دڵشاد كاوانی نووسه‌ر و ڕۆماننووس، یه‌كێكه له‌و نووسه‌ره گه‌نجه دیارانه‌ی كورد كه به گڕوتینێكی زۆره‌وه هاته ناو دنیای نووسین و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا جێپه‌نجه‌ی خۆی له ئه‌ده‌بیات ده‌رخست، به‌تایبه‌تی له ڕۆمانی "به‌ڕێگاوه" كه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی به‌دوای خۆی داهێنا، له‌م ڕۆمانه‌دا به هۆی ده‌رخستنی فۆڕمی سادیستییه‌وه، توانی به‌ته‌واوی خۆی له ڕۆماننووسانی پێشتر جیا بكاته‌وه و هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی بنێته‌وه.
"دڵشاد كاوانی" له‌دایكبووی ساڵی 1978ی شاری قه‌زوێنی ئێرانه، به‌شداری چه‌ندان فێستیڤاڵی ئه‌ده‌بی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كردووه، نووسه‌ر براوه‌ی 10 خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی و نۆ بڕوانامه‌ی ڕێزلێنانه و به زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی فارسی و ئینگلیزی، به‌رهه‌م و نووسینی بڵاو كراوه‌ته‌وه. بۆیه به پێوستمان زانی له‌باره‌ی پرۆسه‌ی نووسین به گشتی و ئه‌زموونی نووسه‌ر ئه‌م گفتوگۆیه‌ی له‌گه‌ڵ ساز بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر له‌وه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین نووسین چییه و بۆ ده‌بێت بنووسین؟
نووسین ئه‌و پرۆسه به‌رده‌وامه‌یه كه درێژه به مانه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌دات، واته نه‌مری ڕاسته‌قینه له نووسیندایه، ده‌رخستنی ناوه‌وه‌ی مرۆڤه، ئه‌وه‌ی نه‌نووسێت به‌ڕاستی ده‌مرێت، چونكه هیچ شتێك له دوای خۆیه‌وه جێناهێڵێت، دواجار ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌و نووسینه‌یه كه له‌دوای خۆمان جێ ده‌مێنێت، ده‌شێت وا وێنا بكه‌ین نووسین ئاوێنه‌یه‌كه دنیای ناوه‌وه‌مان بۆ ده‌ره‌وه سكرین ده‌كات و به دنیای ده‌ره‌وه ئاشنای ده‌كات. بۆیه‌شه ئه‌مه باشترین ڕێیه بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت له پشتی هه‌ر كه‌سێكه‌وه چی هه‌یه و له ناخی هه‌موو نووسه‌رێك داهێنانێك هه‌یه و له ناو هه‌ر مرۆڤێكدا نووسه‌رێك هه‌یه، لێ له هه‌ندێكیان ترسنۆكن ناتوانن خۆیان ده‌ربخه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆی ده‌رده‌خات ئه‌وه كه‌سه ئازاكانی ناو ناخی نووسه‌ره خۆی ده‌نووسێته‌وه.
كه‌واته ده‌ته‌وێ بڵێیت نووسین ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌سته به ده‌روونی نووسه‌ر خۆی، ئه‌وه‌نده پێوه‌ست نییه به ده‌ره‌وه‌ی دنیای نووسه‌ر؟
ئه‌مه دوانه‌یه‌كی له‌یه‌ك دانه‌بڕاون، ده‌بێت لای نووسه‌ر ئاوێته بكرێن، واته به جۆرێك بێت نووسه‌ر ته‌نیا به‌دوای خۆنووسینه‌وه نه‌بێت و له ژیانی دره‌وه‌ی خۆی داببڕێنێت. یان وه‌ك هه‌ندێك له نووسه‌ران ئه‌وه‌ندی خه‌ریكی نووسینه‌وه‌ی دنیای ده‌ره‌وه‌ن، له ناوه‌وه‌ی نووسینه‌كان هیچ پێگه‌یه‌كیان نه‌ماوه، ته‌نیا مژوولی كۆكردنه‌وه‌ی خوێنه‌رن، نه‌ك به جێگه‌یاندنی ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان كه درككردنیانه به حه‌قیقه‌ت. چونكه هه‌میشه داهێنان له نووسیندا واتای خوڵقاندنی حه‌قیقه‌ت بۆ ژیانكردنی مرۆڤ، یان جارێكی تر به مرۆڤكردنی مرۆڤه له هه‌ناوی نووسیندا، بۆیه هه‌میشه گوتوومه ئه‌و نووسه‌رانه سه‌ركه‌وتووترن كه له هه‌ناوی ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی گه‌له‌كه‌یان له دایك ده‌بن.
