فێستیڤاڵێكی هونه‌ری و میوزیك لە سۆران به‌ڕێوه‌چوو

له‌ قوتابخانه‌یه‌كی ناحكومی له‌ ئیدارەی سۆران، فێستیڤاڵێكی كلتوری و هونه‌ری بۆ خوێندكاران ئه‌نجامدا، سه‌رپه‌رشتیاری قوتابخانه‌كه‌ش ده‌ڵێت هه‌موو ساڵێك ئه‌و فێستیڤاڵه‌ بۆ ئاشناكردنی خوێندكاران به‌ داب و نه‌ریت و كلتوری كورده‌واری ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

قوتابخانه‌ی دۆلاڤاژی ناحكومی له‌ شارۆچکەی سۆران به‌مه‌به‌ستی ئاشناكردنی نه‌وه‌ی نوێ به‌ كلتور و داب و نه‌ریتی كۆنی كورده‌واری، فێتسیڤاڵێكی ڕێكسخت و تیایدا چه‌ندین چالاكی هونه‌ری ئه‌نجامدرا.

خوێندكارانی‌ كچ و كوڕی قوتابخانه‌كه‌‌ چه‌ند گۆرانیه‌كی فۆلكلۆر و بووكه‌ به‌بارانه‌ و خه‌نه‌به‌ندانی سه‌رده‌می جارانیان نمایشكرد، جگه‌ له‌وه‌ش هونه‌رمه‌ندانی لاوك بێژی ناوچه‌كه‌ به‌شداریان كرد و چه‌ندین لاوك و گۆرانی قۆلكلۆریان پێشكه‌ش كرد.

سرود حه‌مید به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ بە ڕۆژنیوز-ی وت، مه‌به‌ستیان له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و چالاكیه‌ بریتیه‌ له‌ زیندووكردنه‌وه‌ و ئاشناكردنی كه‌لتوری كۆنی باو و باپیران به‌ خوێندكاران و نه‌وه‌ی ئێستا.

په‌رێشان زوهری، خوێندكاری قوتابخانه‌كه‌ وتی: دڵخۆشم كه‌به‌شداریم له‌و فێستیڤاڵه‌ كلتوریه‌دا كرد، چونكه‌ پێشتر زانیاریم له‌باره‌ی ئه‌و هه‌موو كه‌له‌پور و كه‌لتوره‌ نه‌بوو، ده‌شڵێت پێویسته‌ بایه‌خی زۆر به‌ بواری كه‌لتور و فه‌رهه‌نگ و كه‌له‌پوری كوردی بدرێت و له‌ فه‌وتان و نه‌مان بپارێزرێت.

 

 

سەرچاوە: rojnews