دوێنێ چوارشەممە 2022/3/16 بۆ یادی ھەڵەبجەی شەھید، کۆمەڵەی کوردی لە شاری دورین بەهاوکاری ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانیی و کەلتور لە چالاکییەکی بێ وێنەدا کە جیاواز لە یادەکانی پێشووتر کە بریتیبوو لە کردنەوەی پێشانگای کتێب بۆ بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای بەدرخان و دەزگاکانی دیکەی چاپ و بڵاوکردنەوەو، پێشکەشکردنی چەند پارچە موزیکێک تایبەت بوو بەو رۆژە خەمناکە، کە لە لەلایەن هونەرمەندی موزیکوانی لێهاتووی کورد ئالان عارف کە چەندین ساڵە لە خزمەتی هونەر و کەلتوری کوردی بێ پەروا خزمەتی کردوە، لەپاشان وتەی کۆمەڵەی کوردی لە شاری دورین، لەلایەن خاتوو دڵسۆز عەزیز کە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی دورینە و لە وتەکە بەنرخەکەییدا گوتی، ساڵانە یادی هەڵەبجە دەکەینەوە و پێداگری لەوەکردەوە کە پێویستە گەلی کورد لەهەموو شوێنێکی ئەم دونیایە هەوڵەکانی یەکبخات و دەنگی بگەیەنێتە گەل و وڵاتان، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەو یادانە بەردەوامبێت.
لەپاشان حەمید ئەبوبەکر بەدرخان لە ووتەیەکی کراوە و بێ پەروا قسەی لەسەر برینی 34ساڵەی هەڵەبجەی شەهید داناو گوتی: «بە پێویستی دەزانین پاش 34 ساڵ لە کیمیابارانی شاری شاران هەڵەبجە بەچەکی کیمیاوی کە قەدەغەکراوی نێودەوڵەتییە، بۆیە ناکرێت و نابێت هەر گریان و نورکانەوە و لاساییکردنەوەی ساڵانی پێشووبێت، پێویستە لەمڕۆ بەدواوە لۆبی بکەین و بچینە نێو هەموو ماڵێک لە ئەوڕوپاو ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەداتا و زانیاری پێیانبڵێین ئەوە کۆمەڵگای ئێمەیە کەوتۆتە بەر شاڵاوی قڕکردن و لە نێوبردن، پێش 34 ساڵ لە هەڵەبجە و عەفرین و شەنگال، کوردان لە نێوبراون و جینۆساید کراون و بەدرێژایی مێژوو لەنێودەبرێین و کەسیش داکۆکیمیان لێ ناکات و بەدەستەڵاتی خۆماڵی کوردیشمان گوت، شوورەییە، تەنیا لە 03/16 ئەو شارەتان بیردەکەوێتەوە ...».
لەپاشان بەڕێز بارزان کاکە سور کەسایەتی دیاری کورد لە ئەڵمانیا کە لەهەمانکاتیشدا بەڕێوەبەری کەناڵی نیشتمانە لە ئەڵمانیا، تیشکی خستەسەر یەکگرتووی کوردان و موژدەی ئەوەی بە ئامادەبوواندا کە بەمزوانە تەلەفزیۆنی نیشتمان دوور لە وابەستەبوون بە هیچ ئایدۆلۆژیایەک کارەکانی پەخش دەکات... هەر لەویادەدا بەڕێز ڤینە سیمۆن بەرپرسی کەلتوری شاری دورین لە وتەیەکی بەزمانی ئەڵمانی هاوخەمی خۆی گەیاندە گەلی کورد و پارێزگای هەڵەبجە.
لە کۆتاییدا دڵسۆزخان بەچەند پارچە شیعرێک و بەڕێز فەنەر عەبدولڕەحمان تیشکیان خستە سەر ئایندەی کورد و یەکگرتوویی کوردان لە تاراوگە.
بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆڤید 19 ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانیی و کەلتور کە ساڵانی 2020 و 2021 نەیتوانیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخان سازبکات، میدالیا و خەڵاتی ساڵی پێشکەش بە هونەرمەند ئالان عارف کرد.
بەهیواین لە ساڵانی ئایندە ئەو جۆرە چالاکیانەی بەردەوامی هەبێ.