سەرجەم بەرهەمەكانی دكتۆر كەمال مەزهەر چاپدەك

دوای نزیكە ساڵێك كاركردن بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم بەرهەمە زانستییەكانی خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر كەمال مەزهەر، ئێستا 7156 لاپەڕە ئامادەیە بۆ چاپ.
د. جەبار قادر كە یەكێكە لەئەندامانی لیژنەی  كۆكردنەوەی  بەرهەمەكان، ئاماژەی بەوە كردووە كە (نزیكەی ساڵێكی تەواوە لێژنەی كۆكردنەوەی سەرجەم بەرهەمە زانستییەكانی خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر كەمال مەزهەر ئەحمەد، خۆبەخشانە خەریكی كۆكردنەوە و ئامادەكردنی بەرهەمەكانی ئەو مێژووزانە گەورەیەی كوردە، بەشی یەكەمی ئەم پرۆژە زانستییە گرنگە گەیشتە ئەنجام و ئێستا 7156 لاپەڕە ئامادەیە بۆ چاپ، كە ئەمە تەنها كتێبەكانێتی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی. وتار و كتێبەكانی بە زمانانی ڕووسی، ئینگلیزی، توركی و فارسی بەشەكانی دیكەی ئەم پرۆژەیە پێكدێنن و بەڵێنی لە چاپدانی سەرجەم بەرهەمەكانمان پێدراوە)

د.جەبار دەشڵێت: (لە كارەكانماندا كاك عوسمان پیرداوود ڕۆڵێكی گەورەی بینی بۆ سكەنكردن و پاقژكردنەوە و سپیكردنەوە و دیزاینكردنی لاپەڕە بەلاپەڕەی ئەو كتێبانە. ئەو ئەندامە بەڕێزانەی لێژنەكەش دێڕ بەدێڕی هەموو نووسینەكانیان چەند جارێك خوێندووەتەوە و هەر هەڵە و پەڵەیەك ڕوویدا بێ چاكیان كردووەتەوە، منیش هەندێ لە كتێبەكان كە بە قەبارە  بچووك بوون دەبوایە تایپیان بكەمەوە).

ئەندامەكانی لیژنەكەش بریتین لە (د.جەبار قادر، پ.د. ئازاد عوبێد، پ.ی.د.دڵشاد مەحموود عەبدولڕەحمان، پ.ی.د. كامەران حاجی.

 

 

سەرچاوە: بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