رێوڕەسمی خولی دوازدەیەمی فیستیڤاڵی چیرۆک لە بانە کۆتایی بەکارەکانی هێنا کە یەکێکە لە گرنگترین رووداوە ئەدەبییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو فیستیڤاڵە ماوەی 23 ساڵە لە شاری بانە بەڕیوەدەچێت، بەڵام ئەم خولەی فیستیڤاڵەکە بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی مادی، ساردوسڕ بوو و تەنیا لە دوانیوەڕۆیەکدا بەڕێوەچوو.
فواد جەهانی، بەڕێوەبەری فیستیڤاڵی چیرۆکی بانە دەڵێت، "ئەم نسکۆ و دابڕانە بەهۆکاری جیاوازی وەکو نەبوونی پاڵپشتیی دارایی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسانەوە بەردەوام تووشی قەیرانبووە."
ساڵانە ژمارەیەک لە چیرۆکنووسانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی 3 رۆژ لە هۆڵێکدا کۆدەبوونەوە و دوای خوێندنەوەی چیرۆک و هەڵسەنگاندن لەلایەن لیژنەی داوەرانەوە، چیرۆکە سەرکەوتووەکان دەستنیشان دەکران. ئەو فیستیڤاڵە ببووە هۆی دڵگەرمی چیرۆکنووسان و هاندانی زیاتریان بۆ هونەری چیرۆکنووسی.
ئەحمەد غوڵامی، چیرۆکنووسە و باسی لەوە کرد، "ئەو فیستیڤاڵە زۆر کارامەیە کە توانیویەتی ژمارەیەکی زۆری نووسەر، توێژەر، چیرۆکنووس و رۆماننووس لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە."
بۆ خولی دوازدەیەمی فیستیڤاڵی چیرۆکی بانە، 402 چیرۆکی فارسی و 154 چیرۆکی کوردی هەناردە کرابوون، هەروەها 95 چیرۆکی منداڵان و نەوجەوانان و 21 گوتاری تایبەتیش لەسەر مژاری چیرۆکنووسی هەناردەی فیستیڤاڵەکە کرابوون. لە هەرکام لەو بەشانەدا سێ بەرهەم ڕێزیان لێگیرا و خەڵاتی تایبەتی فیستیڤاڵیان پێبەخشرا، بڕیاریشە بابەتە هەناردەکراوەکان بەشێوەی ئۆنلاین لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بخرێنە بەردەستی هۆگرانی چیرۆک.
تیام شامحەممەدی، چیرۆکنووسێکی بەشداربووی رێوڕەسمەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "لەبەشی چیرۆکی فارسی بەشداریمکردووە و پلەی دووەمم بەدەستهێنا، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە ئەو خولیایەم هەیە و دەمێکە چیرۆک دەنووم، پێشتر کە بچووک بووم چیرۆکەکانم بۆ دایکم دەگێڕایەوە و ئەو بۆی دەنووسیمەوە."
هێمن عەبدوڵاپوور، چیرۆکنووسێکی دیکەیە و گوتی، "براوەی خەڵاتی دووەمی ئەو فیستیڤاڵەم، جاری چوارەمە بەشداری ئەو فیستیڤاڵە دەکەم، لە فیستیڤاڵی دووەمدا خەڵاتی یەکەمم وەرگرتووە."
لە ساڵانی رابردوودا هونەری چیرۆکنووسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ئەوجۆرە رێوڕەسمانەوە گەشەی کردووە و ژمارەیەکی زۆرتری گەنجان روویان لەو هونەرە کردووە. بەرپرسانی فیستیڤاڵی چیرۆک، سەرەڕای رازیبوونیان لە گەشەی ئەو هونەرە، باس لە گرێدانەوەی رووداوەکانیش دەکەن و بوونی روانگەی فانتیزی بە یەک لە خەسارەکانی ئەو جۆرە ئەدەبییە دەزانن.
محەممەد سدیق کەریمپوور، بەرپرسی فیستیڤاڵی چیرۆکی بانە ئەوەی خستەڕوو، "زۆرینەی نووسەرانی ئێمە دیدێکی فانتیزییان بۆ چیرۆک هەیە، ئەوە لەکاتێکدایە کە ئێمە بە بوونی سەتان رووداو لە دەورووبەری خۆماندا وەکو ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە و وەکو ئەو رووداوانەی کە ئێستا لە ناوچە کوردییەکانی سووریا روودەدەن، دەتوانێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ نووسەرانمان تاوەکو بەرهەمەکانیان لەو پانتاییە ببیننەوە."
سەرەڕای هەموو ئەو کەموکووڕیانە کە لەو چەند خولەی فیستیڤاڵی چیرۆکی بانەدا هەبووە، لەلایەن بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی کولتووریی پارێزگای سنەوە بەڵێنی ئەوە بە بەڕێوەبەران و هۆگرانی فیستیڤاڵەکە دراوە کە خولی سێزدەیەمی بە شێوەی نێودەوڵەتی و جدیتر بەڕێوە بچێت.
سەرچاوە: rudaw