ئاسمیلاسیۆن چییە و چۆن دێتە ئاراوە !؟

ئاسمیلاسیۆن یانێ تاواندنەوەی گرووپێک بە شوناسی جیاوازەوە لە نێو گرووپێکی دیکەدا لە ڕێگەی باڵادەستی هێژموونەوە،  یانێ پاکتاوکردن و لە ناوبردنی گروپێک بە شێوەیەک نەرم و نادیار. 
بۆ ئەم مەبەستەش یەکێک لە گرینگترین ئامانجەکان زمانە. بۆ نموونە کاتێک کە زمانی میللەتێک یاساغ بکرێت و بە کار نەبرێ، دیارە ئەو زمانە ئەکەویتە بەر مەترسی کاڵ بوونەوە و بگرە لە ناوچوون.
ڕوونە کاتێکیش زمانی نەتەوەیک لە ناو بچێ  سڕینەوەی مێژووی و یادەوەری ئەو نەتەوەیە زۆر ئاسانتر دەبێتەوە.

کاتێ کە تەواوی کەڵک وەرگرتنی مرۆڤی کورد لە زمانی دایکی تەنیا لە قسەکردنی ڕۆژانەدا بێ و پاڵپشتی نووسین و پەروەردە و بیرکردنی لە گەڵ نەبێت، وشەکان لە بیر دەچنەوە و ئەو زمانە وردە وردە بەرەو گۆڕان نگەتیڤ و  تەنانەت لەناوچوون ئەچێ.

گاڵتە و سووکایەتی کردن بە زمان، ئەبێتە هۆی هەستی خۆ بەکەم زانین، ئەو ڕەوتە تا ڕادەیەک بەرەو پێش دەچێ کە ڕێگەخۆشکەر ده‌بێت بۆ هێژموونی دەسەڵاتی باڵادەس و دور کەوتنەوە و تەنانەت نکۆڵی کردنی تاک لە ناسنامە و شوناسی سەرەکیی خۆی.
کاتێ کە مرۆڤ لە گەڵ مناڵی بە زمانێ جگە لە زمانی زگماکی قسە دەکات و زمانێ کە بیری پێ‌دەکاتەوەو خەوی پێ ئەدینێ، جیا لە زمانی خۆیەتی ئەو کەسە ئاسمیلە کراوە و شوناسی خۆی لە بیر چووتەوە.

بە پێی بڕگەی 1و2 پەیماننامەی پێشگرتن لە کۆمکوژی و سزادانی و هەروەها بڕگەی شەشی دەستووری سەرەکی دادگای سزای نێودەوەڵەتی هەر چەشنە کردەوەیەک کە بە مەبەستی پاکتاو کردن نەتەوەیەک یان بەشێک لە یەک نەتەوە یان گرووپێکی ئەتنیکی و قەومی، ئایینی، سیاسی و یان هەر تاقم و گرووپێکی تر یان دابینکردن و داسەپاندنی دۆخێک کە ئەم گرووپانە بەرەو لە ناوچوون ببات؛ کۆمکوژیە و تاوانێکی قورسی نێودەوەڵەتییە.

هەر چەشنە گوشارێک یان داسەپاندنی هەر دۆخێکی نالەبار بۆ ئەوەی تاقمێک لەناو بچێ؛ کۆمکوژی و ژینوساید دێنە ژمار.
کە وابوو دەکرێ هەر جۆرە کردارێکی نەرم و خشۆک، بە ئاراستەی ڕێگەنەدان بە پەروەردە و پەرەپێدانی کولتوور و شوناسی بنەمایی گرووپێک و هەوڵی سڕینەوە و لە بیر بردنەوەی؛ وەکوو کۆمەڵکوژی نەرم و خشۆک پێناسە بکرێ.

بە چاو خشاندنێک بە ڕواڵەتی شارێک و سیستمی پەروەردە لەو شارەو لە کومەڵگادا و ڕامانێکی قووڵ و ویژدانی لە سیمای کۆمەڵگادا دەکرێ نموونەی ئەم تاوانە نەرم و خشۆکە بۆ هێدی هێدی پاکتاوکردنی نەتەوەیەک هەست پێ بکرێ.

 

ئەشکان باوەڕ