عەبدوڵا مەحمود
بەدوای کردەوەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردو بۆسەر شارە یەهودی نشینەکان و داگیرکاری بەردەوامی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر فەلەستینیەکان پاشان هیرشی بەبڵاو و کوێرانە بۆسەر غەززە، رەوت و گروپ و ئیسلامیەکان، لە تەواوی ناوچەکەدا، وەکو کاردانەوەیەک لەبەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریکادا، سەریان بەرزکردۆتەوە، لەو چوارچێوەیەدا چ حوسییەکانی یەمەن کە جەنگی بەوەکالەت بۆ ئیران لە چوارچێوەی ململانیی ئیران لەگەڵ ئەمریکا دەکەن، هێرشەکانیان بۆسەر کەشتیەکانی دەریای سور دەستپێکردووە و چ هیزو گروپەکانی تر ئیسلامی بەتایبەتیش ئەوانەیان کەسەر بە ئیرانن، هێرش دەکەنە سەر بنکەو بارەگا سەربازی و فرۆکەخانەو هەموو ئەو جێگایانەی کە رایەڵ و پۆیەکیان بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە. لەو چوارچێوەیەدا لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا دەیان هێرشی درۆنی و ساروخی و موشەکی بۆسەر بنکەو بارەگاکانی ئەمریکا و تەنانەت فرۆکەخانەی هەولیر و بارەگای پیشمەرگە لە هەریمی کوردستاندا، کراوە. دیارە پێشوتریش هێرشی درۆنی و موشەکی دەکرایە سەر هیزو بنکەکانی ئەمریکا لە عیراق و هەرێمدا، بەڵام ئەوەی ئەمجارەیان راستەخۆ پەیوەندی بەدۆخی تازە و جەنگ و داگیرکاری ئیسرائیل و پشتیوانی بێدرێغی ئەمریکا لە ئیسرائیلەوە هەیە.
لەگەڵ ئەوەدا کە ئەمریکا ئیران بە هاوکار و پشتیوانی ئەو هێزو گروپانە دەزانیت کە هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن، بەڵام نەک کاردانەوەیەکی بەرجەستەی بەرامبەر بە ئێران نییە، بەڵکو وا دێتە بەرچاو کە رێکەوتنێک لە نێوانیاندا پێکهاتبێت، کە مەبناکەی گەورەتر لەوەیە کە هێرشی چەند گروپێک ببیتە هۆکار بۆ توندبوونەوەی کێشمەکێشی نیوانیان لە ئاستی عیراق و ناوچەکەدا. بۆ ئیرانیش بۆردمان و کوشتنی چەندین فەرماندەی هێزەکانی بەرەی مقاوەمەی عیراقی و هێزەکانی سەر بەئیران، هیچ کاردانەوەیەکی جدی ئیرانی بەدوای خۆیدا نەهێناوە... ئەمەش بەرۆشنی ئەو راستییە بەیان دەکات، کە بەرژەوەندییەکانی ئیران و ئەمریکا لە ئێستادا خۆی لە ئارامی و ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراقدا، دەبینێت، کە راستەوخۆ کۆمەک دەکات بە ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا...
راستە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەهۆی چارەسەرنەبوونی کێشەی فەلەستین و داگیرکاری ئێستای دەوڵەتی ئیسرائیلەوە هێشتا ناوچەیەکی نا ئارام و ناجیگیرە، بەڵام ریگەگرتن لە پەل هاویشتن و فراونبوون و دەرگیر بوونی وڵاتانی تر، ئەو ستراتیجە هاوبەشەی ئیران و ئەمریکایە و کە بۆتە مایەی ئەوەی جەنگ و ناجیگیری و پشێویەکە سنوردار، بێت.
هێرشی حوسیەکان بۆسەر کەشتیەکان لەدەریای سوور، بۆردومانی بنکەکانی ئیران لە سوریا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە، هێرشی گروپەکانی سەر بەئیران بۆسەر بنکەو بارەگاکانی ئەمریکا... زۆرتر گەمە و پێکداپژانێکی لاوەکی و دەرهاویشتەی دۆخێکی تازەیە. دۆخێک کە ئەمریکا ئەو پێگەیەی نییە لەیەک کاتدا بەرەکانی جەنگ بەرووی خۆیدا بکاتەوە، بەتایبەتی کە داروخان لە بەرەی جەنگی ئۆکرانیادا، بەرۆشنی دیارە. لە جەنگی ئیسرائیل لەدژی حەماسدا دوبارە دەبینرێت و هێشتا حەماس بەرگریەکی توند دەکات و ئەوەی کە ئیسرائیل پێشبینی دەکرد لەماوەیەکی کورتدا کۆتایی بەحەماس بینێت، بە جێگایەک نەگەیشت. جیا لەوانە ئەمریکا شکستی خوارد لەوەی غەرب و یەکێتی ئەوروپا، بۆ درێژمەدا لەپشتی خۆی و ئیسرائیل رابگرێت و ئەنجومەنی ئاسایش، بەوجۆرە رازی بکات کە خوازیاری بوون. لەسەر ئاستی شەقامیش، بزوتنەوەیەکی فراوانی کریکاری و ئازادیخوازی بەرووی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێنایە مەیدان و هاوکات جارێکی تر خواستی چارەسەری کێشەی فەلەستن بووە ویردی سەدان ملیۆن ئینسانی دنیا و کۆمەڵگەی نێودەولەتی و لەوانەش زیاتر، درۆی دیموکراسی لەچاوی بێداری ئینسانیەتی ئەم سەردەمەدا، هێندە بێ ئابڕوو بووە، مناڵیکی قوتابخانەیەکی سەرەتایی پێ فریونادرێت. هەموو ئەمانە وایان کردووە ئەمریکا دەستپارێزی بکات و لەوەش زیاتر مل بە واقعیەتی داشکانی پێگەی خۆی لەسەر ئاستی دنیا و ناوچەکە بدات...
