حسێن مەحمود
ئاسایشی ڕوح چەمکێکی مۆدێرنە لەبەکارهێنانی فەلسەفی و کۆمەڵناسیدا ، پەیوەندیدارە بە خودی مرۆڤ و چۆنیەتی پەرچەکردار لەبەرامبەر هەڕەشەوئاڵنگاریەکان . ئاسایشی ڕوح واتا ئینسان هەست بەئارامی بکات و هیچ هەڕەشەیەکیشی لەسەرنەبێت ، هاتوچۆکردنی ڕوحە لەنێوان دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئازایەتیدا ، چونکە زۆر جار ئازایەتی ئاسایشی روح مەیسەر دەکات .دوو مەرجی سەرەکی هەن بۆ جێبەجێبون وفەراهەمبونی ئاسایشی ڕوح ئەوانیش بریتین لە نەمانی سەرچاوەی هەڕەشەو ترس و هەبونی ئازایەتی.
مرۆڤ بۆ ئەوەی ڕووبەڕوی جەبری پۆلەتیک وجەبری سروشتی بێتەوە ، پێویستی بەبڕێکی باش لەئازایەتیە . بەوەدا کە مەترسیە سیاسی و سروشتیەکان تاڕادەیەکی زۆر بەجیهاندا بڵاوبونەتەوەو شێوەیەکی گشتی و یونیڤێرساڵیان وەرگرتووە ، ئازایەتی لەهەموو کات پتر پێویستە. بەپێی بۆچون و هاوکێشەی (ئەپیکۆر) ، زیادبونی مەعریفە مرۆڤ ڕزگار دەکات لەترس ،بونی مەعریفە لای ئەم فەیلەسوفە پێشمەرجی سەرەکیە بۆ دەربازبون لەوەهم . مرۆڤ لەشتێک دەترسێ کەهیچ مەعارفێکی لەبارەوە نیە. بۆنمونە هەورە بروسکە کەڕوداوێکی سروشتی و ترسناکە کاتێک کە مرۆڤ مەعریفەی هەبێ لەسەر چۆنیەتی دروست بون و خۆپاراستنی ، هەست بە دڵنیایی زیاتر دەکات .مرۆڤ لەو کاتەدا ئاسایشی ڕوحی دەکەوێتە تەڵەزگەوە کە ڕوبەری نەزانراوو نەبینراو گەورەبن. هەرلێرەشەوە ئەو ڕاستیە سوکراتیە باشتر ڕون دەبێتەوە کەتاوەکو مەعریفە زیاتر بێت ، جەهلیش زیاتر دەبێت. بەگوتەی( صادق النهیوم ) جەهلیش وەک مەعریفە توانای هەیە بەبێ سنورو ناکۆتا زیاد بکات . بەهۆی مەعریفەی زانستیەوە ، ڕوبەری نەزانینمان بۆ گەردون زیاتر بووە ،تێوری فرەگەردونی ودۆزینەوە نوێیەکانی فیزیای گەردونی هاوشانەبە نەزانینی پتر، چونکە هەمیشە ڕوبەری نەزانین گەورەترە لەڕوبەری زانین ، هەمیشە نادیار فراوانترە لەدیار. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە هاوکات لەگەڵ کەمتوانایی لەتێگەیشتنی سروشت و لە بەردەوامی جەنگ و ململانێ و کوشت و کوشتاردا مرۆڤ چۆن ئاسایشی ڕوحی بەدەست دێنێ؟ ئاسایشی ڕوحی ئەوەنیە کەمرۆڤ تەواو لەژینگەیەکی ئەمن و ئاسایشدا بژی ، بەڵکو ئەو ژینگەیە پابەستی تواناکانیەتی و دەبێ خۆی دروستی بکات.
بۆ بەرگوزاربونی ئاسایشی ڕوح مەرجێکی سەرەکی هەیە ئەویش بریتیە ئازایەتی (ئەنتۆلۆژی) واتا وجودی ، ئەگەر ئەم ئازایەتیە نەبێت مرۆڤ لەهیچ شوێنێکدا هەست بە ئارامی وتەناهی ناکات. ئەوەی ئازایەتی وجودی نەبێت هەرگیز ناتوانێ وەسیەتەکەی ( کانت )ی فەیلەسوف جێبەجێ بکات لەبەکارهێنانی عەقڵدا. ڕاستگۆیی خاڵێکی بنەڕەتی ئازایەتی وجودیە .ئەوەی ئازایەتی وجودی نەبێت بەزەحمەت دەتوانێ بیربکاتەوەو هەڵس وکەوت بکات ، بەزەحمەت قوڵ دەبینێت و بەزەحمەت فێر دەبێت .ئازایەتی وادەکات لەتاریکیدا ڕۆشنایی بەدی بکەیت ، ڕۆشنایش واتا هەڵماڵینی ماسک و بینینی حەقیقەت ، واتا سەرەتای هەنگاونان بۆ گۆڕانکاری و سەرەتای دابینکردنی ئاسایشی ڕوح. ئەگەر گوزارەیەک لە ( ڤیکتۆر فرانکل ) ی دەرونناس بخوازین کەباس لەچارەسەر بەمانا دەکات ، ئەوا هەنگاوێکی گرینگە بۆ دۆزینەوەی مانایەکی ئینسانیترو قوڵتر بۆ ئازادی و بۆ ئیرادەو بۆ ئازایەتی ،تاکو ئاسایشی ڕوح باشتر فەراهەم ببێت.
سەرچاوە : خەندان