ئافره‌ت و به‌شداریی سیاسه‌ت

به‌درێژایی مێژووی نوێی گه‌لی كورد، به‌تایبه‌تتر له‌ شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخوازه‌وه‌، ئافره‌تی كورد به‌شداریی كارای له‌ سیاسه‌ت، خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشدا به‌ كارایی كردووه‌، هه‌م دایك بووه‌ و هه‌م پێشمه‌رگه‌، هه‌میش ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردنی خێزانی له‌سه‌ر بووه‌، ئه‌مه‌ واده‌كات بڵێین ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا پێشه‌نگ بووه‌ و ئه‌ركی جۆراوجۆری رایی كردووه‌، بۆیه‌ خاوه‌ن شانازیی زۆره‌ و نكۆڵیشی لێ ناكرێ.
بۆ سه‌ركه‌وتنی شۆڕش و حوكمڕانی وزه‌ی ئافره‌ت و پیاو پێكه‌وه‌ گرنگن، په‌راوێزخستنی هه‌ر ره‌گه‌زێكیان، كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر كاروانی خه‌بات و پرۆسه‌ی حوكمڕانی ده‌بێت، بۆیه‌ كاركردنیان پێكه‌وه‌ و به‌ یه‌كسانی هه‌م پرۆسه‌كه‌ ره‌ونه‌قدار ده‌كات، هه‌میش پێكه‌وه‌یی كاركردن تواناكان كاریگه‌رتر ده‌كات به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن.

ئافره‌تی كورد له‌ چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تیدا رۆڵی دیاری هه‌بووه‌، بۆ نموونه‌ له‌یلا قاس نموونه‌ی ئافره‌تی شۆڕشگێڕ بووه‌، بووه‌ته‌ سینبولی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌رانبه‌ر سته‌م و زۆرداری، ئه‌وه‌ی ئه‌و كردی ره‌نگه‌ بووبێته‌ نموونه‌ و پێشه‌نگ بۆ ده‌یان نه‌وه‌ی دوای خۆی له‌ ئافره‌ت و پیاو، ته‌نانه‌ت بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌یشی.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئافره‌ت كاره‌كته‌ری نموونه‌ییه‌ بۆ ئاشتی، به‌ڵام ئاماده‌یی زۆریشی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ هه‌یه‌، مارگرێتا نموونه‌ی ئافره‌تی شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو كه‌ هه‌ر زووش رۆحی خۆی بۆ كوردستان كرده‌ قوربانی.

ئافره‌تی كورد فره‌ ئه‌رك بووه‌، به‌ڵام هه‌رگیز به‌شداریی له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌ بیر نه‌كردووه‌، بگره‌ قوربانی به‌ ژیانی خۆی بۆ سه‌ركه‌وتن داوه‌، له‌و رووه‌وه‌ سه‌تان نموونه‌ هه‌ن.

توانای ئافره‌تانی كورد بۆ هاوشانی له‌ به‌شداریی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی كورد، زۆر روون و دیاره‌، به‌پێی سه‌رده‌مه‌كانیش خۆیان گونجاندووه‌، پێشتر پێشمه‌رگه‌ بوون و ئێسته‌یش له‌ كاروانی زانست و حوكمڕانیدا به‌شدارێكی كاران، ده‌یان پله‌وپایه‌ له‌ ئێسته‌ی هه‌رێمی كوردستاندا له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌ ده‌برێن.

ئافره‌ت به‌ سروشت سه‌رڕاست و متمانه‌دار و رژده‌ له‌ كاركردن، راسته‌ رێگریی زۆری هه‌یه‌، به‌ڵام ئافره‌ت رۆحی به‌ره‌نگاریشیی تێدایه‌، ویستی سه‌ركه‌وتنی تێدا زۆره‌، بۆیه‌ گرنگه‌ به‌شداریی سیاسیی زیاتر بكات، به‌سه‌ر كۆسپه‌كاندا سه‌ركه‌وێ، بیسه‌لمێنێ كه‌ توانای كاركردن و به‌ره‌وپێشچوونی زیاتره‌، ماندوو نه‌بێ، به‌ هۆشیاری و ئاگاییه‌وه‌ به‌ره‌و لووتكه‌ هه‌نگاو بنێت.

چرۆ محەمەد عومەر

 

سەرچاوە: wishe