ده‌كرێت نووسین به خاڵی مانه‌وه ده‌ستنیشان بكه‌ین؟
به‌ڵێ بۆ نا. هه‌موو گه‌لان له‌ڕێی نووسینه‌وه درێژه‌یان به مانه‌وه و پێشكه‌وتن و ئاشناكردنی بیر و هزریی خۆیان داوه، توانیویانه كاریگه‌ریی خۆیان بخه‌نه سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تر و كولتوور و ژیان و مه‌عریفه‌ی خۆیان به گه‌لانی تر بناسێنن، ببنه سه‌رده‌سته‌یه‌كی مه‌عریفی به‌هێز، به دڵنیاییه‌كی زۆره‌وه ئه‌وه ده‌ڵێم ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ناو چوون و ئه‌و زمانانه‌ی بوونه‌ته لۆكاڵی و له مێژووی سه‌رگۆی زه‌وی سڕاونه‌ته‌وه و له ڕوانگه‌ی نووسینه‌وه لاواز بوون. ئه‌وانه‌یشی بوونه‌ته پێشه‌نگ و شه‌به‌نگی خۆیان به‌سه‌رجه‌م پانتایی سه‌ر زه‌وی گه‌یاند و بوونه زمانی به‌هێز و كولتووری ژماره یه‌ك و هێزی پله‌یه‌كی دنیا، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه بوون، ڕووس و ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا به نموونه، كاتێ تۆ به‌لزاك و دیستۆفیسكی و پۆستۆفیسكی و ماركیزت هه‌بێت، هه‌رگیز نامریت.
به‌پێی تێگه‌یشتن و ڕوانینی تۆ نووسین پرۆسه‌یه‌كی حه‌تمییه و به‌بێ نووسین ژیان ئه‌سته‌مه؟
هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر له دیرۆكی مرۆڤایه‌تی ورد ببینه‌وه، ده‌بینین نووسین زمانی تێگه‌یشتن بووه لای مرۆڤه سه‌ره‌تاییه‌كان. یان ده‌كارین بێژین كه نووسین واتای مانه‌وه و نه‌مرییه لای مرۆڤ، چونكه مانه‌وه‌ی مرۆڤ و بیركردنه‌وه‌ی و پێشكه‌تن و شارستیانییه‌ته‌كان هه‌ر له ڕێی نووسینه‌وه بۆ ئێمه ماوه‌ته‌وه. بۆیه‌شه سه‌یر بكه مرۆڤه‌كان سه‌ره‌تا له ڕێی هه‌ڵكۆڵین و وێنه چیڕۆكه‌وه، گوزارشتیان له بوونی خۆیان كردووه، ئه‌مه‌یش له زانستی ئاركۆلۆجیستییه‌وه به ڕوونی ده‌بینرێت، كه چۆن له زاركی ئه‌شكه‌وته‌كان و له تاشه به‌رد و تاوێره‌كان نووسینه كۆنه‌كان ده‌دۆزرێنه‌وه. دواتر بۆ سه‌ر خشت و به‌ردی به‌رهه‌مهێنراو په‌لوپۆ ده‌كێشت و ده‌گات به پێسته، ئینجا به كاوه‌خۆتر كاغه‌ز و پیتی چاپی گۆته‌مبه‌رگی دێته ناو مێژووی مرۆڤایه‌تی.
