مەحموو پاشای جاف

مەحموو پاشای جاف (1846-1921). ئەم زاتە کوڕی حەمە پاشا کوڕی کەیخەسرەو بەگی کوڕی سڵێمان بەگی کوڕی قادر بەگی کوڕی زاهیر بەگی کوڕی یارئەحمەد بەگی جافی جوانڕۆیە. 

"پیرەمێرد"ی نەمر لەبارەی مەحموو پاشاوە دەڵێ: «مەحموو پاشا ئەو پیاوە بوو کە لەگەڵ وەسمان پاشای برایدا دەستەجڵەوی عێڵی جافیان گرتبووە دەست و هەڵیان دەسوڕاند. ئەو عەشیرەتە کە خاوەنی چل هەزار خێوەت بوون، لە شەکەل و شێروانەوە دایانگرتبوەوە تا شاقەلە و مەولان ئاوا».
مەحموو پاشا لە سەردەمی عوسمانیەکاندا بووە بە قائیمقامی هەڵبجە، پاشان گوێزراوەتەوە بۆ وڵایەتی "ئۆرفە/الرها"و پاش ئەوە چووە بۆ ئەستەمووڵ.

مەحموو پاشا زۆر حەزی لە شیعر و ئەدەب کردووەو حورمەتی شاعیران و ئەدیبان و زانایانی لەلا بووە. تام و لەزەتی ئەدەبی کوردی کاری کردووەتە دەمارەکانی و هەر بەو بۆنەوە دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی کوردی و لە دوو کەشکۆڵا هێشتوویەتیەوە بۆ کتێبخانەی ئیمڕۆی کوردی.