نووسەر وەک تەونگەر

له‌ زمانی کوردیدا نووسه‌ر، نڤیسه‌ر، نڤیسکارNivîskar ، Nûskerî، نڤیسیار Nivîser، Nûser، Nivîsevan، به‌و که‌سه‌ ده‌ڵێن بتوانێت بنووسێت و به‌رهه‌می نووسینه‌که‌ی به ‌شێوه‌ی په‌رتووک، وتار، ڕۆژنامه‌ و گۆڤار لە بوارە جیاوازەکانی ئەدەبی و زانستیدا بڵاو بووبێته‌وه‌، که‌ ده‌بێته‌: "نڤیسین، نڤیسیاریی، نووسراو، نووسراوه‌"، ئەم پێناسەیە لە دنیای ئەمڕۆدا بەرتەسک دەبینرێت، لەبەر ئەوەی کە دنیای ئەمڕۆ بە "کۆمەڵگەی وێنەیی" ناوبانگی هەیە.

ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ داهێنانی کامپیۆتر کە پارادایمشیفتێک بوو لە دنیای پێوەندییەکانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤدا و هاوکاتیش گەڕانەوە بۆ وێناکردنەوەی ئامرازەکانی پێوەندیی مرۆڤ لە ئەشکەوتەکاندا کە چۆن توانییان بە نەخشاندنی نیگار و وێنەی تایبەت حەکایەتەکانی سەردەم و ڕۆژگاری خۆیان بگێڕنەوە و بگوازنەوە.

تێکست یان نووسین، مانایەکی بەرفراونی لە خۆی گرتووە کە ماناکای گۆڕدراوە بۆ مۆڵتی مۆدال تێکست (Multimodal texts)، واتە تێکەڵکردنی وێنە، نووسین، نیگار، پەیکەر، نۆتی مۆسیقا، دەنگ و رەنگ، بەرهەمە دیجیتاڵییەکانی وەک دیزاینی یاری، ئاپپ، پلاکات و بەگشتی هەر ئامرازێک کە پێوەندی یان کۆمۆنۆکەیشن لەنێوان مرۆڤدا پێک بهێنی، بە نووسین لە قەڵەم دەدرێت؛ بۆ نموونە لە کتێبی وێنەییی منداڵاندا چۆنیەتی دانانی نیگارەکان، پیتچنین، شێوازی خوێندەوەی بۆ منداڵ، پەرسپێکتیڤ و نزیکبوونەوە لە تێکست و وێنە بەشێكن لە دنیای نووسین بۆ منداڵان، بەم تێڕوانینەوە نووسەریش ئەرکی گرانتر، قورستر و هەمەلایەنتر بووە بۆ ئەوەی پێوەندیی لەگەڵ وەرگرەکەیدا بەرقەرار بکات و هاوکات لە ئامرازەکانی نووسین و دیزاینی نووسین کەڵکوەرگرێت بۆ گەیاندنی پەیامەکەی بە خوێنەر.

بە لای منەوە نووسەر تەونگەرەکێکە کە تەونێکی پڕ لە نەخش و نیگاری نوێ دادەهێنێت و دەچنێت، بۆچی تەون؟ تەون پێكهاتەیەکی پڕ لە نیگار و هێمایە کە دەکرێت هەڵگری ڕاڤە و خوێندنەوە بێت و هاوکاتیش هێمای فرەیی و جیاوازیی لە ڕەنگ، فۆرم و بۆنیشدا بێت و مۆڵتی مۆداڵیش هەمان تەونی نووسەر بێت، لەم ڕوانگەوە کۆمەڵگە فەزایەکە بۆ پەروەردەی نووسەر و بەرهەمهێنانی نووسین، فەزایەکە کە هەموو دیاردەکان پێکەوە مانادارن و مرۆڤ هۆرمۆنەکانی مێشکی پێ ئەورووژێنێت و بیرکردنەوەی پڕ ئەکاتەوە لەو وێنەگەلەی لە دەورووبەریدا دەیبینێت و دەیخوێنێتەوە.