ئه‌ی ئه‌گه‌ر نووسین پرۆسه‌ی مانه‌وه بێت لای مرۆڤ، له كاتی جه‌نگ و شه‌ڕ و به‌شێكی زۆری نووسینه‌كان له ناوچوون و یان ده‌فه‌وتێن، ئه‌مه واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت پشتبه‌ستن به نووسین بۆ مانه‌وه لای مرۆڤ لاوازه؟
پرسیاره‌كه‌ت له جێی خۆیه‌تی، سه‌یر بكه هه‌ر له دیدگا ئاینییه‌كه‌یه‌وه تا فه‌لسه‌فه و مێژوو و ئه‌ده‌بیات، دوو جۆر ڕێی سه‌ره‌كی هه‌بوون بۆ گه‌یاندنی په‌یام، یه‌كه‌میان له ڕێی گوته‌وه بووه یان به نووسین، هوه‌ك چۆن سۆقرات هیچ نووسینێكی له دوای خۆی جێنه‌هێشت و قوتابییه‌كانی وه‌ك ئه‌فڵاتوون، ئه‌رستۆفانس، ئه‌كسانفون، هاتوون به نووسینه‌كانی بیر و هۆشمه‌ندی سۆقراتمان ئاشنا ده‌كه‌ن. قورئان دوای په‌یامبه‌ره‌كه‌ی ده‌نووسرێته‌وه و عیسا له ڕێی حه‌وارییه‌كانی پۆلیس و یۆحه‌نناوه ئینجیل بۆ مرۆڤایه‌تی جێ ده‌هێڵێت، كه‌واته ئه‌وه‌ی گوتراوه دیسان هه‌ر بۆ مانه‌وه‌ی نووسین به په‌ناخوازی ده‌گرێت. لێ پێچه‌وانه‌كه‌شی تا ئاستێك دروسته كه دیسان نووسینه‌كان دوای هێرشی تاریكپه‌رستانی نووسین، له ڕێی ئه‌زبه‌ركردنه‌وه پارێزراون و زۆریشیان هه‌ر فه‌وتێنراون، مێژوو ئه‌وه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن جه‌نگیزخان دوای داگیركردنی به‌غدا ده‌ریای دیجله‌ی پڕ كردووه له كتێب، یان كه ڕۆمه‌كان هاتن بۆ هه‌رێمی نێوان دوو ڕووبار و شارستانییه‌ته‌كانی ئه‌شكانی و پارته‌كانیان شێواند. یان پیاوێكی وه‌ك حه‌سه‌ن سه‌باح ڕابه‌ری حه‌شاشه‌كان، زیاتر له 300 كتێبی نووسی، دوای گرتنی ناوچه‌ی دیلمان لای ته‌تار و مه‌غۆڵه‌كان، ته‌نیا یه‌ك دوو كتێبی له فه‌وتان ڕزگار كران.
ئه‌م گورزه بۆ ئه‌ده‌بیش هه‌ر دروسته؟
بێگومان ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای شیعر له مێژووی مرۆڤایه‌تی، له پێش شیعری ئلیاده‌ی هۆمریۆس له‌وه‌پێش هیچی تر نادۆزینه‌وه. له كوردیش پێش شه‌ره‌فنامه‌ی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی كه چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك تێپه‌ڕ ناكات، له ئاست مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كی كۆنی وه‌ك كورد زۆر تازه‌یه و له‌وه پێشتر هه‌مووی فه‌وتاوه و ڕه‌نج به‌خه‌سار بووین. له ڕۆمانیش به‌هه‌مان چه‌شنه، بۆ یه‌كه‌م جار ڕۆمانی (كه‌ری زێڕین) له نووسینی نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفی ئه‌مازیغی لۆكیوس ئه‌پۆلیوس، له ساڵی (125-180ز) ئه‌گه‌رچی ڕۆمانێكی تر پێش ئه‌و هه‌یه به‌ناوی (سێریكون) له نووسینی (گایۆس پێترۆنیس ئه‌ریته‌ر) كه له ساڵی (66 ز) مردووه و ڕۆمانێكی ته‌نزئامێزه، به‌ڵام به ناته‌واوی گه‌یشتووه‌ته ده‌ستی خوێنه‌ران و زۆربه‌ی به‌شی لێ فه‌وتاوه. بۆیه ڕۆمانی (كه‌ری زێڕین) لۆكیوس ئه‌پۆلیوس، نووسه‌رێكی لاتینی و گوتاربێژێكی ئه‌مازیغیی نۆمیدییه و فه‌یله‌سووف و زانای سروشت و ڕۆماننووس و شانۆنووس و داستاننووس و شاعیر بووه، خه‌ڵكی ناوچه‌ی نۆمیدیا بووه كه ده‌كه‌وێته جه‌زائیری ئێسته. یه‌كه‌م ڕۆمانی كۆنه كه ده‌قه‌كه‌ی هیچی لێ نه‌فه‌وتابێت و وه‌ك خۆی مابێته‌وه. كه‌سی یه‌كه‌می تاك ڕووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌و شێوازه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا به‌كار هاتووه، له سه‌رده‌مه‌كانی دواتر له گه‌لێك ڕۆماندا به‌كار هێنرا و سوودی لێ وه‌رگیرا و تا ئێسته‌یش سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت.
