"زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا بەهۆی بایكۆتەوە سزادراون"

 

مامۆستایانی ناڕازی جەخت لە بەردەوامی ناڕەزایەتییەكانیان بۆ بەدیهێنانی داواكانیان دەكەنەوەو دەڵێن:

زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا بەهۆی بایكۆتەوە سزادراون.

هەروەها دەشڵێن:  یەکەمجارە لە مێژودا لایەنی قەرزدار کە حکومەتە سزای خاوەن قەرز دەدات كە مامۆستایە.

مامۆستایانی ناڕازی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیان لە بەردەوامی خەباتی مەدەنی و درێژەدان بە ناڕەزایەتییەكانیان كردەوە تا ئەو كاتەی داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێن.

ئاماژەیان بەوەشدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم فشارەكانیان لەسەر مامۆستایانی سەرجەم شار و شارۆچکەکان زیاتر كردوە، بەڵام مامۆستایان روبەروی فشارەکان دەبنەوە و کاریگەری لەسەریان دروست ناکات.

جەختیشیان كردەوە كە ئەوان نایانەوێت پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم دۆخێکی خراپیان دروستکردوە و نەک تەنها خوێندن بەڵکو ژیانی خەڵكیشیان پەكخستوە.

ئەوەشیان خستوەتەڕو، چەندین مامۆستا لە ناوچەکانی هەرێم بەهۆی بایکۆتەوە سزادراون، ئەو مامۆستایانەی سزادراون 15 موچەی تەواوی ساڵانی رابردویان وەرنەگرتوە و 36 موچەی بە لێبڕینەوە وەرگرتوە، یەکەم جارە لە مێژودا لایەنی قەرزدار کە حکومەتە سزای خاوەن قەرز دەدات.

مامۆستایانی ناڕازی هێمایان بۆ ئەوەش كرد، رۆژ بە رۆژ ژمارەی مامۆستا سزادراوەکان لە زیادبوندایە ئاماری وردیان لەلا نییە، بەڵام بەپێی ئەو ژمارانەی دەستیان کەوتوە، زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا بەهۆی بایکۆتکردن و داواکردنی مافەکانیانەوە سزادراون.

سەرچاوە : ئاوێنە