ئاسایش لە رێگای بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆر و فشارەوە رێگای نەدا لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق یاداشتێک دژی تورکیا بخوێنرێتەوە

 

 

ئەمڕۆ دوو شەممە پێش کاتژمێر ١ی پاشنیوەرۆ هێزێکی زۆری ئاسایش سلێمانی چواردەوری نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی دەگرن بۆ رێگا گرتن لە خوێندنەوەی یاداشتێک و پێشکەشکردنی بە پەرلەمانتارانی عێراق لە دژی هاتنی ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق و کوردستان.

لەگەڵ گردبوونەوەی چالاکوانان کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک رۆشنبیر و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان و هاوکات ژمارەیەک رۆژنامەنووس و کەناڵی میدیاش کە بۆ رووماڵکردنی چالاکییەکە هاتبوون، هێزەکانی ئاسایش بە پاڵ و دەنگ بەرزکردنەوەو هەرەشەی دەستگیرکردن کەوتنە دەرکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنووسان لە بەردەم بینایەی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق کە ئێستا لە سەرو ئەمنە سورەکەوەیە لە ناو رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت.

هێزەکانی ئاسایش بە زۆر و پاڵ نان و هەڕەشەکردن چالاکوانەکان و رۆژنامەنووسانیان دەرکرد و نەیانهێشت چالاکییەکە سازبکرێت و لەو نێوەدا کێ گفتوگۆی لەگەڵدا بکردنایە، هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لێدەکردن و رۆژنامەنووس شوان محەمەد و چالاکوانان ستارە عارف و پەروا عەلی کە پەرلەمانتاری خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بوو، خرانە ئۆتۆمبیلی دەستگیرکردنی ئاسایشەکانەوە و بەماوەیەک لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا هێڵرانەوەو دواتر برانە شوێنێکی دوور لە جێگای چالاکییە ئازاد کران.

ئەو دەستەیەی کە ئەم چالاکیەیان سازکردبوو کە ناویان " دەستەی پارێزگاریی لە سەروەریی نیشتمان " لە دوای رێگاگرتن لە گردبوونەوەکە لە راگەیاندنێکدا کە کۆپیەکی دەست " سپی " کەوتووە دەڵێن" بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین، کە ئەم جۆرە ڕێگرییانە دیوێکی تری پێشوازیی و هەڵواسینی ئاڵای تورکیایە لە هەولێر و ڕێگەخۆشکەرە بۆ بەردەوامیی پێشێلکاریی و هێرشەکانی سوپای تورکیا".

هەروەها ئەو دەستەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمڕۆ بەمەبەستی ئاڕاستەکردنی یاداشتێک بۆ ئۆفیسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری سلێمانی، " لەسەر پێشێلکاری و تاوانی سوپای تورکیا لە بەزاندنی سنور و داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان و بۆمبارانکردنی شاخ و گوند و دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، کوشتنی خەڵکی سڤیل لە گوند و شارۆچکەکانی کوردستان، مەترسی فراوانبوونی ئەو داگیرکارییانە لەپاش هاتنی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگرییان کرد و ڕێگەیان نەدا یاداشتەکە ئاڕاستەی ئۆفیسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سلێمانی بکەین".

سەرچاوە : سپیمیدیا