له دوای ئه‌وه، توێژه‌رانی ئه‌ده‌بی، باسی ڕۆمانی "دۆن كیشۆت" ی ڕۆماننووسی ئیسپانی میگڵ دی سێرڤانتس ده‌كه‌ن كه به دوو به‌ش له ساڵانی (1605) و (1615) بڵاوی كردووه‌ته‌وه و به یه‌كه‌م ڕۆمانی ئه‌وروپی نوێ، به یه‌كه‌م گه‌وره‌ترین كاری ئه‌ده‌بی دنیای داده‌نێن و بۆ زۆربه‌ی زمانه‌كانی دنیا هاتووه‌ته وه‌رگێڕان. ڕۆمانی دنیای عه‌ره‌بیش هه‌مان ده‌ردی هه‌یه و ڕۆمانی ئاقیبه‌ت خێر (حسن العواقب)ی زه‌ینه‌ب فه‌واز كه له ساڵی (1899ز) ده‌رچووه، له كاتێكدا كه تا ماوه‌یه‌كی زۆر و به‌ر له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌مانه، له مێژووی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیدا، ڕۆمانی (زه‌ینه‌ب)ی محه‌مه‌د حوسێن هه‌یكه‌ل كه له ساڵی (1914ز) بڵاو بووه‌ته‌وه، به یه‌كه‌م ڕۆمانی عه‌ره‌بی ده‌زانرێت.
له‌ناو كوردیش یه‌كه‌م ڕۆمانی كوردی، له ساڵی (1935ز) له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی شه‌مۆ، له ئه‌رمه‌نستان به ناوی (شڤانێ كورمانجا) بڵاو كراوه‌ته‌وه كه به پیتی ڕووسی نووسراوه، به‌مه‌یش (شڤانێ كورمانجا) ده‌بێته یه‌كه‌م ڕۆمانی كوردی كه چاپ و په‌خش كرابێت. كه‌چی پێش ئه‌وه، ڕۆمانی (مه‌سه‌له‌ی ویژدان) كه ئه‌حمه‌د موختار جاف له ساڵانی (1927- 1928ز) نووسیویه‌تی، به‌ڵام ئه‌وكات و به هۆی نه‌گونجانی بارودۆخه‌كه، یان هه‌ر بارودۆخێكی تری پێوه‌ست به نووسه‌ره‌كه‌یه‌وه، ئه‌م ڕۆمانه چاپ نه‌كرا و به ده‌ستنووس مایه‌وه، تا دوای ساڵانی حه‌فتا، ئینجا چاپ و بڵاو كرایه‌وه. كه‌واته ده‌كرێت بڵێین فه‌وتان و له ناوچوون دوو ئه‌وه‌نده‌ی ژنراكانی تر شه‌قی له ئه‌ده‌بیات داوه و زیانی پێ گه‌یاندووه.
كه‌واته له خۆت بپرسین، ئه‌م فه‌وتان و چاپ نه‌بوونه له‌كاتی خۆیدا، له ئه‌زموونی نووسینی خۆیشت ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه؟
به‌ڵێ ئه‌مه گرفتێكی هه‌نووكه‌یی زۆربه‌ری نووسه‌رانه كه ناتوانن له كاتی خۆیدا به‌رهه‌مه‌كانیان چاپ بكه‌ن. به‌مه‌یش دوو كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌كاته سه‌ر ئه‌زموونی نووسه‌ر، یه‌كه‌میان ئه‌زموونی سه‌ره‌تایی نووسه‌ر ده‌رناكه‌وێت و بۆ توێژه‌ران و لێكۆڵه‌ران سه‌خت ده‌بێت. دووه‌م بۆ پرۆسه‌ی تێپه‌ڕاندنی ئه‌زموونی نووسه‌ر و ساردبوونه‌وه‌ی نووسه‌ره كه له كاره‌كه‌ی دروست ده‌كات. من خۆم له ساڵی 1996 كۆمه‌ڵه شیعرێكم نووسی ئه‌گه‌ر له كاتی خۆی چاپ بووایه، ڕه‌نگه ئێسته من له بری ڕۆماننووس شاعیر بوومایه، دواتر شانۆنامه‌یه‌كم نووسی پاشان كۆمه‌ڵه چیرۆكی نۆبه‌ره‌ی مه‌رگم نووسی، كه ئه‌زموونی یه‌كه‌مم بوو له چیڕۆك، كه‌چی له چاپبوونی كه‌وته دوای ڕۆمانی به‌ڕێگاوه. له كاتێك گرنگ بوو بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیم و بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌زموونی ڕۆمانی به‌ڕێگاوه، پێشتر به چاپ بگه‌یشتایه و خوێنه‌ره‌كانم به ده‌ستپێكی نووسینم ئاشنا ده‌بوون.
