ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی بەفرانبار، لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری مەهاباد لەلایەن مەڵبەندی هونەریی "محەمەدی ماملێـ"ـیەوە خەڵاتی ساڵانەی ئەو مەڵبەندە بەخشرایە "کاوە فەقێزادە"، هونەرمەندی ئاوازدانەر و ژەنیاری ناسراوی کورد.
ڕێوڕەسمەکە بە بەشداری و ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە هونەرمەندان، نووسەرانی کورد و بنەماڵەی محەمەدی ماملێ لە شاری مەهاباد بەڕێوە چوو و خەڵاتەکە لەلایەن کەسێک لە بنەماڵەی مالێیەوە پێشکەش بە کاوە فەقێزادە کرا و پاشان لە چەند بڕگەیەکی ئەدەبی و هونەریدا شیعر و گۆرانی و وتار پێشکەش کرا.
خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی ١٣ ساڵە چالاکە و لەلایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێیەوە ساڵانە پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوویینەناس و تێکۆشەرانە دەکرێت کە خزمەتی هونەری کوردییان کردووە و گەشەیان پێ بەخشیوە.
لە ساڵانی ڕابردوو خەڵاتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ بە هونەرمەندانی کورد وەک: قادر عەبدوڵازاداە (قالەمەڕە) – ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری) – عەباس کەمەندی – عەزیز شاهڕوخ - ناسر ڕەزازی – زۆزان – تیپی مۆسیقای سلێمانی – مەزهەر خالقی – خەلیل غەمگین – حوسێن سەفامەنێش – محەمەدڕەزا دارابی و دڵشاد سەعید، بەخشراوە.
کاوە فەقێزادە، هونەرمەندی ئاوازدانەر، ژەنیار و مامۆستا و توێژەری مۆسیقایە و ساڵی ١٩٧١ی زایینی، لە شاری مەهاباد لەدایک بووە و شارەزاییەکی زۆری لە بواری ئاواز و مۆسیقای کوردیدا هەیە و بە شێوەی ئەکادیمیک زۆر کاری لەسەر ئاواز و مۆسیقای فۆلکلۆر، بەیتە کوردییەکان کردووە و هەروەها خاوەنی چەند کتێبێکی بواری مۆسیقایە و بەڕێوەبەری ئۆرکێسترای سەمفۆنیکی موکریانە.
سەرچاوە: نانوەندی نووسەرانی کورد