سێبەری مار، ڕۆمانێکی نوستالۆژیای تراژیک

سێبەری مار، گەرچی وەک یەکەم کاری "قادر عەلیخا"یە لە ژانێری ڕۆماندا، بەڵام بەو پێیەی نووسەر خاوەن باگراوەندێکی پڕبایخە لە بواری چیڕۆک و پەخشاندا و هەتاکوو ئێستە وەک کتێب، چەند بەرهەمێکی شێعری، کۆچیرۆک و وتاری ئەدەبی لێ بڵاو بووەتەوە، هەر بۆیە دەکرێت وەکوو دەقێکی سەرکەوتوو لێی بڕوانین.

سێبەری مار، ڕۆمانێکی مێژوویییە بە تامی تراژیکەوە، خوێنەر بێگومان ئازارەکانی خۆی تێدا دەبینێتەوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە بیچم و ڕوخسار و دیمەنسازییەکانی بە جوانی تێدا وێنا کراوە.

دیارە هەر بەرهەمێکی فکری، هونەری و ئەدەبی دەبێت ڕەنگدانەوەی خۆشی و ناخۆشییەکانی کۆمەڵگەی نووسەر و هونەرمەند بێت، ئەگەر نووسەر نەتوانێت ئەو ڕاستییە لە بەرهەمەکەیدا بخولقێنێت، بێگومان سەرکەوتوو نەبووە و کۆمەڵگە وەریناگرێت.

ڕۆمان تێکڵاویێکە لە خەیاڵ و ڕئالیسم، سێبەری مار، واقعێکی تاڵ لە زەینی کۆمەڵگەدا بەرجەستە دەکات و لە دووتۆی سەربوردەیەکدا دەیهێنێتە سەر کاغەز و دەبێتە دێکۆمێنتێکی مێژوویی، لەم ڕۆمانەدا لەگەڵ واقیعێک و ڕئالیتەیەکدا ڕووبەڕووین و ئەو واقعەی کە بە دەیان جار لە مێژووی نەتەوەیەکدا دووپاتە و چەندپاتە بووەتەوە.

لە بنەڕەتدا وەختایەک دەقێکی وەک ڕۆمان دەخوێنیتەوە، ئەگەر خوێنەر لە قوژبنێکی نەستی (unconscious) خۆیدا ئەو یاد و بیرەوەریەی دێتەوە، دیارە ئەوە دەقێکی سەرکەووتوە.

سێبەری مار، خاوەن داڕشتنێکی پوختی زمانەوانییە کە توانیویەتی دوو جیل، دوو فکر و دوو زەمەنی و سەردەمی جیاواز پێکەوە گرێ بدات، پێکەوە گرێدانی نەریت و مۆدێڕنیتە، ڕابردوو و ئێستە و..... هەر کامەشیان بە زمان و دیالۆگی پڕ بە پێستی خۆیان داڕێژراوە.

سێبەری مار، هەڵگری باگراوەندێکی فکری ــ مەعریفەیییە بۆ پتر بە هاناوە گچوونی ئازارەکانی تاک و کۆی کۆمەڵگە.

ڕۆمان تێکڵاوێکە لە حەماسە و ئەوین، ژان و ئێش و خۆشەویستیی وڵات، لە هەمووشیان گرینگتر مانەوە لە خاکدایە؛ ڕیشەداکوتان لە زێد و وەتەنی قارەمانەکانی ڕۆڵگێڕی ڕۆماندایە، هەوێنی ڕۆمان وڵات و زێدە، شاربەدەرکردنی جیلێک و دواتر گەڕانەوەی جیلی نوێ بۆ ئەو شوێن و مەکانە، پەیوەستبوون بە ڕیشەوە و گرێدان بە ڕەگ و دەمارەکانی ژین.

هیوادارم نموونەی ئەو ژانێرە بە پێزانە زۆر و زۆرتر بێت و ئاسمانی ئەدەبیاتی گەلەکەمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەستێرەبارانی ئاوەها دەقێکی ڕەسەن و پوخت و کارامەتر بێت.

محەمەد ئەدیب

February 18, 2022

 

سەرچاوە: ناوەندی نووسەرانی کورد