پێشەكی:
لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین ئەو پێنج هۆكارە سەرەكییە بخەینەڕوو كە وا لەنووسەران دەكەن بۆ ماوەیەك واز لەنووسینی رۆمانەكانیان بهێنن یاخود بۆ ماوەیەك بوەستن لەتەواوكردنی رۆمانەكانیان پێش بڵاوكردنە.
*هەستێكی نقومكەر:
لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی (ئیسكوایەر- ESQUIRE)ی هونەریدا بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی ریكلامی هونەری فیلمی (بیلی سامەرەز Billy Summers )ەوە كە لەڕۆمانەكەیەوە وەرگیراوە نووسەری بەناوبانگی ئەمریكی ستیڤن كینگ دان بەوەدا دەنێت لەنێو چەكمەجەی مێزی نووسینەكەیدا دەستنووسی دوو كتێبی داناوە، كە نازانێت چۆن بەردەوام بێت لە نووسینیاندا. ئەو نووسەرە ئاماژە بەوەدەدات بەردەوام بوون لەنووسینی ئەو كتێبانە، یاخود تەواوكردنیان كەمێك لەفرۆشتنی بەلەمێكی بچووك دەچێت لە نزیك زەریایەكی فراوانەوە، كە هەمیشە بەرەو رووی شەپۆلە گەورەكان دەبێتەوەو هەمیشە لە مەترسی نقومبووندایە بەشێوەیەكی پراكتیكی ئەگەر تۆی نووسەر وەكو من رۆمانەكانت بنووسیت ئەوە من هیچ پوختە یاخود كۆمەڵە خاڵێكی سەرەكییم نییە، من تەنها پشت بەڕێڕەوی بەڕێوەچوونی چیرۆكەكە دەبەستم بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو رێچكەیەی لەسەری راهاتووم، ئەوەش بزانن زۆرجار بەرەوڕووی نقومبوونی خۆم و بەلەمەكەم (1) لە نێو زەریادا بوومەتەوە.
ئەم دان پێدانە رەوانەی نووسەری رۆمانێك كە یەكێكە لە شاكارە هونەرییە بەرزەكان. دۆخی باكگراوندی بەرهەمهێنانی رۆمانێك رووندەكاتەوە لەوێناكردنیدا بەو بەلەمەی دەكرێت بوەستێت و نقوم ببێت.
شایانی باسە تەنها كینگ نییە لەم هەڵوێستەدا، بەڵكو ژمارەیەك نووسەری بەناوبانگی دی هەن وەكو: (جۆن ئەپدایك و جێنیڤەر ئێگان)یش كە تەمەڵییان كردووە یاخود بۆ ماوەیەك وەستاون یاخود لەنووسیندا خاوبوونەتەوە.
گرفتەكە ئەوەیە ئێمەی خوێنەر تەنها بەرگی بریقەداری رۆمانەكان لەسەرخانەی بەرزی كتێبخانەكان دەبینین و نازانین لای نووسەران لەودیوی نووسینی رۆمانێكەوە چی دەگوزەرێت. بەنموونەی وەستاندن و لەدەستدانی نووسین و تەواونەبوون و تێكچوون و هەوڵەكانی نووسەرەكەی. كە ئێمە لە هەموو ئەمانە تەنها پڕفرۆشیی كتێبەكە رەچاودەكەین.
لەوانەیە ئێمە وەكو خوێنەر پێشبینی ئەوە بكەین گرێچن بەشێوەیەكی كامڵ لە نێو خەیاڵدانی نووسەرەكەدا لە دایك دەبێت یاخود بەرهەم دەهێنرێت و دواتر دادەڕێژرێت و دەخرێتە سەر لاپەڕەكان و بە تەواویی و بەبێ هیچ خەوشێك، بەڵام ئەوەی لەلای خوێنەر ونە و ئاشكرا نییە ئەوەیە كە لە پشت هەر رۆمانێكەوە كۆمەڵێك ململانێ و شكستی نادیاری رۆماننووس هەیە.
لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە:
ئایا چ كاتێك دروستە بۆ وەستاندن یان خۆپاراستن یاخود دووركەوتنەوە لە نووسینی رۆمانێك یاخود هەر كتێبێكی دیكە؟
لە وەڵامدا دەڵێین: سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین وەكو دۆخێكی باو زۆربەی نووسەران دووچاری نائومێدیی و پاشەكشەی خێرا دەبن هەندێك كات لە ئەنجامی شكستهێنانیان لە نووسیندا و هەندێك كات لەبەر هۆكاری پێویستی زۆر كاركردن لەپێناوی تەواوكردنی رۆمانێكدا. لێرەدا دەبێت دادپەروەربین و ئاماژە بەوە بدەین كە هەمیشە نووسەر باشترین هەوڵەكانی دەخاتەڕوو لەپێناوی تۆماركردنی هەر رۆمانێكدا و هەرگیز رەشنووسی یەكەمی رۆمانەكە كارێكی كامڵ نابێت.
بەهەرحاڵ هەركات گرێچنی رۆمانێك پێچەوانە دەبێتەوە بەهۆی شەپۆلێك رووداوی پێچاوپێچەوە و كاتێك كەسایەتییەكانی نێو رۆمانێك رووبەڕووی كێشەكان دەبنەوە، ئەوە دەبێت نووسەر ئەوە بزانێت كاتی ئەوە هاتووە دەست بەناونانی ئەو رۆژە بە یەكەم رۆژی تۆماركردنی رۆمانەكەی بكات.
(5) پێنج هۆكار بۆ دووركەوتنەوە لەنووسینی رۆمانەكەت:
یەكەم: كاتێك چیدی دڵخوازی رۆمانەكەت نابیت:
لەوانەیە ئەم هۆكارە بەباوترین هۆكار هەژمار بكرێت بۆ دووركەوتنەوە لە نووسین. تۆی نووسەر كاتێك دەست بەنووسین دەكەیت لەسەرەتادا دڵخوازی ئەو چیرۆكە بوویت كە دەینووسیت، بەڵام ئێستا هەست دەكەیت لەململانێدایت بەزۆر خۆت رادەكێشیت بۆ سەر مێزی نووسینەكەت و هەست بەقورسایی دەكەیت لە هاندان و پابەندبوونت بۆ تەواوكردنی دەستنووسەكەت. بێگومان ئێمەی نووسەران بەچەند كاتێكدا تێدەپەڕین كە ئارەزووی ئەوە دەكەین بەتوندی قژی خۆمان رابكێشین یاخود تووشی دەردی گەیشتن بە بنبەستی نووسەر دەبین تەنانەت رقمان لە كەسایەتییەكانی نێو نووسینەكەمان هەڵدەستێت. ئێمە لێرەدا باس لە هیچ كام لەو باروودۆخە ناكەین، بەڵكو مەبەستمانە بڵێین هەركاتێك هەست بە بایەخ پێنەدانت بە نووسین كرد، ئەوە كاتی ئەوە هاتووە ماڵئاوایی لەو كارە بكەیت، تەنانەت بە هیچ جۆرێك ئازاری خۆشت مەدە. تەنها كاتێك كە ئەم بەشە لە هەڵچوون و فەرامۆشی تێپەڕی ئەوە هەڵەو لاوازییەكانی رۆمانەكە دەبینین و لەوانەیە بۆمان ئاشكرا ببێت شایەنی بەفیڕۆدانی كات نەبێت و نەتوانین بەردەوام بین.
