هێمن موکریانی شاعیری شۆڕش و ئەوین!

بۆت نووسیوم بۆت بنووسم ئەمن چیم؟
دوندی قەندیل، گۆڕەپانی هەڵگورد نیم
بەرەو بەرزایی دەچم گەرچی وردم
خاکی بەرپێی تێکۆشەرێکی کوردم

هێمن موکریانی

هێمن شاعیرێكی دیار‌و ناسراوی كوردستانە‌و خزمەتێكی زۆری بەبوارەكانی ئەدەب‌و فەرهەنگ‌و زمانی كوردی كردووە.
سەید محەمەد ئەمین سەید حەسەنی شێخوئیسلامی موكری ناوی تەواوی ئەو شاعیرەیە.
ئەگەر نازناوەكەی نەخرێتە روو زۆر كەس ئەو شاعیرە بەو ناوە دوور‌و درێژەوە ناناسێتەوە.
هەرچەند هێمن ناوی نهێنی ئەو بوو لە لەریزەكانی كۆمەڵەی ژێكافدا، بەڵام ئەو ناوە بوو بەنازناوی ئەو شاعیرە‌و پێی ناسرا.
هێمن خۆی لەپێشەكی دیوانی تاریك‌و رووندا ئاماژە بەوە ئەكات كە شاعیرێتی دەردەسەری‌و مەینەتی زۆری بۆ دروست كردووە، بەڵام ئەو باشییەشی هەبووە ئەو ناوە دورو درێژە حەوت وشەییەی لەكۆڵ كردۆتەوە.
هێمن لەساڵی 1921 لەگوندی لاچینی نزیك شاری مەهاباد لەدایك بووە.
سەرەتا خراوەتە بەر خوێندنی ئاسایی‌و تا پۆلی چوارەمی سەرەتایی خوێندووە. دواتر باوكی لەخوێندن دەریهێناوە‌و بردویەتیە خانەقای شێخ بورهان بۆئەوەی دەرسە ئاینییەكان بخوێنێ‌، بەئومێدی ئەوەی ئیجازەی مەلایەتی وەربگرێ‌‌و ببێتە مەلا‌و شوێنی مەلا جامیی باپیرە گەورەی بگرێتەوە.
بەڵام بەپێچەوانەی خواستی باوكی، هێمن هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە، خولیای شیعرو ئەدەب بوو، لەتەمەنی 17 ساڵییەوە دەستی بەهۆنینەوەی شیعر كرد‌و بەوەش بوو بەشاعیر نەك مەلا.
هێمن هەستێكی بەرزی نیشتمانی هەبووە‌و ئەو هەستە لەشیعرو بەرهەمە ئەدەبییەكانیدا رەنگی داوەتەوە‌و لەسەرەتای دروستبونی كۆمەڵەی ژێكافەوە پەیوەندی پێوە كردووە‌و یەكێك لەئەندامە چالاكەكانی بووە‌و لەدوای ئەوەشی كە ژێكاف كرا بە حزبی دیموكراتی كوردستان لەو حزبەدا درێژەی بەتێكۆشانی خۆی داوە.
هێمن بایەخێكی زۆری بەشیعری نیشتمانی‌و نەتەوەیی داوە‌و چەندین شیعری بەرزی لەو بارەیەوە هەیە‌و یەكێك لەو شاعیرانەش بووە كە لەرێورەسمی دامەزراندنی كۆماری كوردستاندا لەمەهاباد شیعری خوێندۆتەوە.
ھەر لەوسەر دەمەدا لە لای مامۆستا سەعید ناکام دەرسی کوردی خوێندووەو فێری ئەلف و بێی کوردی بووە .
بە ھۆی هەڵوێستە سیاسی‌و نیشتمانییەكانیەوە هێمنی شاعیر تووشی كێشەو گرفت‌و راونان‌و ئاوارەیی بۆتەوە‌و لەدوای روخانی كۆماری كوردستان ئاوارەی باشوری كوردستان بووە‌و لەرووی سیاسی‌و فەرهەنگییەوە خزمەتی زۆری لە باشور كردووە.
لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران گەڕاوەتەوە خۆرهەڵاتی كوردستان‌و لەوێ‌ گۆڤاری سروەی دەركردووە.
مامۆستا هێمن خاوەنی چەند بەرهەمێكی ئەدەبییەلەدیاترینیان ئەمانەن( تاریك‌و روون، ناڵەی جودایی، هەواری خاڵی‌و شازادە‌و گەدا).

بێجگه‌ له‌به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی، مامۆستا هێمن یادگارییه‌كی تریشی له‌دوای خۆی به‌جێهێشتبوو ئه‌ویش خانووه‌ خنجیلانه‌كه‌ی شاری مه‌هاباده‌، ئه‌و خانووه‌ی كه‌ به‌شێك له‌ژیانی تێدا به‌سه‌ربرد
ئه‌و خانووه‌ شوێنی یادگاری ئه‌ده‌بی‌و فه‌رهه‌نگیی‌و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی مامۆستا هێمنه‌، بۆیه‌ وه‌ك رێزلێنانێك بۆ ئه‌و شاعیره‌ گه‌وره‌یه‌ شاره‌وانی مه‌هاباد ئه‌و خانووه‌ی كڕیوه‌ته‌وه‌و له‌ساڵی 2013دا كردوویه‌تی به‌مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت‌و ناوی هێمنیل لێناوە
له‌به‌رده‌م ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌شدا په‌یكه‌رێك بۆ مامۆستا هێمن دروستكراوه‌‌و له‌ناو مۆزه‌خانه‌كه‌شدا یادگارییه‌كانی مامۆستا هێمن له‌ ده‌ستنوس‌و به‌رهه‌مه‌كانی‌و جلوبه‌رگ‌و كه‌لوپه‌له‌ تایبه‌ته‌كانی خراوه‌ته‌روو
هه‌ر له‌و مۆزه‌خانه‌یه‌دا به‌رهه‌م‌و كه‌لوپه‌له‌ تایبه‌ته‌كانی هه‌ژاری موكریانی‌و محه‌مه‌دی ماملێ‌‌و محه‌مه‌دی قازی نمایش كراوه‌.
هه‌رله‌و مۆزه‌خانه‌یه‌دا كتێبخانه‌یه‌كی خنجیلانه‌ش دانراوه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كانی هێمن‌و شاعیرانی دیكه‌‌و چه‌ندین كتێبی تری له‌خۆگرتووه‌
كڕینه‌وه‌ی خانووه‌كه‌ی مامۆستا هێمن‌و كردنی به‌مۆزه‌خانه‌ رێزلێنانه‌ له‌خه‌بات‌و خزمه‌تی سیاسی‌و ئه‌ده‌بی‌و فه‌رهه‌نگی مامۆستا هێمن‌و یادگارییه‌كانی ئه‌و شاعیره‌ مه‌زنه‌ به‌زیندوویی ئه‌هێڵێته‌وه‌
ئەم شاعیرە گەورەیەی كورد لەرۆژی 17ی نیسانی 1986 لەشاری ورمێ‌ كۆچی دوایی كرد‌و لەسەر راسپاردەی خۆی لەگۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری مەهاباد بەخاك سپێردرا.
درودی رێز‌و وەفا بۆ گیانی پاكی مامۆستا هێمنی شاعیر‌و كوردپەروەر.

خەلیل عەبدوڵڵا

Apr 16, 2022