خەڵاتی ساڵانەی محەمەدی ماملێ بەخشرایە هونەرمەند کاوە فەقێ‌زادە

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی بەفرانبار، لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری مەهاباد لەلایەن مەڵبەندی هونەریی "محەمەدی ماملێـ"ـیەوە خەڵاتی ساڵانەی ئەو مەڵبەندە بەخشرایە "کاوە فەقێ‌زادە"، هونەرمەندی ئاوازدانەر و ژەنیاری ناسراوی کورد.

ڕێوڕەسمەکە بە بەشداری و ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە هونەرمەندان، نووسەرانی کورد و بنەماڵەی محەمەدی ماملێ لە شاری مەهاباد بەڕێوە چوو و خەڵاتەکە لەلایەن کەسێک لە بنەماڵەی مالێیەوە پێشکەش بە کاوە فەقێ‌زادە کرا و پاشان لە چەند بڕگەیەکی ئەدەبی و هونەریدا شیعر و گۆرانی و وتار پێشکەش کرا.

خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی ١٣ ساڵە چالاکە و لەلایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێیەوە ساڵانە پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوویینەناس و تێکۆشەرانە دەکرێت کە خزمەتی هونەری کوردییان کردووە و گەشەیان پێ بەخشیوە

لە ساڵانی ڕابردوو خەڵاتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ بە هونەرمەندانی کورد وەک: قادر عەبدوڵازاداە (قالەمەڕە) – ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری) – عەباس کەمەندی – عەزیز شاهڕوخ - ناسر ڕەزازی – زۆزان – تیپی مۆسیقای سلێمانی – مەزهەر خالقی – خەلیل غەمگین – حوسێن سەفامەنێش – محەمەدڕەزا دارابی و دڵشاد سەعید، بەخشراوە.

کاوە فەقێ‌زادە، هونەرمەندی ئاوازدانەر، ژەنیار و مامۆستا و توێژەری مۆسیقایە و ساڵی ١٩٧١ی زایینی، لە شاری مەهاباد لەدایک بووە و شارەزاییەکی زۆری لە بواری ئاواز و مۆسیقای کوردیدا هەیە و بە شێوەی ئەکادیمیک زۆر کاری لەسەر ئاواز و مۆسیقای فۆلکلۆر، بەیتە کوردییەکان کردووە و هەروەها خاوەنی چەند کتێبێکی بواری مۆسیقایە و بەڕێوەبەری ئۆرکێسترای سەمفۆنیکی موکریانە.

 

سەرچاوە: نانوەندی نووسەرانی کورد