ئه‌گه‌ر باسی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانی به‌ڕێگاوه بكه‌ین، هه‌ست به پانتاییه‌كی بڵاو و چه‌ند جه‌مسه‌ری ناو ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌ین ئه‌مه چۆنه؟
له هونه‌ری ڕۆمانووسیدا دوو ڕێچكه‌ی هه‌ن هه‌میشه ڕۆماننووسانی جیهانی و خۆماڵی بۆ نووسینی ڕۆمانه‌كان په‌نای بۆ ده‌به‌ن، فره‌ڕه‌هه‌ندی له گێڕانه‌وه و تاكڕه‌هه‌ندییه، واتا ڕۆمانووس له‌پاڵ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوی سه‌ره‌كی ده‌توانێت چه‌ندان ڕه‌هه‌ندی تر بكاته ئامانج و نه‌ك ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی و وێناكردنی مه‌به‌ستێك بێت. وه‌ك ئه‌لبێر كامۆ گوته‌نی: ئه‌وه‌ی ڕۆمان له ژانره‌كانی تری ئه‌ده‌بی جیا ده‌كاته‌وه، فره ڕه‌هه‌ندیی له گێڕاوه‌نه‌وه‌ی ڕووداودا. ئه‌مه كه‌متر لای ڕۆمانووسانی كورد پێڕه‌و ده‌كرێت. كه‌چی مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه كه هه‌موو ئه‌و ڕۆمانانه سه‌ركه‌وتووترن كه له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان فره‌یی و هه‌مه‌چه‌شنی زێده‌تر سه‌ركه‌تووترن، له‌وه‌ی كه ڕۆماننووس یه‌خه‌ی ته‌نیا یه‌ك ڕووداو بگرێت و تا كۆتایی به دوایدا بچێت له‌به‌ر دوو هۆكار. یه‌كه‌میان: ته‌نیا ڕووداوێكی دیاری كرا‌و، خوێنه‌رێكی دیاری كراویش به سه‌رنج ده‌گرێت. دووه‌میان: ته‌نیا یه‌ك ڕووداوی گشتگیر په‌یامێكی دیاریكراویش به‌ده‌سته‌وه ده‌دات. وه‌لێ له فره ڕه‌هه‌ندی ڕووداو دا خوێنه‌ری هه‌مه ڕه‌نگ و په‌یامی فره چه‌شنیش ده‌كاته ئامانج.
كه‌واته ده‌كرێ بڵێین ڕۆمانی به‌ڕێگاوه، له ڕووی ته‌سنیفكردنی بابه‌تییه‌وه ته‌نیا ناچێته چۆارچێوه‌ی یه‌ك جۆره‌وه؟
نه‌خێر ڕۆمانی به‌ڕێگاوه ڕۆمانێكی فه‌لسه‌فی مێژوویی و ده‌روونیی فكریی و سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تییه و باس له شارستانییه‌ت و پێكدادانه ئاینی و مێژووییه‌كانی ناوچه‌كه و دنیا ده‌كات. پشت نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان و دیدگای فه‌لسه‌فی و ڕوانینه فكرییه‌كان بۆ ژیان ده‌به‌ستێت. له ئایدیاكان و تێگه‌یشتنه فه‌لسه‌فییه‌كان پشت به فه‌لسه‌فه‌ی فۆرمی ئه‌رستۆ و شیكارییه ده‌روونییه‌كانی ئۆدیب و ئه‌لیكترا و نه‌رجسییه‌تی سیگمۆند فرۆید و نكرۆفیلیا و نكرۆفلوجیای سادیستی ئه‌ریك فرۆم به‌ستراوه. به‌شێكیان بوونه‌ته ناوی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ناو ڕۆمانه‌كه‌یش، هه‌روه‌ها باس له عیرفان و ته‌سه‌وفی ئیسلامی و كاریگه‌رییه‌كانی ده‌كات و پێكدانانی ئاینه‌كان و شارستانییه‌ته زۆره‌ملێكان و تێكه‌ڵبوونی ده‌سه‌ڵات و ئاین و ململانێی نێوان ئاینه‌كان ده‌كات، له ڕێی نه‌وه‌كانی میر كه پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ن، ئه‌ویش میر خۆی جووله‌كه و شێمرازی مسوڵمان و قۆیتاسی كریستیان و ئه‌لیكترای زه‌رده‌شتی ده‌خاته ڕوو. ڕۆمانه‌كه به زمانێكی ساده و كوردییه‌كی پاراو نووسراوه، جگه له ناوه زانستی و فكرییه‌كان كه 22 په‌راوێزی بۆ كراوه، له كۆتایی ڕۆمانه‌كه فه‌رهه‌نگۆگێك به مه‌به‌ستی زانین و ئاسان تێگه‌یشتن له وشه و زاراوه ئیدیۆمه‌كان و زمان و شێوه‌زاره‌كان له فه‌رهه‌نگۆگه‌كه، 30 هه‌زار و 380 وشه‌ی تێدایه و ئه‌وه‌ی به گرنگ زانراوه واتا و لێكدانه‌وی بۆ كراوه.
