەوەدا دەنووسێت: (دەقی باشی چیرۆک دەبێت بتوانێت دەنگی گێڕەڕەوە لە زیهنی خوێنەردا بخوڵقێنێ) واتا لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانێکدا ئەگەر گێڕەڕەوە منداڵێک بێت ئەوا لە مێشکی خۆماندا دەنگ و ڕووخساری ئەو منداڵە گێڕەڕەوەمان بۆ وێنا بکرێ، یان ئەگەر گێڕەڕەوە لە گۆشەنیگای بکوژێکەوە بێت دەبێت بتوانرێت بیرکردنەوە و شێوازی گوفتاری ئەو کەسە لە مێشکی خوێنەردا زیندوو ڕا بگرێت و لەگەڵ دەقەکەدا ئاوێزانی بکات. چونکە ئەو پێی وایە (نووسەر گێڕەڕەوە نییە، بەڵکو نووسەری ئەو شتانەیە کە کارەکتەری چیرۆک دەیانڵێت، بەم پێیە ڕیتمی نووسین دەبێت ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییەکانی کارەکتەرەکان بێت نەک نووسەر).
خستنەڕووی وێنەیەک لە "بەندەر فەیلی"
لە یەکەم نیگای تایتڵی ڕۆمانەکەدا خوێنەر تووشی جۆرێک لە بەهەڵەداچوون دەبێتەوە، چونکە لە ڕێی ئەم تایتڵەوە وا دەزانرێ ڕۆمانەکە تایبەتە بە ناسنامە و مێژوویەکی کورد لە تۆپۆگرافیایەکی دیاری کراودا وەک لە ڕۆمانی ( داگیرکردنی تاریکی)ـدا ئەمە هەیە. ئەگەرچی لە جوزئێکی بچووکدا خاڵی نییە لەم تێگەیشتنە بەڵام خواستنی پاشناوی "فەیلی" دوای خوێندنەوی تەواوی ئەم کارە دەردەکەوێت تەنیا خوازە و بەهانەیەکی ئەدەبییە بۆ نیشاندانی ستەمکاریی و دڕەندەیی بەعس لە سەردەمێکی دیاریکراودا نەک ڕۆچوونی تەواوبێت بەناو مێژووی ڕاگواستن و کێشەی فەیلییەکاندا. ئەگەرچی خۆی لە کتێبی (وەک باڵندەی ناو جەنگەڵە ترسناکەکان) دەنووسێت: (من مێژوو ناگێڕمەوە بەڵکو ژیانی هەندێک پاڵەوان لە سەردەمێکی دیاریکراو دەگێڕمەوە) ئەمەش وەک کاری بنەڕەتیی ئەدەب جێی بایەخە بەوەی لە پرسە پەراوێزەکانی ژیاندا بچێتە ناو نەست و دونیای ترس و ئارەزوو و کێشە ڕۆژانەییەکانی تاکەوە. وەک محموود فلکی لەسەر ڕۆمانی مێژوویی دەنووسێت: (لە ڕۆمانێکدا تەنانەت ئەگەر لایەنی مێژووییش تیایدا بەهێز بێت، یاسای ئیستاتیکا بە شێوازێک ئیش دەکات کە ملکەچی پەیوەندی نێوان نەست و لۆجیکی زمانی ئەدەبییە.)
