ئەمڕۆ دوو شەممە پێش کاتژمێر ١ی پاشنیوەرۆ هێزێکی زۆری ئاسایش سلێمانی چواردەوری نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی دەگرن بۆ رێگا گرتن لە خوێندنەوەی یاداشتێک و پێشکەشکردنی بە پەرلەمانتارانی عێراق لە دژی هاتنی ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق و کوردستان.
لەگەڵ گردبوونەوەی چالاکوانان کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک رۆشنبیر و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان و هاوکات ژمارەیەک رۆژنامەنووس و کەناڵی میدیاش کە بۆ رووماڵکردنی چالاکییەکە هاتبوون، هێزەکانی ئاسایش بە پاڵ و دەنگ بەرزکردنەوەو هەرەشەی دەستگیرکردن کەوتنە دەرکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنووسان لە بەردەم بینایەی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق کە ئێستا لە سەرو ئەمنە سورەکەوەیە لە ناو رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت.
هێزەکانی ئاسایش بە زۆر و پاڵ نان و هەڕەشەکردن چالاکوانەکان و رۆژنامەنووسانیان دەرکرد و نەیانهێشت چالاکییەکە سازبکرێت و لەو نێوەدا کێ گفتوگۆی لەگەڵدا بکردنایە، هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لێدەکردن و رۆژنامەنووس شوان محەمەد و چالاکوانان ستارە عارف و پەروا عەلی کە پەرلەمانتاری خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بوو، خرانە ئۆتۆمبیلی دەستگیرکردنی ئاسایشەکانەوە و بەماوەیەک لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا هێڵرانەوەو دواتر برانە شوێنێکی دوور لە جێگای چالاکییە ئازاد کران.
ئەو دەستەیەی کە ئەم چالاکیەیان سازکردبوو کە ناویان " دەستەی پارێزگاریی لە سەروەریی نیشتمان " لە دوای رێگاگرتن لە گردبوونەوەکە لە راگەیاندنێکدا کە کۆپیەکی دەست " سپی " کەوتووە دەڵێن" بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین، کە ئەم جۆرە ڕێگرییانە دیوێکی تری پێشوازیی و هەڵواسینی ئاڵای تورکیایە لە هەولێر و ڕێگەخۆشکەرە بۆ بەردەوامیی پێشێلکاریی و هێرشەکانی سوپای تورکیا".
هەروەها ئەو دەستەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمڕۆ بەمەبەستی ئاڕاستەکردنی یاداشتێک بۆ ئۆفیسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری سلێمانی، " لەسەر پێشێلکاری و تاوانی سوپای تورکیا لە بەزاندنی سنور و داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان و بۆمبارانکردنی شاخ و گوند و دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، کوشتنی خەڵکی سڤیل لە گوند و شارۆچکەکانی کوردستان، مەترسی فراوانبوونی ئەو داگیرکارییانە لەپاش هاتنی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگرییان کرد و ڕێگەیان نەدا یاداشتەکە ئاڕاستەی ئۆفیسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سلێمانی بکەین".
سەرچاوە : سپیمیدیا