ئامادەکارییەکان بۆ یادی 33 ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە

لە هەڵەبجە ئامادەکاریی دەکرێت بۆ یادی 33 ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی شارەکە و لەمبارەیەوە پارێزگاری هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، "ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئامادەکاری خۆمان کردووە بۆ مەراسمی ئەمساڵ، مەراسیمەکە ئەمساڵ لە کەشێکی تردا بەڕێوەدەچێت لەبەر کۆرۆنا، هەموو ئامادەکاریەکانی خۆپارێزیش دەگیرێتەبەر و هەموو بەشداربووان بەو پەڕی خۆپاراستنەوە لە مەراسیمەکە ئامادە دەبن".

سەرەڕای بوونی چالاکی رێپێوان بۆسەر گۆڕی شەهیدانی هەڵەبجە، لەسەر گۆڕی شەهیدانی هەڵەبجە، گوتاری بەخێرهاتن و ئەو سروودانە دەگوترێتەوە کە بۆ کیمیابارانی شاری هەڵەبجە ئامادەکراون و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان تاجەگوڵینەی خۆیان لەسەر گۆڕی شەهیدان دادەنێن.

لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و ئامادەکاری لەڕووی ئەمنییەوە پارێزگاری هەڵەبجە گوتی: ''سەرەڕای خۆپارێزی لە کۆرۆنا، لەڕووی ئەمنییەوە هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ میوانە تایبەتەکان، ئەگەرچی ئێمە بەشێوەیەکی رەسمی هیچ کەس و لایەنێکمان بانگهێشت نەکردووە، بەڵام نوێنەرانی ئێران، تورکیا، ئەمریکا، بەریتانیا و کۆنسولی فەڵەستین ئامادەی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمەکە".

ئازاد تۆفیق ئاماژەی بەوەدا هەڵەبجە کە ئەگەرچی بەشێوەیەکی رەسمی هەم لەلایەن حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ وەک پارێزگار ناسێنراوە، بەڵام لەڕاستیدا مامەڵەی حکوومەتی مەرکەزیی لەسەدا پەنجا مامەڵەی پارێزگابوون لەگەڵ شاری هەڵەبجە دەکات و هێشتا مامەڵەی ئێمە و وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە مۆری هەڵەبجەوە وەرناگیرێت و هێشتا مامەڵە لەگەڵ مۆری شاری سلێمانی دەکرێت و گوتی: ''ئەم هەڵسوکەوتە بەتەنیا وەزارەتی ناوخۆ ناگرێتەوە، بەڵکو وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی ناوخۆ لە ئاستی پێداویستییەکانی شاری هەڵەبجەدا نین و ئەمەش جێی نیگەرانی ئێمەیە و هیواخوازم حکوومەتی فیدراڵ لە سیی و سێیەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، ئەم شارە بەشێوەیەکی رەسمی و بە فەرمی وەک پارێزگای نۆزدەهەم بناسێنێت لە عێراق و ئەمەش بکەن بە دیاری بۆ ئەم شارە.''

ناوبراو رایگەیاند،''دەبوو حکوومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک یارمەتیدەری شاری هەڵەبجە بووایە، حکوومەتی پێشوو لەسەر بنەمای بوونی چەکی کۆکوژ رووخاوە و دەسەڵاتی ئیستا لەسەر حسابی ئەمە دروست بووە، تەنیا بەڵگەیش بۆ بوونی چەکی کۆمەڵکوژ تەنیا شاری هەڵەبجەیە، هەر بۆیە حکوومەتی عێراق دەبێت هاوبەشی خەمی خەڵکی هەڵەبجە بێت و دەستی باڵای هەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی ئەم شارە کە بە هەموو شێوەیەک دواکەوتووە".

 

 

ser