دوای 10 ساڵ لە تەواوبوونی؛ مۆزەخانەی کەرکووک بەڕووی خەڵکدا کرایەوە

دوای 10 ساڵ لە تەواوبوونی بۆ یەکەمجار دەرگەی مۆزەخانەی کەرکووک بەڕووی خەڵکدا کرایەوە. لەنێو مۆزەخانەکەدا دەیان پەیکەری مۆم هەن کە هەر یەکەیان بە جلوبەرگی پێکهاتەکانەوە گوزارشت لە کەسایەتییە جیاواز و خاوەن کار و پیشەکانی نێو بازاڕی کەرکووک دەکەن

 سەردار عادل، شوێنەوارناسێکی شاری کەرکووکە و گوتی، مۆزەخانەکە لە 18 بەش پێکدێت. 14 بەشی دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قشڵەوە و چوار بەشی دیکەی لە بەشی خوارەوەی قشڵە. ئەم بەشانە باس لە کار و چالاکییەکانی پێکهاتەکانی کەرکووک دەکات

 بەشێکی سەرەکیی مۆزەخانەی کەرکووک تایبەتە بە ناساندنی کولتوور و دابونەریتی کوردی. خەنەبەندان، کاری رستن و چنین، بەرگدووری، کورە و چەندینی دیکە لەو پیشە دیارانەن پەیکەرەکان بە جلی کوردییەوە نمایشکراون، وەک ئاماژەیەک بۆ بوونی رۆڵی کەسایەتییە کوردییەکانی کەرکووک لەو بوارانەدا

 یوسف تەیب، بەڕێوەبەری ماڵی رۆشنبیری کەرکووک بە رووداوی گوت، نەتەوەی کورد لە کەرکووکدا نەتەوەیەکی دێرینە. بەشێکی مێژووی شارەکە گەلی کوردە راستە نەتەوەکانی دیکەش پشکیان بەردەکەوێت، بەڵام پشکی شێر بۆ مێژووی کوردە

 بۆ بینی بەشە جیاوازەکانی مۆزەخانە لە ئێستا بەدواوە رۆژانە بەڕووی خەڵک و گەشتیاراندا کراوە دەبێت. مەبەستی سەرەکی لێی نیشاندانی وێنەیەکی راستەقینەی مێژووی کەرکووکە

 فەهمی فایەق، دانیشتوویەکی شاری کەرکووکە و دەڵێت، شانازییەکی گەورەیە بۆ شاری کەرکووک کە مێژوویەکی پڕسەروەری و زێڕینی هەیە. کەرکووک شارێکی زۆر کۆنە و عێراق و ناوچەکەش گرنگییەکی تایبەتی پێدەدەن

 مۆزەخانەکە لەنێو باڵەخانەی قشڵە دروستکراوە، کە شوێنەوارێکی گرنگی شارەکەیە و مێژووی بونیاتنانی بۆ ساڵی 1863 دەگەڕێتەوە لە سەردەمی عوسمانییەکان، ئەوکات وەک بارەگای سەربازی بەکارهێندراوە

 

 

سەرچاوە: rudaw