خێر بۆ ڕیکلام!

 

دلێر محەمەد



کورد ئەڵێن: بەڕە لای تەنکییەوە ئەدڕێ. بەڵام بەڕەکەی کورد هیچ پنتێکی بە ساغی نەماوە و هەمووی هەر تەنکە، بۆیە لە هەرچ لایەکەوە دەستی بدەیتێ هەر ئەدڕێ. 
 

من سەر لە هاوکێشەی عەقڵ و ئیدراک و بیرکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی بە گشتی، لە باشوری کوردستان، هەرگیز دەرناکەم. چونکە گەر بگەڕێینەوە بۆ هەشتاکان و نەوەددەکان لە گەڵ ئەوەی کە لە جوگرافیایەکی داخراو و گەمارۆدراو دەژیاین و لە گەڵ ئەوەیش کە دەستمان بە زانیاری و ڕۆشنبیری جیهانی و ناوەچەییش نەدەگەیشت، لە گەڵ ئەوەیش کە دونیای ئەنتەرنێت و پشکنینی زانیاری نە گەشەی کردبوو و نە وەکو ئەمڕۆش بەردەست بوو، بەڵام تاکەکانی کۆمەڵگا زۆر مرۆڤانەتر و زانستییانەتر و تەنانەت ئایینییانەتریش، لە ئاستی یەکتریدا بیریان ئەکردەوە. بە پێچەوانەوە لە سەردەمی کرانەوە و گەشەی دونیای ئینتەرنێت و زانیاریدا، بیرکردنەوە و مامەڵەی تاکەکان لە ئاستی یەکتری زۆر نامرۆڤانە و بگرە دڕندانەشە.
 

کڕۆکی باسەکە مەسەلەی خێرکردنە بە هەژاران و کەم دەرامەت و لێقەوماوان.

ماوەیەکە لە ئاست زۆربەی ڕووداوە تاقەت پڕووکێنەکانی کوردستان بێدەنگیم هەڵبژاردووە. بەڵام هەندێک جار لە سۆشیاڵ میدیا، ڕووداوگەلی وا دەبینی، پێت خۆشە لە شاشەکەوە بچیتە ناوەوە و دەست لە ڕووداوەکە وەربدەی و  ڕایبگریت. هەرچەندە ئەمە ئەرکێکی گشتی و میریشە تا ڕێگە لەم سووکایەتی کردنە بە مرۆڤی بێنەوا بگیرێت. بەڵام حکومەتێک کە ئەرکە سەرەکییەکانی سەر شانی خۆی جێ بە جێ نەکردبێ چۆن ئەپرژێتە سەر ئەم ئەرکە کۆمەڵایەتی و مرۆڤانەیە؟
 

نموونەی ئەو جۆرە لە خێر پێکردن و هاوکاری کردن، هێندە زۆرن کە ڕۆژانە بەرچاو و گوێچکەمان دەکەون. هەموو ئەمانەش لە سیاقی خێرکردن دەرچوون و تێکەڵ بە ریکلام کراون بۆ کەسی خێرکەر بە نیەتی سود وەرگرتن بە دەیان و سەددان جار لە بڕی خێرەکە زیاتر، نەوەکو ڕزگارکردنی هەژارێک یان لێقەوماوێک لە کارەساتێکی مرۆیی. لەم مەسەلەیەدا، بازرگان و خاوەن پیشەو پڕۆژەی بازرگانی و خێرخوازی بێلایەن و ئیسلامی و دەزگای خێرخوازی دیکەش و لە سەر ئاستی تاکیش چالاکوانی مەدەنی و بانگخوازی ئیسلامیش تێوەگلاون.
 

تەنانەت سەرکردە و سیاسییەکانیش لەم جۆرە خێرە ڕیکلامە دەستیان هەیە. ئەوان کاتێک بۆ بانگەشەی سیاسی مرۆڤێک یان خێزانێکی لێقەوماو ئەهێننە بەر پێی خۆیان و تا دەستی بەزەییان، نیشانی ڕای گشتی بدەن و وەبەرهێنانی سیاسی تیا بکەن. وەکو ئەوەی ئەمە ئەرک نەبێ و بەخشندەیی سەرۆکەکان بێ!
 

کورد لە کاتی خێرکردندا ئەڵێت: خوایە لە خێری دەرنەکەیت! واتا نەکا لەم خێرکردنەدا کەم و کورتییەک هەبێت، لە پێشەوە لە خودای خۆی دەپاڕێتەوە کە چاوپۆشی لەو کەموکوڕییە بکات و بە خێر بۆی ئەژماربکات. ئەپرسم ئەگەر دواجار خێرکردن هەر بە بەخشینی شتێک یان ماڵیاتێکی خێرکەر دەست پێ بکات و خێرپێکراو سود وربگرێت، بۆچی دەبێ خودا لە خێری دەردەکات؟ 
 

بەڵێ لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەی خێرکردنی ئەمڕۆماندا، هیچ حاڵەتێک نیە کە خودا لە خێری دەرنەکردبێ، مادام خێرپێکراو بە وردی ناو و ناونیشان و ڕووخساری خۆی و خاوخێزان و تەنانەت ژمارەی تەلەفونیشی ئەخرێتە بەردەمی کامێراکان و داوای فرمێسک ڕشتن و  نزاو پاڕانەوەشی لێ دەکرێت.
 

