سه‌ید قادر هیدایه‌تی ناوێكی دره‌وشاوه‌یه له ئه‌ده‌بی كوردیدا، ئه‌م نووسه‌ره به سه‌لیقه‌یه خاوه‌نی چه‌ند رۆمانێك و چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بییه. له رۆمانه‌كانیدا هه‌ر جاره به شێوازێكی جیاواز ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای خوێنه‌ره‌كانی. رۆمانی تۆقی عه‌زازیل و گابۆڕ و گۆڕه‌شار و... هه‌ریه‌كه‌یانی به شێوازێك نووسیوه. چ شێوازی گێڕانه‌وه و ته‌كنیكی نووسین و ماكه‌كانی چیرۆك جیاوازن. هیچ رۆمانێكی له‌وی تریان ناچێ.
له تازه‌ترین به‌رهه‌میدا كه رۆمانی به‌ردینه‌یه به‌پێچه‌وانه‌ی رۆمانی گۆڕهشارهوه شێوازێكی خۆشڕه‌وته و زمانێكی شیرینی هه‌یه. خوێنه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ستی به‌خوێندنه‌وه‌ی كرد تا دوا لاپه‌ڕه رۆمانه‌كه دانانێ. گێڕانه‌وه به زمانی گودرون كه وه‌كو حه‌یرانبێژ نه‌رم و ناسك ده‌دوێت.
له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆمانی گۆڕه‌شار كه به شێوازی مه‌نه‌لۆگ نووسرابوو رۆمانی به‌ردینه گێڕانه‌وه‌یه‌كی خۆش و چێژبه‌خشه و خۆڕهوته و خوێنه‌ر به ئاسانی له‌ته‌ك رۆمانه‌كه‌دا ده‌ڕوات. به‌ڵام گۆڕه‌شار كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی زۆر قووڵ و پڕ مانایه لێ شێوازی نووسینی سه‌خته و كه‌متر خوێنه‌ری ئاسایی خۆی له قه‌ره ده‌دات. ئه‌گه‌ر گۆڕه‌شار نیشاندانی دیوه ناشیرینه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌رمایه‌داری و ده‌سه‌ڵاتداری بێت، ئه‌وه به‌ردینه نیشاندانی سه‌رده‌می حوكمڕانی شا عه‌باسی زاڵمه.
به‌ردینه به زمانێكی شیرین نووسراوه. سه‌ید قادر هیدایه‌تی له‌م رۆمانه‌دا سوودی له زمانی به‌یت وه‌رگرتووه، به‌جۆرێك كه زمانی گێڕانه‌وه له به‌شی یه‌كه‌می رۆمانه‌كه‌دا رێك ده‌ڵێی به‌یته، له كاتی خوێندنه‌وه‌دا خوێنه‌ر بیری به‌یتی محه‌مه‌د و سێوه‌ی ده‌كه‌وێته‌وه. كه یه‌كێكه له شاكاره مه‌زنه‌كانی هونه‌ری به‌یت و حه‌یران. سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه كه گێڕانه‌وه گودرون ده‌ستپێده‌كات. كاتی گێڕانه‌وه زه‌مه‌نی گودرون و دایكێتی، كه دایكی چیرۆكی شاڕێی بۆ ده‌گێڕێته‌وه به‌و زمانه شیرینه‌ی موكریان كه خوێنه‌ر به‌یتی محه‌مه‌د و سێوه‌ی وه‌بیردێته‌وه. سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه چیرۆكی ئه‌ویندارییه. پاشان گێڕانه‌وه‌كانی گودرون ده‌چێته قۆناغێكی تره‌وه و تێكه‌ڵ به‌دنیای ده‌سه‌ڵاتداری ده‌بێ. له ره‌وتی گێڕانه‌وه‌ی به‌شی یه‌كه‌مدا ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌كانی هه‌زار و یه‌ك شه‌و بیری خوێنه‌ر ده‌كه‌وێته‌وه. كه گودرون چه‌ند په‌له‌یه‌تی دایكی چیرۆكی شاڕێی بۆ ته‌واو بكات. خوێنه‌ر به‌هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ گودرون دا په‌له‌ی ئه‌وه‌یه بزانێ ژیانی شاڕێ به كوێ ده‌گات. له‌به‌شی