دوانزەهەمین فێستیڤاڵی ڕۆژی ڕواندز بە چەند چالاكییەكی هونەریی ئەنجامدرا و بەشداربوانیش ڕەخنە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قائیمقامیەتی ڕواندز دەگرن و دەڵێن، چالاکییەکان لەئاست چاوەڕوانییەکانی ئەونادا نەبووە.
شەوی ڕابردوو، دوانزەهەمین فێستیڤاڵی ڕۆژی ڕواندز لە هۆڵی بۆنەكانی ڕواندز ئەنجامدرا.
ساڵانە ڕۆژی 10ی نیسان، لە شارۆچکەی ڕواندزی سەر بە ئیدارەی سۆران، فێستیڤاڵی ڕۆژی ڕواندز بە ئامانجی ناساندنی كلتور و پێگە و مێژووی ڕواندز، ئەنجام دەدرێت، بەڵام دوو ساڵی ڕابردوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە فێستیڤاڵەکە ئەنجام نەدرا و ئەمساڵیش بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە، فێستیڤاڵەکە لە شەودا بەڕێوەچوو، ئەمەش کاریگەریی کردە سەر ڕێژەی بەشداربوونی هاوڵاتیان.
لە فێستیڤاڵەکەدا، چەندین گۆرانی و حەیران و بەستەی فۆلكلۆریی لەلایەن هونەرمەندان (كارمەند ڕواندزی و بەختیار كەریم و سەدیق فەقیانی) پێشكەشكران، هەروەها شانۆگەریی (ژیانی لادێ و هەروەرزیی) لەلایە گروپێكی شانۆگەرییەوە پێشكەشكرا.
بەبۆنەی مانگی ڕەمەازنیشەوە سرودبێژانی ئاینی چەند سرودێكی ئاینیان پێشكەشكرد و دواتر ڕێزلێنان بۆ هەندێ كەسایەتی هونەری و وەزرشی و پەروەدرەیی و كۆمەڵایەتی ڕواندز ئەنجامدرا.
ئەو فێستیڤاڵانە تەنیا بۆ خەڵکی ڕواندز نییە و گەشتیارێکی زۆریش بۆ ناوچەکە ڕادەکێشێت،لەوبارەیەوە چیا محەمەد، بەرپرسی بنكەی گەشتوگوزاری ڕواندز بە رۆژنیوی وت: بەهۆی چالاكیەكانی ناو ئەو فێستیڤاڵانە، دەیان گەشتیار لە شارە جیاوازەكانەوە ڕوو لە ڕواندز دەكەن و دەیانەوێت ئاشنای كلتور و مێژووی ڕەواندز بن.
ڕەوەز شۆڕش، گەنجێكی دانیشتووی ڕواندزە و بە ژەنینی سێ ئامێری میوزیكی بەشداری فیستیڤاڵەكەی كرد بەڕۆژنیوزی وت: هونەر لە ڕواندز دەوڵەمەندە و مۆسیقا هەنگاوی باشی ناوە لەچاو ساڵانی ڕابردوو، گەنجانی ئێستا هەوڵدەدەن پێشكەوتنی زیاتر بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی ناوی ڕەواندز لەسەر دەستی ئەوان بە گەورەیی بمێنێتەوە.
باسی لەوەشكرد، بەشداریی هونەرمەندانی ڕەواندز لە وەهافێستیڤاڵێكدا دەبێتە هاندەر بۆ ئەوان و دەڵێت: هەوڵدەدەن بگەنە لوتكە لە هونەری گۆرانیی وتن و مۆسیقا و شانۆ و وێنەكێشان و جۆرەكانی تری هونەر.
لەگەڵ ئەوەی فێستیڤاڵەکە چەندین چالاکیی هەمەڕەنگی تێدا ئەنجامدرا، بەڵام بێ کەموکورتییش نەبوو، هونەرمەندی میوزیك ژەن، سەید ئەحمەد ڕواندزی، گلەیی و ڕەخنە ئاڕاستەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قائیمقامیەتی ڕواندز و لیژنەی سەرپەرشتی فیستیڤاڵ دەكات و دەڵێت: چالاكیە هونەرییەكانی ئەو فێستیڤاڵە كرچ و كاڵ بوون و وەك پێویست نەبوون.
ئەو هونەرمەندە بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: گەشەی هونەر لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو لە ڕواندز سەریهەڵدا و دوای دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە هونەر لە ڕواندز چوە قۆناغێكی تری پێشكەوتن، لە ئێستادا هونەرمەندانی ڕواندز پەرتەوازەن و هەریەكێك لە شارێكە، بەڵام لەكاتی چالاكیە هونەریەكاندا لە ڕەواندز یەكتری دەگرنەوەو بەشداری چالاكیەكان دەكەن.
سەید ئەحمەد ڕواندزی پییوایە، دەبوو چالاكییە هونەریەكانی دوانزەهەمین فێستیڤاڵی ڕۆژی ڕواندز باشتر و چاكتر بوونایە، نەك بەوشێوە كرچ و كاڵە بەڕێوەببرێ، دەبوو فێستیڤاڵەكە فراوانتر و تۆكەمتر بوایە، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نەبوو.
سەرچاوە: rojnews