دووەم: كاتێك هەوڵ دەدەیت ببیتە كەسێك كە لە توانای تۆدا نییە:
هەندێك كات گرفت لە نێو دەقەكەدا نییە، بەڵكو گرفت لە نووسەرەكەدایە. كاتێك دەمانەوێت رۆمانیكی باش و نەمر بنووسین، یاخود رۆمانێكی پڕفرۆش بێت و بمان كاتە خاوەن كۆشكێكی گەورە لە كەناری دەریا پێویستە وەكو نووسەرێك شێوازی نووسینی تایبەت بە خۆمان بزانین و شارەزاییمان هەبێت لەسنووری توانا و بەهرەكانمان هاوكات دەبێت پانتایی خولیاو خەونەكانمان بزانین. چونكە راستییەك هەیە دەبێت بیزانین كە هەموومان ناتوانین وەك جەیمس پیتەرسۆن یاخود ماری پۆپ ئۆزبۆرن بین. لەبەر ئەوەی لەم گەردوونەدا كەمن ئەو كەسانەی دووجار دەبنە خاوەنی خەڵاتی بوكەر وەكو نووسەران جەی. ئێم. كۆیتزی و هێلاری مانتێل بۆیە ئەگەر بێتو كۆی كتێبە ئەدەبییەكان نەخوێنیتەوە ئەوە جۆرێك لە مەحاڵ دەبێت بتوانیت كتێبێكی باشی تایبەت بەخۆت بنووسیت، بۆیە سەبارەت بەو بابەتە بنووسە كە هۆگری خوێندنەوەیت.
سێیەم: كاتێك چیرۆكی رۆمانەكە هەڵقوڵاوی نێو ناخی نووسەرەكەیە:
نووسین پڕۆسەیەكی چارەسەر ئامێزە، بەڵام هاوكات بەدەر لە یادەوەرییەكان دەكرێت روح داپڵۆسێنەر بێت بۆ كەسێك دووچاری ئازار بووبێت لەوانەیە تۆی نووسەر بخوازیت ئازارە حەشاردراوەكانی (منداڵییە ناهەموارەكەت یاخود جیابوونەوە تاڵەكەت یاخود هەستە پڕ تاوانەكانت) لەڕێگای نووسینی رۆمانەكانتەوە دەرببڕیت، ئەم هەنگاوە هەڵە نییە بەمەرجێك لە هاندەرەكانی پشت ئەو هەنگاوەت تێگەیشتبیت. نووسین هەرگیز ناتوانێت جێگای چارەسەری تایبەتمەند بگرێتەوە (بەدەرمان بێت یاخود بێ دەرمان) تەنانەت ئەگەر بێتو تۆماركردنی چالاكی رۆژانەت بەشێك بێت لە چارەسەرەكەت و كردت بەرۆمانێك، ئەوا هەرگیز بیرۆكە خراپەكانت بڵاومەكەرەوە تاوەكو دڵنیا نەبیت كە خۆت بە تەواوەتی رزگارت بووە لێیان، ئەو دەمەی هەستت بە ئامادەیی و هێزی تەواوی خۆت كرد. ئازابەو یاداشتنامە راستەقینەكانی خۆت لە شێوەی رۆمانێكدا بنووسە.
چوارەم: نەبوونی كات بۆ جەختكردنەوە رۆمانەكەت:
هەندێك رۆمان هەن پێویستیان بە بایەخدان و سەرنج و چاودێرێك هەیە بۆ نووسینەوەیان. ئەم جۆرە رۆمانانە هەموو خولەكێكی بەئاگایی نووسەر بەكاردەهێنن. بۆ نموونە ئەگەر بێتو تۆی رۆماننووس خوازیاری دروستكردنی زنجیرەیەك رۆمانی مێژوویی بیت سەبارەت بە دوا رۆژەكانی سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی رۆمانی ئەوا نابێت هیچ كارێكی دی سنووری ئەو كارەت ببەزێنێت بۆ نموونە ناكرێت بەراوردی نووسینەوەی ئەو زنحیرە رۆمانەت لەگەڵ ئەركی بردنی منداڵەكانت بۆ فێربوونی وانەكانی میوزیكی ترمبۆن (2) بكەیت بێگومان دەبێت كۆی كاتەكانت بۆ نووسینەوەی رۆمانەكانت بێت.
