شاری قه‌له‌نده‌ران

بوشرا كه‌سنه‌زانی ناوێكی ناسراوه‌ له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا. نووسه‌ری كۆمه‌ڵێك كتێبه‌ له‌ بواری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و هه‌روه‌ها له‌ بواری عیرفانیشدا كاری جیدی كردووه‌. دواین به‌رهه‌می ئه‌م نووسه‌ره‌ حیكایه‌تی چلشه‌وه‌ی شاری قه‌له‌نده‌رانه‌. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌ و چاپی دووه‌می كتێبه‌كه‌یه‌، له‌ دووتوێی 441 لاپه‌ڕه‌دا چاپ كراوه‌. باسم ره‌سام نه‌خشه‌سازی به‌رگی بۆ كردووه‌. ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ له‌ چه‌ند به‌شێك پێكدێ، هه‌ر به‌شه‌ ناونیشانی خۆی هه‌یه‌. هه‌ر ده‌رگایه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌ به‌شێك له‌و حیكایه‌تانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و خوێنه‌ر ده‌باته‌ جیهانێكی تایبه‌ته‌وه‌. جیهانی رۆحانییه‌ت و عه‌شقی حه‌قیقی.

ئه‌وه‌ی له‌ دووتوێی ئه‌م كتێبه‌دا هاتووه‌ حیكایه‌تی شارێكه‌ به‌ناوی شاری قه‌له‌نده‌ران، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك حیكایه‌ت پێكدێن هاوشێوه‌ی چیرۆكه‌كانی هه‌زار و یه‌ك شه‌و. چیرۆكی ئه‌وین و عیرفان و عه‌شقی خودایییه‌. ناونیشانی به‌شه‌كان بریتین له‌و ده‌رگایانه‌ی كه‌ گێڕانه‌وه‌ لێوه‌ی ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ و چیرۆكه‌كانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ هاوشێوه‌ی راس و حیكایه‌ته‌ میللییه‌كانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازه‌ له‌ حیكایه‌تی راس و چیرۆكی میللی ئه‌وه‌یه‌ چیرۆكی میللی نه‌ته‌وه‌كان زۆرتر چیرۆكی میللین، تایبه‌تن به‌ ناوچه‌یه‌ك یان بابه‌ته‌كانی چیرۆكی ژیانی خه‌ڵكی هه‌ژار و ئاغا و به‌گن، لێ ئه‌م حیكایه‌تانه‌ له‌پاڵ چیرۆكی خونكار و قه‌ره‌واشدا چیرۆكی عیرفانین. فیكری عیرفان و بابه‌تی رۆحانییه‌ت زاڵه‌ به‌سه‌ریاندا. هه‌روه‌ها خاڵێكی دیكه‌ی جیاوازی ئه‌م كتێبه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نووسه‌ر توانا و سه‌لیقه‌ی خۆی تێدا به‌كارهێناوه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری ده‌یگێڕێته‌وه‌. هه‌ر شه‌وێك له‌و چل شه‌وه‌ گێڕانه‌وه‌ و چیرۆكێكی تایبه‌ته‌. هه‌ر شه‌وه‌ به‌ده‌رگایه‌كه‌دا ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ و چیرۆكێك ده‌گێڕێته‌وه‌. شه‌وێك به‌ ده‌رگای الرحمن التواب و ده‌رگای المحب و ده‌رگای مالیك الملك و ده‌رگای الرافع و ده‌رگای كاشف البلایا… به‌و پێیه‌ی نووسه‌ر كه‌سێكی شاره‌زا و مه‌علانه‌ به‌بواری گێڕانه‌وه‌ و بۆ خۆی یه‌كێكه‌ له‌ ره‌خنه‌گره‌ شاره‌زا و به‌سه‌لیقه‌كانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ی نووسیوه‌، له‌م كتێبه‌دا ده‌زانێ چۆن ده‌گێڕێته‌وه‌ و چیرۆكه‌كان رێك ده‌خات. چۆنێتی دروستكردنی كاره‌كته‌ر و رووداو و فه‌زای حیكایه‌ته‌كان و

بوشرا كه‌سنه‌زانی به‌ده‌ر له‌م به‌رهه‌مه‌ ساڵانێكه‌ هه‌م وه‌كو مامۆستای زانكۆ خزمه‌ت به‌و بواره‌ ده‌كات و پێگه‌یێنه‌ری نه‌وه‌كانه‌ و هه‌م وه‌كو نووسین چالاكانه‌ ده‌نووسێ و چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی نووسیوه‌ له‌باره‌ی ئه‌زموونی ئه‌ده‌بی نووسه‌ران لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی نووسیوه‌. جگه‌ له‌و بابه‌تانه‌ چه‌ند كتێبێكی نووسیوه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی نووسه‌ر پڵۆت له‌ چیرۆكی كوردیدا، ئه‌م كتێبه‌ دووجار چاپ كراوه‌. شیعری كلاسیكی كوردی و تابووشكێنی، ئیتر له‌ ده‌رگا نادات پۆسته‌چی.

 

سەرچاوە: کوردستانی نوێ