له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه چۆنه؟
ده‌توانین بڵێین ئه‌م ڕۆمانه به یه‌كه‌م ڕۆمانی سادیستی كوردی خۆماڵی دێ كه ڕاسته‌وخۆ خوێن و كوشتن به‌شێكی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه پێك دێنێ، ده‌توانرێ به‌شی یه‌كه‌م به په‌تا و نه‌خۆشی دیاری بكرێ، له‌م به‌شه‌دا كێشه‌كانی ناو ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه به‌ره‌و ئاڵۆزبوون ده‌چن. له به‌شی دووه‌میشی به گرێ ده‌روونییه‌كان و خوو و ئولفه‌تگرتن به خوێن و تووشبوون به نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانی وه‌ك نكرۆفیلیا مه‌رگدۆستی، نكرۆفلوجیا، دڕه‌نده‌بوون و سادیستی عاشقبوون و خووگرتن به ئازار و خوێنڕشتن. له كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌دا ئاكامی پێكدادانه‌كان هه‌موویان هه‌ره‌س دێنن، په‌شیمانی و گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌چه‌ڵكی مرۆڤبوون كۆتایی ڕووداوه‌كه‌یه. ڕۆمانه‌كه باس له چه‌ند هه‌رێمێكی جیاواز ده‌كات كه پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن و به خه‌یاڵ و فانتازیا ڕازێنراونه‌ته‌وه، به‌شێكی زۆری ڕۆمانه‌كه پێك ده‌هێنێت، جگه له‌مه هه‌ژاری و چه‌رمه‌سه‌ری كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ته‌واوی له ناو ڕۆمانه‌كه ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
زۆر باس له‌وه ده‌كرێت كه وه‌ك ڕۆماننووسێكی فارسی ده‌ناسرێیت نه‌ك كورد، ئه‌م پرسه‌ی گۆڕینی ناسنامه‌ی كوردیبوونت چییه ئه‌گه‌ر له زاری خۆته‌وه بیبیستین؟
پێشتر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كم له میدیاكانی باشوور له‌وانه ڕۆژنامه‌ی زاری كرمانجی، وێبسایتی كوردستانپۆست، ده‌نگه‌كان بڵاو كرده‌وه، نیگه‌رانی خۆم پێشان داوه كه به‌شێك له میدیا ناوخۆیی و جیهانییه‌كان به‌هۆی پشتبه‌ستن به ڕاڤه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگی فارسی (واژه یاب) واته (ڕاڤه‌ی وشه‌كان) كه گه‌وره‌ترین تۆڕی فه‌رهه‌نگی فارسییه له‌سه‌ر ئاستی ئێران، ڕاڤه و لێكدانه‌وه‌ی بۆ زیاتر له یه‌ك ملیۆن وشه و ئیدیۆمی زمانی فارسی كردووه. واژه‌یاب ڕاڤه و شیكاری بۆ وشه‌ی (كاوانی) كردووه كه من وه‌ك هۆز و بنه‌ماڵه‌كه‌ی هه‌ڵگری ئه‌م پاشناوه‌م، كه پاشناوی كاوانی ناوی بنه‌ماڵه و هۆزه‌كه‌مه كه زیاتر له 200 ساڵه كۆچیان كردووه و هاتوونه‌ته باشوور و بووه‌ته نازناوی نووسینم، واژه‌یاب كه وشه‌ی (كاوانی) به دره‌فشی كاویانی و ئاڵای ئه‌خته‌رییان گرێ داوه، بردوویانه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌سفه‌هان، كه ئه‌مه هیچ ئیرتیباتی به ناوی منه‌وه نییه، ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆكار بۆ به فارسكردنم، بۆیه‌شه میدیاكانی بێگانه منیان به نووسه‌ر و ڕۆمانووسێكی كورد نه‌ناساندووه.
