ڕوونوێنی لە کتێبی منداڵان لە سنە

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەمە، لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی شاری سنە، کۆڕێک بۆ ڕوونوێنی لە چیرۆکی شیعری "خرتێ" نووسینی "فەرید ڕاژین" بەڕێوە چوو.

لەو کۆڕەدا ماجد مەردۆخ ڕۆحانی، توێژەر، دوکتور نەزیر مۆزەفەری، شارەزای دەروونناسیی منداڵان و خاتوو زڵێخا بەهمەنی، شاعێری ئەدەبی منداڵان، لەبارەی پێگەی ئەدەبی منداڵان و ئەو بەرهەمە نوێیە وتاریان پێشکەش کرد.

تەوفیق ئیبراهیمی، لەتیف پێندار، ماشەڵا مەیهەمی و ئێقباڵ بەرقی بە خوێندنەوەی شێعر، هەروەها هونەرمەندان زانیار پێندار و حامید پیرا بە گۆرانی و مۆسیقا کۆڕەکەیان ڕازاندەوە و ژالین پەردیس، منداڵێکی خنجیلانە بە خوێندنەوەی شێعری منداڵانە گڕوتینیان بە کۆڕەکە بەخشی.

پاشان فەرید ڕاژین، نووسەری چیرۆکەشێعری "خرتێ"، سپاسی ئەو کەسانەی کرد کە بۆ چاپی ئەم کتێبە یارمەتییان داوە و شێعرێکی پێشکەش بە بەشداربوان کرد و لە کۆتایی کۆڕەکەدا بە بەشداریی ماجد مەردۆخ ڕۆحانی، تەوفیق ئیبراهیمی، حەسەن گۆڕان، شیلان گیلانی، ویدا عۆزەیری، لەیلا ڕەزایی و فەتحوڵا سەفاری، پەردە لەسەر چیرۆکەشێعری "خرتێ" لادرا و ئەم بەرهەمە ئەدەبییە پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کرا.

*خوێندنەوەی چیرۆکە شیعری "خرتێ" بە دەنگی خاتوو نینا عەنایەتی: