مەگەر من ژن نیم؟

سۆجۆنەر تروس (١٧٩٧-١٨٨٣)، خاتوونێكی هەڵسوڕاوی ڕەشپێستە، وەك كۆیلە لە شاری نیویۆرك (New York  چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. پێش ساڵی (١٨٢٧)، واتە بەرلەوەی كۆیلەیی و كۆیلەداری لە شاری نیویۆرك هەڵبوەشێتەوە و كاری پێنەكرێت، دەفرۆشرێت بەكەسێك بەناوی (هون واگن)، پاشان ئازادی دەكات. لە ساڵی (١٨٥١)، سۆجۆنەر بەشداری كۆنفرانسی (مافەكانی ژنانی ئۆهایۆ)ی كرد. هەڵبەتە زۆرێك لە ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە دژی بەشداربوونی ئەو بوون، چونكو دەترسان بزوتنەوەی ژنانی ئەو سەردەمە و بزوتنەوەی دژبەری كۆیلەداریی، كە لەو زەمەنەدا كڵپەی ڕق و كینەی زۆرێكبوو، بێ نەزم و شلۆق ببێت. كاتێك سۆجۆنەر هەستا بۆ ئەوەی گوتارەكەی خۆی پێشكەش بكات، هووها و هاواری دژبەری تابێت بڵندتر دەبوو، بەڵام كاتێك وتەكانی تەواوبوون، دەنگی پشتگیری و پاڵپشتی تەواوی هۆڵەكەی تەنییەوە. ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە دەقی گوتارەكەی سۆجۆنەر تروسە كە لە كۆنفرانسەكەدا پێشكەشی كردبوو؛

مەگەر من ژن نیم؟
باشە ڕۆڵەكانم، كاتێك ئەم هەموو مشتومڕ و هووهایە بەرپابووە، بێگومان كێشەیەك لە ئارادایە. من وا بیردەكەمەوە، ئێستا كە ڕەشپێستەكان لە باشوور و ژنان لە باكوور، هەموان پێكەوە خەریكن لەسەر مافەكانیان دەنگ هەڵدەبڕن و داكۆكی دەكەن، پیاوانی سپیپێست لە زووترین كاتدا دوچاری بارودۆخی دژوار و ناهەموار دەبنەوە، بەڵام سەرباری ئەم هەموو مشتومڕە، چی دەگوزەرێت؟
پیاوان دەڵێن ژنان بۆ ئەوەی سواری گالیسكەیەك ببن یاخود ئەگەر گەرەكیان بێت لە ڕۆگەیەك(جۆگە) بپەڕنەوە، پێویستیان بە كۆمەككردنەوە و هەمیشە دەبێت شیاوترین جێگایان هەبێت، بەڵام من لە كاتی سواربوونی گالیسكە و پەڕینەوەم لە جۆگە، هەرگیز كەس هاریكاری نەكردووم و قەت شیاوترین جێگام پێنەدراوە! مەگەر من ژن نیم؟!
لە من بنواڕن، بازووەكانم ببینن، گاسنكاری و جوتیاریم كردووە و لە عەمبارەكاندا حەمباڵ بووم و كاری سەرپەرشتیكردنی زەخیرەشم ڕاپەڕاندووە. هیچ پیاوێك لە كارەكانمدا دەستی هاریكاری بۆ درێژ نەكردووم! مەگەر من ژن نیم؟!
دەمتوانی بەئەندازەی پیاوێك كار بكەم و خواردن بخۆم (هەڵبەت كاتێك خواردنم چنگ بكەوتایە) و بەرگەی شەلاق لێدانیش بگرم. مەگەر من ژن نیم؟!
سێزدە منداڵم هێناوەتە دونیاوە و شاهیدی فرۆشتنی زۆربەیان بووم وەك كۆیلە. كاتێك وەك دایكێكی پەژمووردە هۆن هۆن دەگریام، تەنها (مەسیح) گوێی لە دەنگم دەبوو. مەگەر من ژن نیم؟!
خەڵك لەبارەی ئەو شتە دەدوێن كە لە كەلەسەردایە، چی پێدەڵێن؟ (یەكێك لە ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە هەڵدەداتێ: "ئەقڵ"). بەڵێ ئەوە دەڵێم ئەزیزم. ئەوە چ پەیوەندییەكی بە مافی ژنان یاخود ڕەشپێستەكانەوە هەیە؟ ئەگەر پەرداخی من بچووك بێت و هی ئێوە گەورە، ئایا ڕق و كینە نییە ئەگەر ئێوە ڕێگربن لەوەی منیش پەرداخەكەم لێوانلێو بكەم؟
ئێستاش ئەم پیاوە گچكەیە كە جلی ڕەشی پۆشیوە، دەڵێت مافی ژنان ناكرێت بەئەندازەی مافی پیاوان بێت چونكو (مەسیح) ژن نەبوو! مەسیحی ئیوە چۆن هاتووەتە ئەم دونیایە؟ بە لوتفی خودا و ژنێك! پیاو لە هاتنەبوونی ئەودا هیچ ڕۆڵێكی نەبووە.
ئەگەر یەكەمین ژن كە خودا ئافراندوویەتی، ئەوەندە بەهێزبووە بەتەنها توانیویەتی دونیا ژێرەو ژوور بكات، كەوابێت ئەم ژنانەش پێكەوە دەبێت بتوانن بۆ جێگای ڕاستەقینە و ڕەسەنی خۆیان بگەڕێنەوە، دەقیق بۆ جێگای ڕەسەنی خۆیان. ئێستاش كە گەرەكیانە وەها كارێك بكەن، واباشترە پیاوان ڕێگایان بۆ چۆڵكەن.
زۆر سوپاس گوێبیستی قسەكانم بوون، سۆجۆنەری پیر هیچی دیكەی نییە بۆ وتن.

سۆجۆنەر تروس
ئامادەكردن: بیلال نەسرین

Mar 7, 2022

 

 

سەرچاوە: بنکەی ڕووناکبیری گلاوێژ