دواین هه‌واڵی ڕۆمانی به‌ڕێگاوه كه چووه‌ته فێستیڤاڵێكی ئه‌ده‌بی وڵاتی ئیسپانیا، ئه‌مه چۆنه؟
دیاره كه ڕۆمانه‌كه وه‌ك یه‌كه‌م ڕۆمانی سادیستی، له ئێران بووه جێگه‌ی مشت‌ومڕ، وه‌ك ژانرێكی تازه‌ی ئه‌ده‌بی ڕۆژه‌هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێی خۆی كرده‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه فرناندو خوسێ ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی ئیسپانیا و مامۆستای زانكۆیی، له‌كاتێكدا هێشتا ڕه‌چه‌ڵه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆماننووس لای ئه‌و له نێوان ئێران و عێراق و یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه، له سه‌ردانێكی بۆ ئێران له‌پاڵ ژماره‌یه‌ك كتێبی ئه‌ده‌بی تری فارسی، ئه‌م ڕۆمانه كوردییه‌ی وه‌ك یه‌كه‌م ڕۆمانی كوردی هه‌ڵبژارد و له‌پاڵ ڕۆمانه‌كانی تری فارسی بۆ به‌شداریكردن له فێستیڤاڵه‌كه له 23ی كانوونی دووه‌می 2022، وه‌ك یه‌كه‌م ڕۆماننووسی كورد به ڕۆمانی به‌ڕێگاوه به‌شداریم فێستیڤاڵی ئه‌ده‌بی گه‌لان (كۆمبلتنستی) كه زانكۆی غرناته ڕێكی خستبوو له ئیسپانیا كرد.
بۆچی تا ئیسته نووسه‌رانی ئێمه نه‌یانتوانیوه پشت به داهاتی خۆیان ببه‌ستن له ڕێی نووسینه‌كانیانه‌وه؟
گرفته سه‌ره‌كییه‌كه لێره‌یه، تۆ له‌وه گه‌ڕێ حكوومه‌ت و ده‌زگه چاپه‌مه‌نییه‌كان به‌ته‌نگمانه‌وه نین، ته‌نانه‌ت خوێنه‌رانی كوردی به داوای لێبوردنه‌وه ئه‌مه ده‌ڵێم نه‌ك باری سه‌رشانی نووسه‌رانیان سووك نه‌كردووه، به‌ڵكو زۆرجار بوونه‌ته بار به‌سه‌ر شانی نووسه‌ران. له دنیادا شتێك نییه به ناوی به‌خشینی كتێب، كتێب ده‌بێ بكڕێت. تۆ سه‌یری ئه‌مه بكه زۆرترین تیراژی چاپ له كوردستان 500 تیراژه، ئه‌گه‌ر زۆر له‌وه زیاتر بێت هه‌زاره. ده‌زانی وڵاتێكی وه‌ك ئێرانی دراوسێمان تیراژی چاپیان له 10 هه‌زار كه‌متر نییه و ناشمێنێته‌وه و بگره لانی كه‌م دوو یان سێ جار چاپ ده‌كرێنه‌وه. ئه‌مه هه‌مووی داهاته بۆ نووسه‌ر، به‌ڵام لای ئێمه ئه‌و 500 دانه‌یه. له ناساندندا له 30 تا 40 كه‌س زیاتر ئاماده نابێت. ده‌یده‌یت به كۆمپانیای دابه‌شكردن بڕی 200 هه‌زار دینار له نووسه‌ر وه‌رده‌گرێت، دوای دوو ساڵ به په‌ڕپووتی و یان پاره‌كه‌ی نایه‌ته‌وه، یان كتێبه‌كان بزر ده‌بن. هه‌رچه‌نده من له ماوه‌ی ساڵێكدا ڕۆمانی به‌ڕێگاوه‌م خسته بازاڕ هیچی لێ نه‌مایه‌وه و خواستی زۆری له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه بڵێم نرخی ڕۆمانه‌كه‌م چوار هه‌زار دینار بوو كه ڕه‌چاوی باری دارایی خوێنه‌رانم كردبوو، بۆیه كه‌مترین نرخم بۆ ڕۆمانێكی باش دانا. كه‌چی له كتێبخانه‌كان نرخی بۆ 10 هه‌زار به‌رز كرایه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی قازانجه‌كه‌ی بۆ من بگه‌ڕێته‌وه. به كورتییه‌كه‌ی هیچ یاسایه‌ك نییه له‌و وڵاته مافی نووسه‌ر پارێزراو بێت. له دنیادا نووسه‌ر به یه‌ك ڕۆمانی باش ده‌بێته ملیۆنێر، هه‌ر بۆ نموونه هه‌مینگوای خاتوو ڕۆماننووس بۆ چاپبوونی ڕۆمانی هالیپوته‌ر، له ده‌رگای 12 ده‌زگای چاپه‌مه‌نی دا و ڕۆمانه‌كه‌یان بۆ چاپ نه‌كرد، كه‌چی كه چاپیش بوو، له ماوه‌ی ساڵێكدا 35 ملیۆن دانه‌ی لێ فرۆشرا.