هاوكات ناتوانیت كاتی تەواو ببەخشیتە ژیانی رۆژانەت وەكو چاودێریكردن، هاوبەشییكردن، تەنانەت لەوانەیە نەتوانیت كاتی تەواو ببەخشیتە چاودێرییكردنی چاكبوونەوەت لە نەخۆشییەكان و تەندروستیت بەهۆی تۆماركردن و نووسینەوەی ئەو زنجیرە رۆمانەوە بەهەرحاڵ، ئەگەر وەكو نووسەرێك هەستت بە هۆگری و تامەزرۆیی زۆر بۆ نووسین كرد ئەوە دڵنیابە هەمیشە كاتێك دەدۆزیتەوە بۆ نووسین، تەنها لەوانەیە كاتێكی زیاترت پێویست بێت بۆ كۆتایی هێنان بە نووسینی رۆمانەكەت.
پێنجەم: دەستگرتنی رۆماننووسێك بەكتێبێكی مردووەوە:
هەندێك جار نووسەر دەست بەكتێبێكەوە یاخود بیرۆكەیەكی بەسەرچوو یاخود لەناوبراوەوە دەگرێت كە پێویستە بەتەواوەتی بفەوتێنرێت لەدوای چەندین مانگ و چەندینجار لەپێداچوونەوەو رەشنووس هێشتا نووسەر سوورە لەسەر ئەوەی ئەم بابەتە بە نەشیاو و كۆن و مردوو بزانێت.
لەڕاستیدا لەوانەیە نووسەر هۆكاری خراپبوونی ئەو كتێبەش نەزانێت كە دەكرێت لەزۆركاتدا زۆری گۆڕینی بیر و بۆچوونەكان سەبارەت بەو كتێبە لەلایەن نووسەرەوە دایببڕێت، دەرئەنجام لە دوای چەند سەعاتێك لەكاركردن لەو كتێبەدا و هەر لەسەرمێزی نووسینەكە دڵی ئەو كتێبە لە لێدان دەكەوێت و دەمرێت.
دواجار مەرگی كتێبەكە دەبێتە مایەی دڵشكاندن بۆ خودی نووسەرەكە. بەڵام لەم كاتی دڵشكاندن و خەمبارییەدا بۆ مەرگی كتێبەكەت تۆی نووسەر لەخۆت ببوورە و پشوویەك بدە. دواتر هەوڵێكی دی بدەرەوە، چونكە تەنانەت كتێبە خراپەكانیش شتێكت فێردەكەن سەبارەت بە نووسین و پێداچوونەوە.
*دوا وتە:
تەنانەت ئەو كاتەی بەلەمەكە لە نێو قووڵایی زەریادا نوقم دەبێت. هێشتا تۆی نووسەر دەتوانیت مەلە بكەیت و سامانە ناوازەكەت رزگار بكەیت. لەوانەیە لە رێگای كارەكتەرێكەوە بێت كە خۆشتدەوێت یان لەڕێگای دۆخی نێو رۆمانەكەتەوە بێت یاخود لەڕێگای یەك، دوو وردەكاری تایبەتەوە بێت.
هەندێك كات لەوانەیە وا بێت كە چیرۆكێك یان رۆمانێكت مردووە، بەڵام كتوپڕ زیندوودەبێتەوە لەلای خۆت تەنها پێویستی بەكاتە بۆی تەرخان بكەیت.
لە ئینگلیزییەوە: نەرمین عوسمان محەمەد
پەراوێزەكان:
(1) هەڵبەت نووسەر لێرەدا مەبەستی لە بەلەمەكەی (ئەو رۆمانەیە كە دەینووسێت).
(2) برمیۆن: ئامێرێكی موزیكی بیانیە.
سەرچاوە: سایتی Writters write.co.za
سەرچاوە: galawej