لە تازەترین مۆدێلی خێرکردنی بە رێکلام بارگاویکراودا، هونەرمەندێکی خاوەن ڕێستورانتێک لە شاری سلێمانیدا، بە هاوکاری لە گەڵ دەزگایەکی خێرخوازی ئیسلامیدا کە کاری سەرپەرشتی مناڵانی بێ باوک و دایک ئەکات. لە مەراسیمێکی ڕێکخراودا کاکی هونەرمەندی (خێرخواز!)  منداڵەکان بەڕیز، لە نێوان دوو ڕیز کارمەندی  ڕێستورانتەکەدا ڕەوانەی ناو ڕێستورانتەکە ئەکات. لە مەراسیمێکی سەربازی ئاسای پلان بۆ داڕێژراودا، پێشوازیان لێ دەکات، بەرەو ناو ڕێستورانتەکە. هونەرمەندی بەڕێز بە بەرچاوی مناڵەکانەوە و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت: بە خێر بێن مناڵە بێ باوکەکان، بەخێر بێن بۆ ژەمێک نانخواردن لای من کە خۆشم بێ باوکیم دیوە. ئەنجا مناڵی بێ نەوا و نەگبەت و بێ چارە، هەندێک بە حەپەسان و هەندێکیش بە پێکەنین یەک یەک بە کامێرا زووم ئەکرێن و بە ڕێ ئەکرێن بۆ ناو ڕێستورانت، زوو زووش کامێرامان ڕوو ئەکاتە تابلۆی ڕێستورانتەکە.
 

من لێرەدا لە جیاتی حکومەت و وەزارەتی کۆمەڵایەتی و پەروەردە و دار و بەردی ئەو وڵاتە خەجاڵەت ئەکێشم و ئەپرسم:

١-ئەگەر قەدەر دایک و باوکی لە منداڵێک سەندەوە، ئاخۆ کێ بەرپرسە لە پەتپەتی ئەو منداڵانە؟ ئاخۆ حکومەت ناتوانێ تەنانەت ڕێکارێک بۆ هێشتنەوەی کەرامەتی ئەو مناڵانە بسەپێنێ بە سەر دەزگا خێرخوازییەکاندا؟ ئاخۆ ئەکرێ دەزگایەکی خێرخوازی هەر لە بەر ئەوەی بەخێویان ئەکات بۆی هەبێ کەی و چۆنی پێ خۆش بێ بیانکات بە بابەی رێکلام بۆ ژەمێک نان خواردن؟
 

٢-کاکی هونەرمەند ئەگەر چی ئەکتەرێکی بەتوانای کۆمێدی ناو شاشەکانە و خاوەن جەماوەری خۆیەتی لە سەرتاسەری کوردستاندا بەڵام لەم دیمەنەدا نە توانی کەریم عەلەکە ئاسا بە دەستێک خێر بکات و نەهێڵێت دەستەکەی کەی پێی بزانێت. نەشیتوانی لەم دیمەنە پڕ فرمێسکە تیمساحیە وا لە من بگەیێنێت کە خەریکی خێرکردنە نەک ڕیکلام کردن. کاکی ئەکتەر بە کەواوسەڵتەکەیەوە لە دەربەگێکی چاوچنۆک دەچوو نەک کەسێکی خاکی خێرخواز و دڵفراوان کە بیەوێ ژەمێ نانی شایستە دەرخواردی مناڵانی بێ باوک بدات بە بێ ئەوەی کەس بزانێ کام سکی برسی تێرکردووە. ئەو فرمێسکانەی کاکی ئەکتەر بۆ هەریسەکە بوو نەک بۆ حسێنە بێ باوکەکان. 
 

٣-دوا پرسیاریشم بۆ هەر کەسێکە کە بەشدار بوو لەم مەراسیمی شکاندنی کەرامەتی و عیززەتی نەفسەی ئەو منداڵانەدا، ئاخۆ ئەگەر ئەوانە منداڵی ئێوە بوونایە، ڕێگەتان دەدا بۆ ژەمێک نان ڕووخساریان بخرێتە بەر چاوی ملیونان تەماشاکەری نێو سۆشیاڵ میدیا؟
 

فەیلەسوفی فەرەنسی ڤۆلتێر نزیکەی ٢٧٥ساڵ بەر لە ئێستا فەرموویەتی: "بەرپرسیارێتی ئێمە نیە کە هەژارین، بەڵام بەرپرسیارین لەوەی کە ڕێز له هەژاری بگرین"
 

جا لێرەدا لە کاکی ئەکتەری خاوەن ڕێستورانت و دەزگای خێرخوازی سەرپەشتیاری منداڵانی بێ سەرپەرشت و حکومەتی هەرێمی خاوەن کەرامەت ئەپرسم: کام ڕێزگرتن لە هەژاری ئەو منداڵە بێ نەوایانە گیراوە کاتێک بۆ ژەمێک نان ئەیانکەن بە ڕێکلامی بەر کامێراکان و چاوەکانی پشتی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا؟

   

سەرچاوە : سپی میدیا