"كۆچەری بچكۆل" لە فێستیڤاڵی فیلمی لۆس ئانجلێس نمایشكرا

فیلمی سینەمایی "كۆچەری بچكۆل" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد "بەتین قوبادی" لە فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "لۆس ئانجلێس" لە ئەمەریكا نمایشكرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازیی لێكرا.

فیلمی سینەمایی كوردیی "كۆچەری بچكۆل" The Little Refugee  لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد "بەتین قوبادی"، لە بەرهەمهێنانی "محەمەد ئەحمەدی" و بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران و توركیا؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە فیستیڤاڵی فیلمی كوردی "لۆس ئانجلێس" Los Angeles  لە سینەما "ڕۆكسە" Roxie  لە شاری لۆس ئانجلێسی ویلایەتی كالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریكا نمایشكرا و لە لایەن بینەرانی ئامادەبوو لەم رووداوە سینەماییە و هۆگرانی هونەریی سینەماوە پێشوازیی لێكرا.

فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "لۆس ئانجلێس" LAKFF  کە بە بەرپرسیاریی خاتوو "مریەم دیپدێرە" Meryem Dipdere  دەرهێنەر، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن و مامۆستای زانكۆ و بە مەبەستی پردیی پەیوەندیی لە نێوان سینەمای كورد و سینەماكارانی ئەمەریكا دامەزراوە؛ لەم خولەدا بە هاوكاریی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "نۆمێد" Nomad  و فێستیڤاڵی فیلمی "گەڕان" Traveling، فیلمە بەرچاوە نێودەوڵەتییەكان لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان و هەروەها وڵاتانی جیهان كۆكردەوە و ئەوانی پێشكەش بە بینەرانی خۆی كرد و بڕیاروایە لە هەر مانگێكدا ئەم بەرهەمانە و فیلمە نوێیە سینەماییە لە ویلایەتە جۆراوجۆرەكانی ئەمەریكا نمایش دەكات.

لە فیلمی سینەمایی "كۆچەری بچكۆل"دا كۆمەڵێك ئەكتەری كورد و ئێرانی و توركیا لەوانە: "فەڕشید گەوێڵی"، "نادر فەلاح"، "پەریا وەزیری"، "عەزیز چابكورت"، "سوات ئوستا" و "محەمەد رەزا عەقدایی" لە تەنیشت دوو ئەكتەریی منداڵ "یۆسف مەحموود عەبدوالقادر" و "محەمەد مەحموود عەبدوالقادر" ڕۆڵیان بینیوە.

"كۆچەری بچكۆل" دووهەمین بەرهەمی بڵندی "بەتین قوبادی"، لە یەكەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی "دەرهێنەرە نوێیەكان" لە چل و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سائۆ پائۆلۆ" São Paulo  لە وڵاتی بڕازیل و لە درێژەدا لە یەكەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی "مۆسكۆ" MKFF  و هەروەها لە بەشی پێشبڕكێی "سینەمای كوردی" لە هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆك" Duhok  لە هەرێمی كوردستان نمایشكرا.

 

 

سەرچاوە: pukmedia