ئازاد عەبدولواحید نووسەر و وەرگێڕ و توێژەر و ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری گۆڤاری )ڕامان( كاك ئازاد عەبدولواحید بەسەر دەكەینەوە. ناوی تەواوی ئازاد عەبدولواحید كوڕی حەمەسدیقی باخچەوانە، باپیری كوڕی )عەبدوڵا بەگیخانی(یە، هەرچەندە باوكی كۆییە، بەڵام دایكی هەولێرییە، لە كاتی لە دایكبوونی، باوكی دایكە هەولێرییەکەی دەباتەوە ماڵی خەزوری کە لە تەیراوە بوون، لەوێ دایان دەنێ، بۆیە لە گەڕەكی تەیراوە لە شاری هەولێر لە ڕۆژی 17 / 5/ 1958 لە دایك بووە. لای هەموومان ڕوون و ئاشكرایە كە ڕێكخستنەكانی مەدەنی و سەربازی پارتی دیموكراتی كوردستان بنچینەی بزووتنەوەی چەكداری شۆڕش 11ی ئەیلوولی ساڵی )1961(ە، باوكی كاك ئازاد عەبدولواحید لە سلكی سەربازی لە ڕێكخستنە نهێنییەكان - كەرتی سەربازی لێپرسراوی هێڵێكی گرنگ بووە و نەیویستووە بەشداری شەڕ بكات، بە فێڵی نەخۆشی چووەتە نەخۆشخانەی ڕەشیدی سەربازی لە بەغدا، بەڵام دیارە لەوێ ناسیویانە و كوشتوویانەو لە شەهادەی وەفاتەكەی نووسراوە خوێنی ژەهراوی بووە. ئەو كات ماڵیان لە )حبانیە( بووە، )حەمەسەعید تەماتە( كە خاڵی باوكی بووە، ماڵەکەیان دەهێنێتەوە هەولێر بۆ ماڵی باپیری، واتە ماڵی باوكی دایكی، باوكی لە سەرەتادا لە حیزبی تەحەڕوڕ بووە، كە ڕووكارێكی حیزبی شیوعی عێراقی بووە، لە پاش كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان. دۆستایەتی لەگەڵ شاعیر و ڕۆشنبیرانی كۆیە، وەكوو دڵزار و دڵدار و تایەر تۆفیق و سامی عەوداڵ و عوسمانی مام یحیا و كەریم شارەزا و جەلال جۆبار و عەبدولكەریم شێخانی و جابر پیرداود و زۆرانی دیکەدا هەبووە. لە سالی 1963 بە حوكمی وەزیفەی مامی ماڵیان دەچێتە بەغدا لە ناوچەی )علویة( دەگیرسێنەوە، دواتر لە گەڕەكی )باب الشیخ(، لە تەنیشت مەرقەدی شێخ عەبدولقادری گەیلانی نیشتەجێ دەبن، دیسان ماڵیان دەگوازرێتەوە گەڕەكی )ڕخێتە( لە وێ دەچێتە قوتابخانەی )ابی تمام( کە لە شەقامی ئەبو نەواس بووە، تا پۆلی چواره م لەوێ دەخوێنی، ئەوجا ماڵیان دێتەوە هەولێر و لە قوتابخانەی )الاخوة( لە سەر ڕێگای عەنكاوە بە زمانی عەرەبی دەخوێنێ. لە ساڵی 1968 دیسان دەگەڕێنەوە بەغدا و لە ناوچەی
)النهضة( لە گەڕەكی )الخندق( نیشتەجێ دەبن و دەچێتە قوتابخانەی )ئیبن سینا(، پۆلی پێنجەم تەواو دەكات و دەگەڕێنەوە هەولێر، لە قوتابخانەی خەبات پۆلی شەشەم تەواو دەكات، كاك ئازاد عەبدولواحید لە تەواوكردنی قۆناغی سەرەتایی ماندوو بووە و دەردەسەرییەكی زۆری چەشتووە، جگە لە سەختی ژیان لە بەغدا لە ساڵەكانی شەستەكان، بەڵام سوودیشی بۆ ئەو هەبووە كە هەر زوو زۆر باش فێری زمانی عەرەبی بووە و دواتر بۆ خوێندنەوەی خۆی سوودی لێوەرگرتووە. قۆناغی ناوەندی لە ناوەندی سەلاحەددین و ئامادیی لە ئامادەیی هەولێر تەواو دەكات و وەك فەرمانبەر لە ئەمیندارێتیی گشتیی شارەوانی و گەشتوگوزار دادەمەزرێ، ئەم جارەیان دیسان دەكەوێتە ژێر چاودێری ڕژێمی بەعس، ئیدی ناچار دەبێت خۆی بگوازێتەوە )هەیئەی گشتی كشتوكاڵ و ئاودێری(ی سولەیمانی بە وەزیفەی )مدقق مالي( دەست بەكار دەبێت.كاك ئازاد عەبدولواحید لە تەمەنی 16 ساڵییەوە دەستی بە نووسین كردووە، یەكەمین بەرهەمی بە ناوی )گراهام گرین(ی ڕۆماننووس لە ڕۆژنامەی )هاوكاری(دا باو كردووەتەوە، دووەم نووسینیشی لە بارەی )چیخەڤ( هەر لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاوكردووەتەوە. لە ساڵی 1976 یەكەم بەرهەمی خۆی بە ناوی )ئەختەر شاعیری جوانی و دڵداری( چاپ كردووە كە نووسەری گەورەی كورد مەحموود زامدار پێشەكی بۆ نووسیوە، ناوبراو لە زۆربەی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردی و عەرەبییەكاندا بەرهەمی جۆراوجۆری لە بواری لێكۆڵینەوە و وەرگێڕان و ڕەخنە و ساغکردنەوەی دیوانی شاعیرانیش هەتا شوێنەواریش بڵاكردووەتەوە، نووسەر بەرهەمی خۆی لەم گۆڤار و
ڕۆژنامانەدا بڵاوكردووەتەوە )ڕۆشنبیری نوێ، بەیان، ڕۆژی كوردستان، هاوكاری، الأقام، التآخي، العراق، خەبات، طریق الشعب، الفكر الجدید، پرۆژە، پاشكۆی عێراق، كادیر، كاروان، ڕامان، برایەتی، كوردستانی نوێ، المواطن، گوڵان، گوڵانی عەرەبی، تریفە، نواڵە، چاودێر، دیموكراتخوازان...(.
