كتێبی ''گه‌شتێك به‌ مێژووی زه‌نددا'' چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

كتێبی ''گه‌شتێك به‌ مێژووی زه‌نددا'' له‌ نووسینی خالید زه‌ند، له‌ دووتوێی 294 لاپه‌ڕه‌دا له‌ چاپخانه‌ی كارۆ چاپ كرا و له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوودا بڵاو ده‌بێته‌وه‌. نووسه‌ر ده‌ڵێ، ئه‌وه‌ی چاپ كراوه‌ به‌رهه‌می 15 ساڵ هه‌وڵ و تێكۆشانیه‌تی.

ئه‌مڕۆ 10ی نیسان، خالید عه‌بدولحه‌مید زه‌ندی نووسه‌ر له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ "وشه‌"ی گوت، ئه‌م كتێبه‌ له‌ نۆ به‌ش پێكهاتووه‌ و هه‌ر به‌شه‌ و چه‌ند باسێكی له‌خۆ گرتووه‌.

وه‌ك ئاماژه‌ی دا، له‌ كتێبه‌كه‌یدا باسی له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی كورد و لۆلۆییه‌كان، گۆتییه‌كان، كاسییه‌كان، ماد و  كاردۆخییه‌كان كردووه‌، هه‌روه‌ها باسی له‌ زمان و ئاینه‌كانی میترا، یه‌زدانی، زه‌رده‌شتی و زمانی زه‌رده‌شتی و هیندۆ_ئێرانی، مانی، مه‌زده‌ك، ئێزیدی و یارسانی كردووه‌ و به‌ وردی شرۆڤه‌ی كردوون.

له‌ كتێبه‌كه‌دا باسی له‌ ته‌وه‌ره‌كانی كورد و زه‌ند، ئیسلام، ئه‌بو موسلیم ئه‌لخوراسانی، خه‌لافه‌تی عه‌باسی و كورد، خه‌لافه‌تی عه‌باسی و زه‌ند و ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ده‌ست كورده‌وه‌ بوون، به‌تایبه‌تی له‌ سه‌رده‌می ئیسلام تا هاتنی سه‌لجووقییه‌كان و ته‌ته‌ره‌كان.

نووسه‌ر ده‌ڵێت، ''باسم له‌ وشه‌ی زه‌ند و ناوی زه‌ندئاباد (زه‌نگاباد) و له‌ك، كه‌ریم خانی زه‌ند، داگیركردنی قه‌ڵای په‌ری له‌لایه‌ن ئه‌فغانییه‌كانه‌وه‌، بنه‌ماڵه‌ی كه‌ریم خانی زه‌ند و محه‌مه‌د ئاغای زه‌ند، ئه‌حمه‌د وه‌لی خانی زه‌ند، عه‌لاوی خانی زه‌ند، پێوه‌ندی زه‌ند و پاڵانی، تایه‌رخانی زه‌ند،  عبدولڕه‌حمان عه‌لاوی خانی زه‌ند، كه‌ریم عه‌لاوی خانی زه‌ند و ڕووداوه‌كانی دوای ساڵی 1950 كردووه‌."

كتێبه‌كه‌ 294 لاپه‌ڕه‌یه‌ و له‌ چاپخانه‌ی كارۆ به‌ كوالێتییه‌كی به‌رز و سه‌رنجڕاكێش چاپ كراوه‌ و سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ كتێبخانه‌كاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

خالید عه‌بدولحه‌مید زه‌ند له‌ ساڵی 1970 له‌ زه‌نگاباد له‌ دایك بووه‌، له‌ ساڵی 1992 به‌شی ئه‌ندازیاری كاره‌با له‌ زانكۆی ته‌كنه‌لۆجیا ته‌واو كردووه‌ و ئێسته‌ ئه‌ندازیاره‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاره‌بای كه‌ركووك.

 

 

سەرچاوە: wishe