هیرشی درۆنی و ساروخی لەگەڵ ئەوەدا ریشەیان لە دۆخی ئێستادایە بەتایبەتی جەنگ لەغەززە، هاوکاتیش بەدوای ئامانجی دیاریکراوەوەیە، بەڵام لێکەوتەکانی گشتگیر و ناوچەیی و دەوڵەتی نین، بەڵکو خۆجیی و سنوردار و بەرتەسکن. هێز و گروپە ئیسلامیەکان دەیانەوێت گوشار لەسەر دەسەڵات دروست بکەن پرسی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق یەکلایی بکاتەوە، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق هەراسان بکەن کە ئەوانیش بیر لە ڕیکەوتن لەگەڵ عێراق بکەنەوە تا پرۆسیسی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانیان، بە ئاکام بگەیەنن. ئەمانەش لە بنەرەتدا خواستی ئیرانن چ وەکو دەوڵەتیک لەناوچەکەو چ وەکو براوەی ململانیی لەگەڵ ئەمریکا لە عێراقدا، کە توانیویەتی هەژموون و باڵادەستی خۆی بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵات و بریار و تەنانەت دەسەڵاتی دادوەریدا!! لە عێراقدا بسەپێنێت.
جیا لەوانە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، لە چوارچێوەی عیراقدا هێندە لە ژێر گوشار و پلیشانەوەدایە، کە هیچ رێگا و کارتێکی نەک بۆ هێرش، بەڵکو بۆ بەرگری لەخۆکردنیش لەدەستدا نییە، بۆیە بەجیا لەوەی دۆسیەی نەوت و غاز و ئابوری و دەسەڵاتی یاسایی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەوانیەکان و پرسی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان...تاد لەدەست دەرهێنراوە و بە قورسی هەناسە دەدات، لە ژیڕ رەحمەتی هێرشە درۆنیەکانیشدا هیچ توانایەکی نییە، زۆنی سەوز درۆنی تورکی و هەژموونی ئیران تەراتینی تیا دەکات و زۆنی زەردیش هەژموونی تورکی و درۆنی هیزەکانی سەر بەئیران تەراتێنی تیا دەکەن و دەسەڵاتی هەردوو لاش هاوار و داد بۆ دەسەڵاتی ناوەند دەبەن، کە بەئەرکی خۆی هەڵسێت و ئەمنیەتی سنورەکان و ئاسمانیان بپارێزێت. ئەوەش بەکردەوە دەسەڵاتی پاراستنی سنور و ئەمنیەت رادەستی بەغدا دەکاتەوە و بەکردەوەش هێزی چەکداری حزبەکان لە پرۆسیەکەدا بەرەو ئەوە پەلکیش دەکات، کە لەناو سوپاو هیزی بەرگری عیراقیدا بتوێنرێنەوە.
پارتی و یەکێتی و سەرجەم هیزەکانی بۆرژوازی کورد و نوخبەی سیاسی ناسیونالیستی، بەپێچەوانی زوربەی هیزو لایەنە سیاسیە بۆرژوازییەکانی عێراق، لە نەبوونی هیچ ئەڵتەرنایڤ و پرۆژەیەکی دیاریکراو لە سەرەتاکانی جەنگی کەنداوەوە بەشێک بوون لە پشیوازی کەرانی لە داگیرکاری ئەمریکا و غەرب و خەونی گەورەو بچوکی خۆیان بە ئەمریکاو غەربەوە بەستەوە. ئێستا کە خەریکە رۆڵ و پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەو عێراقدا بەرەو لاوازی دارمان دەچێت و ئەمریکا ناچار بە پاشەکشەکردن و کشانەوەی هێزەکانی دەکرێن، خەونەکانیان بەرەو پوکانەوەو لەگەڵ پاشەکشەی یەکجاری هیزەکانی ئەمریکاشدا، هیندەی تر توشی پشت شکان و تەریک کەوتنەوە و ناچار بە خۆبەستنەوە و ملدانی بێ ئەمما و ئەگەر بە خواستەکانی بەغدا دەبن، کە ئەوەش کۆتایی دەورەیەک و سەرەتای دەورەیەکی نوێیە.
سەرچاوە : ئاوێنە