فۆتۆگرافه‌ری جه‌نگی د.ئه‌حمه‌دی ناتقی سیمینارێكی پێشكه‌شی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی كرد

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ شاری سلێمانی، فۆتۆگرافه‌ری جه‌نگی د.ئه‌حمه‌دی ناتقی خاوه‌نی گرته‌ی كاره‌ساتباری "عومه‌ری خاوه‌ر" سه‌ردانی زانكۆی سلێمانی كرد .

له‌ كۆلێژی راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی، د.ناتقی وانه‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌رباره‌ی گرنگیی به‌ دیكۆمێنتكردنی  روداوه‌كانی شه‌ڕ، پێشكه‌ش به‌ خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆ كرد. 

دواتر له‌گفتۆگۆیه‌كی كراوه‌دا له‌گه‌ڵ ئاماده‌بووان، كه‌به‌شێكی زۆریان خوێندكاری تایبه‌تمه‌ندی بواری میدیا و راگه‌یاندن بوون، به‌ووردی گفتوگۆیان كرد له‌سه‌ر روداوه‌كانی رۆژی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌و تیمه‌ رۆژنامه‌وانییانه‌ی له‌و كاته‌دا له‌وێ بوون به‌تایبه‌ت تیمه‌ ئێرانییه‌كان و وێنه‌گری جه‌نگی د.ئه‌حمه‌د ناتقی، كه‌ خاوه‌نی نزیكه‌ی 400 فۆتۆی خه‌مناكی ئه‌و تاوانه‌یه‌ له‌ رۆژی 16-3-1988 دا.

 له‌به‌شێكی تری سیمیناره‌كه‌دا، د.ناتقی كورته‌ فیلمێكی پێشانی ئاماده‌بووان دا، كه‌ دوای بیست ساڵ هاتۆته‌وه‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی بینیوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌و رۆژه‌دا وێنه‌ی گرتوون و له‌ ژیاندا ماون.

له‌ به‌شێكیتری سیمیناره‌كه‌دا د.ناتقی سوپاسی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و ده‌زگای میدیایی كوردساتی كرد كه‌ هاوكارییان كردووه‌ بۆ سه‌ردانكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و چاپكردنی كتێب و كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌ و په‌خشكردنی فیلم و كاره‌ دیكۆمێنتارییه‌كانی له‌یادی تاوانی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا له‌ كه‌ناڵی كوردسات.

 له‌كۆتایی سیمیناره‌كه‌شدا خوێندكارانی كۆلێژی راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی رێنمایی و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان له‌ د.ئه‌حمه‌دی ناتقی وه‌رگرت.

 

 

سەرچاوە: pukmedia