تۆڕی جیهانیی بی بی سی ناوی 100 ژنی وەکو ژنانی کاریگەر و ئیلهامبەخشی جیهان لە ساڵی 2023ـی بڵاوکردەوە. لیستەکە ناوی کۆمەڵێک ژنی ناسراوی جیهانی تێدایە کە لە بواری جیاواز چالاکی دەکەن، لە نێویاندا ئەمەل کلۆنی، پارێزەری مافی مرۆڤ، میشێل ئۆباما، خانمی یەکەمی پێشووتری ئەمریکا، گلۆریا ستاینەم، چالاکڤانی ناسراوی بواری مافی ژنان.
لە لیستەکەدا 28 کەسایەتیی ژنی کاریگەری جیهانی تێدایە کە لە بواری ژینگە و گۆڕانکاریی کەشوهەوا کار دەکەن. یەک لەو کەسانە "بەسیمە عەبدولڕەحمان"، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای "کەسک"ـە.
ئەو ساڵی 2017 کۆمپانیای "کەسک"ـی دامەزراندووە و ئێستا بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکەیە. کەسک یەکەم کۆمپانیای تەکنەلۆژیای سەوزە لە عێراق و باشووری کوردستان و کار لەسەر پەرەپێدانی بیناسازیی گونجاو لەگەڵ ژینگە دەکات.
بەسیمە عەبدولڕەحمان ساڵی 1986 لە بەغدا لەدایکبووە. دایک و باوکی کوردن و دەگوترێت، پێشتر لە باکووری کوردستانەوە چوونەتە بەغدا. بەسیمە و خێزانەکەی لە ساڵی 2006ـەوە لە باشووری کوردستان دەژین. ساڵی 2011 بۆ خوێندن چووەتە ئەمریکا و لە بواری ئەندازیاریی بیناسازی خوێندوویەتی. دوای تەواوکردنی خوێندن، ساڵی 2015 گەڕاوەتەوە.
ئەنجوومەنی بیناسازیی سەوزی ئەمریکا ساڵی 2016، بەسیمە عەبدولڕەحمانی وەکو کەسێکی پیشەیی متمانەپێکراو ناساند.
بەسیمە عەبدولڕەحمان، لە نێوان ساڵەکانی 2019 تاوەکو 2022 ئەندامی دەستەی رێکخستنی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بووە و دوای شەڕی داعش هاوکاری نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقی کردووە.
لە ئاستی جیهاندا وەکو کەسێکی داهێنەر و خاوەنڕا لە بواری تەکنەلۆژیای سەوز دەناسرێت و بانگهێشتی زۆر کۆڕ و کۆمەڵەی نێودەوڵەتی دەکرێت.
دوای بڵاوبوونەوەی ناوی 100 ژنی کاریگەری جیهان، بەسیمە عەبدولڕەحمان لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، شانازی بەوە دەکات ناوی لە لیستی 100 ژنی کاریگەری جیهاندایە.
وێنەیەکی نەسیمە عەبدولڕەحمان لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی
دەرچاوە : ڕووداودیجیتاڵ