دووه‌م به‌دواوه گێڕانه‌وه ده‌گۆڕێت و ده‌چێته ناو بابه‌تی دیكه‌وه. هه‌ر له‌به‌شی دووه‌مدا زمانه‌كه‌ش تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌گۆڕێت، لێ به‌شی یه‌كه‌می رۆمانه‌كه رێك زمانی به‌یت و حه‌یران و گه‌لۆیه. رۆمانه‌كه به چیرۆكی شاڕێ ده‌ستپێده‌كات و پاشان ورده ورده گودرون چیرۆكی ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه قۆناغ به قۆناغ چۆن خوێندوویه‌تی، له پڕۆسه‌ی خوێندندا چی به‌سه‌رهاتووه، چۆن سته‌می لێ كراوه. پاشان ورده ورده ره‌وتی گێڕانه‌وه ژیانی گودرونه چۆن گه‌وره بووه‌وه و پاشان چۆن چووه‌ته نێو كۆشكی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و عه‌یامه‌وه كه سه‌رده‌می شاعه‌باس و سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی خانه‌كانی قه‌ڵای دمدمه. لێره به دواوه رۆمانه‌كه ده‌چێته نێو مێژووه‌وه، به‌ڵام مێژوویه‌ك بارگاویی به‌خه‌یاڵی ده‌قی ئه‌ده‌بی. گودرون كاره‌كته‌ری خه‌یاڵی ناو ئه‌و مێژووه دهستكردهیه، له‌پاڵ كه‌سایه‌تی دروستكراوی گودرون نووسه‌ر كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كانی مێژووی به‌كارهێناوه. چیرۆكی رۆمانه‌كه رووداوی شه‌ڕی قه‌ڵای دمدمه. ئه‌و مێژووه‌ی كردووه به رۆمان. له كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگێك بۆ وشه دژواره‌كان، كه ئه‌و وشانه به نیسبه‌تی خوێنه‌ری ئاساییه‌وه كه‌مێك ئه‌ستمه. جگه له‌وه په‌راوێزی بۆ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك و خانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه داناوه و ناساندوونی.
به‌گشتی ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره و له‌م رۆمانه‌دا به‌دی ده‌كرێت، نووسه‌ر ویستویه‌تی به شێوازێكی ساده‌تر و خۆشڕه‌وت رۆمانه‌كه‌ی بنووسێ و گێڕانه‌وه هه‌م زمانێكی شیرینی هه‌یه و هه‌م رووداوه‌كانیش خێرا و تیژتێپه‌ڕن. كۆی رومانهكه له سه‌رده‌می شاعهباسدایه، فه‌زا و زمانی رۆمانه‌كه ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه. ئه‌مه‌ش خاڵێكی گرنگه كه چۆن له رۆمانێك له مێژوویی رووداوێكی ئاوا چێ ده‌كرێت. به‌ردینه له بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی خانییه له دووتوێی 239 لاپه‌ڕه‌دا چاپ بووه.
سه‌ید قادر هیدایه‌تی له ساڵی 1986 له بۆكان، رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایك بووه. له ژیانی ئه‌ده‌بیدا چه‌ند به‌رهه‌مێكی نووسیوه، ئه‌وانه‌ش بریتین له نۆڤڵێتی ده‌نگی نوخته. رۆمانی تۆقی عه‌زازیل و گابۆڕ و گۆڕه‌شار. كۆمه‌ڵه وتاری به‌ردێك له به‌ردێك و كتێبی نه‌سری كوردی و گۆڕانی فۆرم، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بییه. هه‌روه‌ها له‌بواری وه‌رگێڕاندا كتێبی حه‌قیقه‌ت و پیاوی زانای له فارسییه‌وه وه‌رگێڕاوه.
ئاكار نه‌جم
2022-04-07
سەرچاوە: knwe