بە گەڕانێک بەناو شاردا مرۆڤ پێوەندییەک لەگەڵ دەورووبەری بەرقەرار دەکات، ئەم پێوەندییە لە دیزاین و موهەندیسیی گەڕەک و کۆڵانەکانەوە، جموجووڵەکانی بازاڕی مرۆڤ، مۆد، جلوبەرگ، ڕێکلامە و دووکانی کاسێتفرۆشی گۆرانیبێژەکان هەتا دەگاتە ویترینی کتێبەکانی بەردەم کتێبخانەیەک جۆرێکی­تر لە ڕوانین و جیهانبینی بە ئێمەی مرۆڤ دەبەخشن، بۆیە دەکرێت نووسین هەموو ئەمانە بێت کە بە ژیان مانا و میتافۆر دەبەخشێت و ڕاڤەی میتافۆرەکانی ژیانی مرۆڤ لە هەموو ئاستەکاندا دەکات و کاریگەرییان لەسەر دادەنێت، نووسین بەرهەمی ئەم تێڕوانینەی ئێمەیە بۆ ژیان.

نووسەر لە دنیای ئەدەبیاتدا تۆز و گەردی ڕووداوەکان ئەتەکێنێت و ڕووی شاراوەی مرۆڤ هەڵدەداتەوە کە پەیوەستە بە هەست و نەستی کارێکتەرەکانی ژیانییەوە، بەڵام لە دنیای زانست و بەڵگەهێنانەوە و توێکاریی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤدا، نووسەر بەدوای دیزاین و موهەندیسیی ڕووداوەکاندا دەگەڕێت و تواناییە زانستییەکانی خۆی تەرخان دەکات بۆ ئەوەی بەرهەمێکی زانستی، بەڵگەمەند و ژیرانە بنووسێت. دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەی لە دنیای نووسیندا خاوەنی ڕوانگە و پەرسپەکتیڤی خۆیەتی، بەڵام لە هەموو زەمەنێکدا دیلەمای ئەخلاقی، واتە دووڕێیانی ئەخلاقی لە نووسیندا هەمیشە پاڵ بە نووسینەوە دەنێت کە تا چەندە بەرپرسیارانە، ڕاستگۆ، ژیرانە و ڕەخنەگرانە دەقەکەی خوڵقاندوە. لەم دەرووییەوە دەرگایەکی نوێتر و کراوەتر بە ڕووی دنیای نووسیندا دەکەینەوە کە لەوانەیە زیاتر لە جاران بەرپرسیاریەتی بخاتە سەرشانی نووسەران کە کۆمەڵگە فرەدەنگ، فرەسیما، فرەفەرهەنگ و فرەباوەڕە و هەموو ئەم فرەییە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە و خوڵقێنەری ڕوانگەی نوێ و ڕەخنەی نوێ لە کۆمەڵگە و ژیانی ئێمەی مرۆڤدان.

ئەمە ئەو ڕوانگەیە کە نووسەر دەگەڕێت و پەیجۆری نەخش‌ و نیگاری تازە، ڕەنگ، بەن و کاموای تازە و پەرسپەکتیڤی تازە بۆ چنینی تەونەکەی بە وشە، وێنە و ئامرازەکانی دیکە کە کۆدەکانی نووسین و پەیامەکانی بە خوێنەر بگەیەنێت، لێرەدا تەونگەری مۆدێڕنی کورد تەنیا لە نێوان نەریتی ڕەنگەکانی هونەری کوردیدا بە دوای ناسنامەی کوردیدا ناگەڕێت، بەڵکوو هارمۆنیای قوتابخانە هونەرییەکانی دنیای مۆدێڕن لە پێکهاتە هونەرییەکانی کورددا دەدۆزێتەوە و بەرهەمێکی‌ تر دەخوڵقێنێ.

وەکوو چۆن ڕێگەی ئاوریشم سەردەمانێک کاریگەریی لەسەر هونەری فەرش، جلوبەرگ و نیگاری کوردی هەتا دەگاتە شێوازی ماڵ و حەسار و قەڵا و شارەکانی کوردستان داناوە، ئاوەهاش دنیای مۆدێڕن و ئامرازە دیجیتاڵەکانی دەتوانێت بەرهەمێکی مۆدێڕن بە ناسنامەی کوردستانیبوونەوە بە نووسەر ببەخشێت، هەر بۆیە نووسین و چنینی پیتەکان، وێنە، کۆد و سیمبۆلەکانی نووسین، هارمۆنییەکی دیکە بە خوێنەر دەبەخشن.

ئەفراسیاب گرامی

February 18, 2022

سەرچاوە: ناوەندی نووسەرانی کورد