نوێترین کتێبی ژاڵە سەفی‌یاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە

نوێترین کتێبی کۆمەڵەشیعری خاتوو ژاڵە سەفییاری، شاعیر و نووسەری کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کورستان چاپ و بڵاو کرایەوە.

نوێترین کتێبی خاتوو ژالە سەفییاری، شاعیر و نووسەری کورد و خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی نووسەرانی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە، 5ی بەفرانبار، بە ناوی کۆمەڵەشیعری "هەرمانی ئەوین"، کە 135 لاپەڕەیە و لە 50 غەزڵ، 40 دووبەیتی، 30 شیعری نوێ و 10 چوارپارە پێک هاتووە، لە شاری سەقز و لەلایەن چاپەمەنیی "خانی" چاپ و لەلایەن کتێبفرۆشیی "هونەر و ئەندێشە"وە بڵاو کرایەوە، هاوکات لەلایەن ناوەندی 49 کتێب و لە دەرەرەی کوردستانیش ئامادەکاریی بۆ چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە کراوە.
شایانی باسە کە ئەم کتێبە دووهەمین کتێبی خاتوو ژاڵەیە و کتێبێکیتری کۆمەڵەشیعری بە ناوی "سترانی تاسە" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو بووەتەوە، هەنووکەش دوو کتێبی تریشی لە بواری ئەدەبی منداڵانەوە ئامادەی چاپ و بڵاوبوونەوەیە.
ژاڵە سەفییاری، لەدایکبووی 27ی خەزەڵوەری 1363ی هەتاوی، لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ساڵی 1380ی هەتاوییەوە سەرەتا لە کورتەچیرۆکەوە دەستی بە نووسین کردووە و دواتریش دەستی بە هۆنینەوەی شیعری کوردی کردووە کە تاکوو ئێستەش لە بوارەکانی نووسینی کورتەچیرۆک، هۆنینەوەی شیعر، ئەدەبیاتی منداڵان و وانەوتنەوەی زمانی کوردی بە هەردوو ڕێنووسی ئارامی و لاتینی، بە شێوەی سەرهێڵ بەردەوام چالاکە.