"ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێم ترسناکن"

 

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ شەممە ٨ی شوباتی ٢٠٢٥ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە پەیوەندییان بە کاروباری ژنانەوە هەیە لە پارێزگای سلێمانی ئامارێکی کوشتنی ژنانیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئامارەکان ترسناکن". 

ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی و کەسایەتی، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ڕایانگەیاند" لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ٤٨ حاڵەتی کوژرانی ژنان تۆمارکراوە". 

ئاماژە بەوەشدەکەن، هەشت حاڵەتی دیکەش لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تۆمارکراون. 

بەپێی ئامارەکەی ڕێکخراوەکەی ژنان، لەو ژمارەیە ١٨ حاڵەت لە پارێزگای هەولێر، ١٣ حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی، شەش حاڵەت لە پارێزگای دهۆک، سێ حاڵەتیش لە پارێزگای کەرکوک، یەک حاڵەت لە ئیدارەی سەربەخۆی قەزای زاخۆ، سێ حاڵەت لە ئیدارەی ڕاپەرین، دوو حاڵەت لە گەرمیان، یەک حاڵەت لە کۆیە، یەک حاڵەتی دیکەش لە شارۆچکەی خورماتوو تۆمارکراوە. 

هەر لە ئامارەکەدا ڕێکخراوەکانی ژنان دەشڵێن" لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بەرۆکی ئەم کۆمەڵگەیەی گرتووە، بەڵام هێشتا دەسەڵاتی کوردی بێباکە لە ئاست کوشتنی ژنان و ساڵانە بە بەرچاوی هەموانەوە ژنان دەکوژرێن و هەر کوشتنێکیش دەبێتە شەرمەزارییەک بۆ دەسەڵاتی کوردی". 

"یەکێک لە کێشە هەرە دیارەکانی بەردەم ئەم پرسە، نەبوونی لێکۆڵینەوەی ورد و جددییە لە تاوانەکانی کوشتنی ژنان، بەو پێیەی زۆرێک لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە هێشتا ئازادن لەسەر شەقام و بازاڕەکاندا بەبێ ئەوەی یاسایان لە دژی جێبەجێ بکرێن". (ڕێکخراوەکانی ژنان وادەڵێن)

هەروەها لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا ئەو چالاکوانە داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد" هەنگاوی جددیتر لەو بارەیەوە بنێن، بە بەهێزکردنی ڕۆڵی بەشی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کۆمەڵگە لە هەرێم، تا تاوانبارانی کوشتنی ژنان بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەن و دادگایەکی تایبەتمەند بەم پرسە دابمەزرێنرێت".

سەرچاوە : سپی میدیا