چوارەمین خولی فیستیڤاڵی هەڵپەڕکێ لە بانە بەڕێوەدەچێت

چوارەمین خولی فیستیڤاڵی هەڵپەڕکێ لە بانە بە بەشداریی 57 گرووپی هەڵپەڕکێ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەڕێوەچوو، 12 گرووپ چوونەتە قۆناخی کۆتایی فیستیڤاڵ بۆ کێبڕکێ و دوو رۆژی دیکە گرووپە سەرکەوتووەکان خەڵات دەکرێن.

فیستیڤاڵی هەڵپەڕکێی بانە لەم چوار خولەدا توانیویەتی ژمارەیەک لە هونەرمەندانی بواری هەڵپەڕکێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەخۆی کۆبکاتەوە. ئەمساڵ بەڕێوەبەرانی فیستیڤاڵ بەڵێنی ئەوەیان لە بەرپرسانی حکومەت وەرگرتووە کە لە خولی پێنجەمەوە ببێتە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی.

 ئەمساڵ لە شاری ورمێوە سێ گرووپی هەڵپەڕکێ، لە شارەکانی مهاباد، بانە و سەقزەوە دوو گرووپی هەڵپەڕکێ و لە شارەکانی ئیلام، کرماشان و مەریوانیشەوە هەرکام یەک گرووپی هەڵپەڕکێ بەشدارییان کردووە. داوەرانی فیستیڤاڵ هیوایان ئەوەیە بۆ ساڵانی داهاتوو لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە، گرووپە هەڵپەڕکێییەکان بەشداربن.

 فیستیڤاڵی ئەمساڵیش پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن خەڵکەوە لێکراوە. بەشداربووانی ئەمساڵ پێیانوایە بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە، سەرەڕای کێبڕکێیەک کە کاریگەریی لەسەر هونەری هەڵپەڕکێ دەبێت، دەتوانێت ببێتە هۆی زیندوو هێشتنەوەی کولتووری کوردیش لەنێو خەڵکدا.

 لە فیستیڤاڵی ئەمساڵدا، وێڕای سێ لە باشترین گرووپەکان لەڕووی هەڵپەڕکێوە، باشترین چۆپیکێش و جوانترین جلوبەرگی کوردییش خەڵات دەکرێن.

 

 

سەرچاوە: rudaw