تا ئێسته براوه‌ی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیت، ئه‌مانه چین؟ ده‌كرێ به كورتی باسی بكه‌یت؟
له ساڵی 2007 تا ئێسته براوه‌ی 10 خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیم، دیارترینیان براوه‌ی باشترین چیڕۆكی لاوانم له‌لایه‌ن شێرزاد حه‌سنه‌وه پێشكه‌ش كراوه. براوی خه‌ڵاتی یه‌كه‌می چیرۆكی ئازادی لاوانی كوردستان و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می ماڵی كتێب و دووه‌م و سێیه‌می كوردستانیان تێدایه.
به‌شداریت له هیچ فێستیڤاڵێكی جیهانی نه‌كردووه؟
پێشتر باسی فێستیڤاڵی ئه‌ده‌بی گه‌لان (كۆمبلتنستی) زانكۆی غرناته‌ی ئیسپانیامان كرد. به‌ڵام ده‌مه‌وێت ئه‌مه بۆ یه‌كه‌م جار بۆ "وشه" ئاشكرا بكه‌م، له 16/3/2022 بۆ به‌شداری كۆنگره‌ی نووسه‌رانی نێونه‌ته‌وه‌یی pen له ئه‌ڵمانیا بانگهێشت كراوم كه وا بڕیاره مانگی حه‌وتی ئه‌مساڵ ساز بكرێت. به‌ڵام چونكه خه‌رجی له‌سه‌ر خۆمه بۆ من بارێكی گرانه، هه‌رچه‌نده چوونم بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه پێویسته، كه‌چی ڕه‌تم كرده‌وه.
پڕۆژه‌ی نووسینی نوێت چییه؟
دوو كتێبی هاوبه‌شم له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ند سه‌باح به ناوی بیرۆكه‌كانی سه‌ركه‌وتن و سه‌ركه‌وتن دوای شكست، ئێسته له چاپخانه‌ی چوارچرا له سلێمانی له چاپن. دوو كتێبی ترم به‌ناوی نه‌رده‌بانی ئه‌ده‌بی كه كتێبێكی ڕه‌خنه‌ییه و خوو و ئاكار، فكری و فه‌لسه‌فییه، به‌نیازن له‌و ماوه‌یه ناوه‌ندی ڕۆشنبیری مه‌م و زین چاپی بكات.
به‌نیاز نیت ڕۆمانێكی تر بنووسیته‌وه؟
راستییه‌كه‌ی به‌نیاز نه‌بووم ئه‌مه ئاشكرا بكه‌م، به‌ڵام ڕۆمانێكی تازه‌م له به‌رده‌سته و نیوه‌ی نووسینه‌كه‌م ته‌واو كردووه، به‌ڵام ڕۆمانی به‌ڕێگاوه ئه‌ركی زۆر قورس كردم، بۆیه نووسینی به‌سستی ده‌ڕوات.
ده‌كرێ بزانین ناوی ڕۆمانه‌كه‌ت چییه و به‌هه‌مان ڕێچكه‌ی ڕۆمانی به‌ڕێگاوه ده‌ڕوات؟
خه‌ریكه ئێوه هه‌موو نهێنییه‌كانم لێ ده‌ردێنن، ناوی ڕۆمانه تازه‌كه‌م (فڕینی پرده‌كان)ـه، ئه‌وه‌ی تریش با بمێنێت بۆ كاتی تر و با به‌شی خوێنه‌رانی بمێنێته‌وه.
كۆتا گوته‌ت؟
ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به نووسه‌رانی بێگانه ده‌ده‌ین، نیو ئه‌وه‌نده بپڕژێینه سه‌ر نووسه‌رانی خۆماڵی، داهێنانی مه‌زن ده‌كه‌ن.
زۆر ناڕازی دیاریت به ڕاشكاوی، ئه‌ی له "وشه" ڕازیت؟
هه‌موو ژیانم بۆ وشه ته‌رخان كردووه، هه‌ڵبه‌ته ئێوه مه‌به‌ستتان له ماڵپه‌ڕی میدیایی "وشه"یه، ئه‌مه بۆ مێژوو ده‌ڵێم، میدیای "وشه" یه‌كه‌م میدیا بووه گرنگی تایبه‌تی به ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیم داوه، هه‌میشه یه‌كه‌م میدیا بووه، بووه‌ته سه‌ره‌تا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و بیر و بۆچوونه‌كانم.
سەرچاوە: wishe