لە ساڵی 1994 لە بڵاوكراوەی گوڵان وەكوو نووسەر - موحەریر دەست بەكار بووە و لێپرسراوی ڕادیۆی گوڵان بووە، لە 11 / 6/ 1996 لەگەڵ دەركردنی یەكەمین ژمارەی گۆڤاری ڕامان وەكوو بەڕێوەبەر و لێپرسراوی یەكەمی ئەو گۆڤارە دەست بەكار بووە كە تا ئێستا )294( ژمارەی لێ دەرچووە كە بە یەكەمین گۆڤاری هزری و كولتووری و ئەدەبی و ڕەخنەیی دەژمێردرێت. كاك ئازاد عەبدولواحید لە كاتی نهێنییەكان بەردەوام وتار و لێكۆڵینەوەی بە ناوی خوازراو )مستعار( بۆ بڵاوكراوەكانی شاخ ناردووە بە ناوەكانی )تەوار، ژیوار، واژام( كە ئەمانە هەر سێكی ناوی منداڵەكانیەتی )خوا تەمەن درێژیان بكات(. ناوبراو یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و دوو ساڵ لە لێژنەی ئامادەكردن و دوو ساڵیش لە ئەنجوومەنی سەندیكاكە بە خۆبەخشی كاری كردووە. ناوبراو جگە لە نووسین لە بەستنی كۆڕ و كۆبوونەوەكان بەردەوام بووە بۆ ناساندنی بەرهەكانی و بۆ ئەو جموجووڵانەی كە یەكێتیی نووسەرانی كورد چ لە ساڵیاد، یان لە ڕێز لێنانی نووسەر و شاعیران بەستوویانە، كاك ئازاد عەبدولواحید لە ساڵی 1976 یەكەمین كۆڕی بۆ ڵێكۆلینەوە و شیكردنەوە و شرۆڤەكردنی سێ دیوانی شیعری شاعیری گەورەی كورد عەبدوڵا پەشێو سازکردووە كە ڕەوانشاد عەبدولغەنی عەلی یەحیا پێشكەشكاری كۆڕەكە بووە.ئەو زیاتر لە ٥٠ ساڵە خزمەتی ئەدەب و زمان و وشەی كوردی كردووە و دەكات، زیاتر لە )42( كتێبی بە چاپ گەیاندووە و )12( بەرهەمیشی ئامادەیە بۆ لە چاپدان، وا لە خوارەوە هەندێكیان دەخەینە ڕوو، بەرهەمەكانی کە لە چاپی داون ئەختەر )شاعیری جوانی و دڵداری( ساڵی 1976، هەولێر لە سەر ئەركی خۆی لە چاپی داوە، أضمام قزحیة من الشعر الكردي الحدیث، بەغدا چاپخانەی الحوادث ساڵی 1980 لە سەر ئەركی كتێبخان هی ئاسۆ لە كەركوك )160( لاپەڕەیە، دیوانی شێخ نووریی شێخ ساڵح بەرگی یەكەم، بەغدا، ساڵی 1985 لە سەر ئەركی نووسەر چاپكراوە )356( لاپەڕەیە، بەرگی دووەم بەغدا، ساڵی 1989 چاپخانەی دار الجاحظ، لە سەر ئەركی دەزگای ڕۆشنبیریی و بڵاوكراوەی كوردی، چاپخانەی دار الجاحظ )584( لاپەڕەیە، بەرەو یەكگرتنەوەی دامودەزگاكانی ڕاگەیاندنی كورد، سولەیمانی چاپخانەی شەهید ئازاد، چاپی یەكەم، ساڵی 1992، لە چاپكراوەكانی پارتی سەربەخۆیی دیموكراتی كوردستان )پاسۆك(، ) 100 ( لاپەڕەیە، پشكۆ و خۆڵەمێش، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری 1997، )300( لاپەڕەیە، كولتوور و ناسنامە، هەولێر ساڵی 2011 چاپخانەی ڕۆشنبیری ) 250 لاپەڕەیە، تاد....(. كاك ئازاد عەبدولواحیدی نووسەر و توێژەر و وەرگێر و ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنووس ئێستا جێگری سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كوردە/ مەڵبەندی گشتی و بەڕێوەبەر و سەرنووسەری گۆڤاری )ڕامان(ە.
سەرچاوە: خۆم و ئەستێرە گەشەكان- نەجمەدین عەزیز سمایل