لە پنتێکدا ئەگەرچی پڵۆت و ناوەڕۆکی ئەم کارە درێژکردنەوە و دووپاتکردنەوەی ئەزموونەکانی پێشووترە، چونکە لە زۆرێک لە کارەکانی تریدا ئەو پانتاییەمان بینیوە کەوا بۆ فاشیزم و دڕندەیی بەعس تەرخانی کردووە. وەک (چێژی مەرگدۆستی) و (دوا خەندەی دیکتاتۆر) و (جەمشیدخانی مامم) و (شاری مۆسیقارە سپییەکان) و (ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی) و بەشێکی زۆر لە وتار و کارە تیۆرییەکانی تریدا. لەم کارەدا گێڕانەوە تەنانەت هەندێک ڕاستەوخۆتر دەبێتەوە بەهۆی نزیکی ڕۆمانەکە لە بایۆگرافیا. بەڵام لەبەر ئەوەی لە خۆرهەڵات ئایدۆلۆژیای ستەمکاریی و دیکتاتۆرییەت کۆتایی نەهاتووە یان بە فۆڕمی تر هەمیشە بیری بەعسیزم بەرانبەر بە گەلانی ناوچەکە لە هەوڵی سەردەرهێنان و خۆ نوێکردنەوە دایە. بۆیە فاشیزم هێشتا پرسێکی نوێ و تازەیە بە نیسبەت خەڵکی ناوچەکەوە، لەمەشدا هەموو هەوڵێکی "بەختیارعەلی" ئەوەیە لە ڕێی ئەم خوێندنەوانەوە زیاتر ڕۆبچێت بەناو ترسناکیی و کاریگەریی ئەو ئایدۆلۆژیا دژە ژیانەدا. یان وەک کروگەر دەڵێت: (دەرس و پەندی ئەم چیرۆکانە ئەوەیە لە بەرانبەر دیکتاتۆرییەت ڕابوەستین و خۆشمان نەبین بە دیکتاتۆر)٭ بە تایبەت ئێستا کە زۆرێک لە ڕۆمانەکانی وەردەگڕدرێن بۆ سەر زمانەکانی تر، ئەویش ئەمە بە دەرفەت دەزانێت بۆ ئەوەی ئەم پرسە تەنیا لە کڕوزانەوە و زارەکیی میللییەوە نەمێنێتەوە بەڵکو ئەم پرسە ناوچەییە گشتگیر بکرێ و بگوازێتەوە ناو دونیای ڕۆشنبیری وڵاتانی تردا. تا لە ڕێی ئەم کتێبانەوە نیشانی بدات کەوا ئێمە لە چ سەردەم و ڕۆژگارێکی تاریک ژیاوین و بە چ قۆناغێکی ماڵوێرانکاری کۆڵۆنیالیزمیدا تێپەڕیوین. ئەگەرچی عزیز حکیمی نووسەرانی ئەفغانی ڕای وایە (هەرچەند ڕۆمانێک پەیوەندیی زیاتری بە ژیان و کۆمەڵگەی خوێنەرەوە هەبێت، ئەو خوێنەرە زیاتر دەتوانێت لە پێچوپەنا شاراوەکان یان "نەنووسراوەکان"ـی ڕۆمانەکە تێ بگات و چێژی لێ ببینێ) بەڵام هەر خۆی دواتر ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت ئەمە بەو مانایە نییە کە خوێنەرێک ئەگەر ئاشنای ناوەڕۆکی جوگرافیی ڕۆمانێک نەبێت چێژ لە خوێندنەوەی نابینێ بەڵکو ئەوەی ئەو ڕۆمانە وا دەکات بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە بریتییە لە کارەکتەری بەهێز، گێڕانەوەی جوان، بینای پتەوی ڕۆمان و فەزای لەیادنەچوو. وەک لە دیالۆگی یەک لە پەڕەگرافەکانی ئەم ڕۆمانەدا هاتووە: (ئەو ڕۆژانە هەر کەس دەهات شتێکی لەو چەشنەی دەخوێندەوە، گەر کورد نەبایە وای بەسەر نەدەهات، گەر فەیلی نەبایە وای بەسەر نەدەهات، گەر لە سەردەمی بەعس نەبایە وای بەسەر نەدەهات.) ڕۆچوون بەناو ژیانی منداڵێکی فەیلی کە قەدەری وایە لە زیندان لە دایک بێت، جۆرێک لە خۆخستنە شوێن دەسازێت بۆ ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی یان کەشێکی دڵنەوایی کە ڕەنگە بەندەر تەنیا خوازراوێک بێت بۆ کۆی هاوڵاتیانی عێراق وەک لە پەڕەگرافێکدا هاتووە: (بەندەر فەیلی ڕەمزی گەورەی هەموو گیراو و سزادراوە بێگوناهەکانی عێراق)ـه.
لە کۆتاییدا ئەم ڕۆمانە تێڕمانە لە ئامادەییی مەرگ لەم ناوچەیەی ئێمە. پرسیارکردن دەربارەی زیندان و دووبارە پێناسەکردنەوەی ئازادی و گەشەکردنی منداڵ لەژێر سایەی زوڵم؛ تیشکی خراوەتەسەر. بە دیوێکی تریشدا لە ڕێی دڕەندەیی بەعسەوە، ترسناکی هەموو هێزێکی ستەمکاریمان بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ پێناسە دەکات.
ئیسماعیل سابیر
سەرچاوە: galawej