ئەم وێنەیە بێ گیانە، وەلێ ناوونیشانی
هەر زیندووە،تاچەرخی فەلەك هەیبێ گەڕانی
بۆ نووسەرو زاناو شوعەرا، قەت نییە مردن
مردوو نییە،هاوبیری ئەفلاتوونی یۆنانی
(دڵزار)
دڵزار: شاعیر و خەباتگێڕ
دڵزار شاعیرێكی بەهەڵوێستو خەباتگێڕێكی گەورەی رێگای ئازادییە، خزمەتێكی زۆری بەكایەكانی كولتووریو تێكۆشانی نیشتمانیی كوردستانو عیراق كردووە،وەك ئەستێرەیەكی پرشنگدار بەداگیرساوی ئەمێنێتەوە.
ئەحمەد كوڕی مستەفا ئاغا كوڕی حەمە ئاغای حەوێزییە، بە (دڵزار) ناسراوە.
رۆژی 8ی كانوونی دووەمی 1920 لەشاری كۆیەی مەڵبەندی ئەدەبو هونەرو تێكۆشان لەدایك بووە.
سەرەتا لە حوجرەو دواتر قۆناغەكانی سەرەتاییو ناوەندی لەكۆیە خوێند.
دڵزار ، لەئامێزی خانەوادەیەكی رۆشنبیرو كتێبپەروەردا، پەروەردە بوو، ئەوەش وایكرد لەو ژینگەیەدا، هەر زوو خولیای خوێندنەوەو نووسین بێ، بەشیعرەكانی نالیو سالمو كوردیو حاجی قادری كۆیی سەرسام دەبێو ئیلهامیان لێوەردەگرێت.
هەروەك خۆی باسی دەكات، لەتەمەنی 20 ساڵیدا یەكەم شیعری نووسیووەو بڵاوی كردۆتەوە.
دڵزار، لەتافی لاویدا، خۆشەویستی نیشتمان لەدڵو دەروونیدا چەكەرەی كرد، سەرەتا لەرێی حزبی هیواوە چووە نێو كۆڕی تێكۆشانەوە، دواتر خولیای بیروباوەڕی ماركسیزم بوو، لەرێی بەرەی رزگاری نیشتمانیو حزبی شیوعی عیراقەوە درێژەی بەخەبات دا، لەمەیدانی تێكۆشاندا تووشی گرتنو راونانو ئاوارەییو دەربەدەری بۆوە، بەڵام هەموو ئەوانە كۆڵیان پێنەدا، بەڵكو زیاتر لەسەر بیر و باوەڕەكەی سوور بوو، نەهامەتییەكان بوونە هەوێنی چەندین دەقی ئەدەبی بەرگریو لەدایكبوونی دەیان پارچە شیعری نیشتمانی.
دڵزار ساڵی 1951 لە بەندینخانەی كوتەوە بەم شێوەیە عەهد و پەیمان بۆ بیرو باوەڕەكەی نوێ دەكاتەوەو دەڵێ:
بەگیانی فەهدو خوێنی شەهیدان
ناوەستین لەرێی سەربەستی ژیان
بەتێكۆشانو شۆرشی خوێنین
بەرنادەین رێگای ماركس ولینین
شیعرە نیشتمانییەكانی دڵزار، هێندە بەرزو جوانن، لەلایەن هونەرمەندانی ناودارەوە كراون بەسروودی نیشتمانیو گیانی تێكۆشانو بەرخودانیان جۆشداوە.
دڵزار، شیعری دیكەی بۆ خۆشەویستیو ئەڤینو سروشتی كوردستان نووسیوە، ئەو شیعرانەشی هێندە بەرزو ناسك بوون، لەلایەن هونەرمەندانی ناسراوی كوردستانەوە كراون بەگۆرانی.
شیعر بەشێك بووە لەژیانی دڵزار، هەر بۆیەش لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیدا دەستبەرداری شیعر نەبووە، تەنانەت لەزیندانو لەپێشمەرگایەتیو لەئاوارەییولەغەریبیو دوورە وڵاتی، شیعری نووسیوە، تادوا رۆژەكانی ژیانی كۆڵی نەداو بەخولیای شیعرو ئەدەب مایەوە، لەتەمەنی 101 ساڵیداو چەند رۆژێك بەر لەدوا ماڵئاوایی، دوا شیعری نووسی، لەو تەمەنەشدا بەئومێدەوە لەئایندەی روانیوە كە دەڵێ:
بێزارم رۆیی تەمەنم
سەدو یەك ساڵە تەمەنم
ئای چەند بێ تینە تەنم
هەر ئێسكو پێستە بەدەنم
لەگەڵ ئەمانەشا هەموو
زۆر دڵشادو بەختەوەرم
جا برایان تێكۆشەران
بە بڕوای من ئەو رۆژە دێ
كوردستانی گەورەو گران
دەبێتە بەهەشتی جیهان
دڵزار، كەسێكی فرە بەهرە بوو، بێ لەشیعر لەمەیدانی دیكەشدا خزمەتی كردووە، ئەو وەك رۆژنامەنووسێكی بەئەزموون لە رۆژنامەگەری نهێنیو ئاشكرادا خزمەتی كردووەو شوێن پەنجەی رەنگینی بەتەلاری رۆژنامەنووسی كوردستانیو عیراقییەوە دیارە.
لەبواری وەرگێڕانیشدا،كەسێكی شارەزاو بەسەلیقە بووە، جوانترین بەرهەمی ئەو بوارەی، گۆڕینی چوارینەكانی باباتاهیری هەمەدانییە لە زاراوەی لوڕییەوە بۆ زاراوەی كرمانجی خواروو. هەروەها شیعری زیاتر لە 40 شاعیری بیانی وەرگێڕاوە بۆ كوردی، (ئازاد دڵزار)ی كوڕی شاعیر، لەدوو توێی كتێبێكدا بەناوونیشانی (نێرگزەجاری گەردوون) چاپی كردووە.
شیعرەكانی دڵزار چەند جارێك لەدووتوێی دیواندا چاپو بڵاوكراونەتەوە.
دڵزار، بیرەوەرییەكانی خۆشی نووسیوەتەوەو بەناوی( گەشتی ژیانم)، لەساڵی 2020 لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریو لاوانەوە چاپو بڵاوكراوەتەوە.
بەهۆی ئەو خزمەتانە زۆرو زەوەندانەی پێشكەش بەكاروانی رۆشنبیریی كوردی كردووە، چەندین جار خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە، وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان، چەند جارێك رێزی لەم شاعیرە گەورەیە ناوە، دواهەمینیان، ساڵی 2020 لەیادی سەد ساڵەی لەدایكبوونیدا لەشاری هەولێر، رێزی لێناو مەراسیمێكی شایستەی بۆ رێكخست.
پاش خزمەتێكی زۆرو تەمەنێكی پڕپیتو بەرەكەتو بەخششو ئەفراندن،رۆژی 10ی نیسانی 2021، لەتەمەنی 101 ساڵیدا، بۆ دواجار ماڵئاوایی لەنیشتمانو شیعرو ئەدەب كرد، لە شاری کۆیەی زێدو مەفتەنی بە خاک سپێردرا، بەڵام بەهۆی بەرهەمو هەڵوێستو تێكۆشانو خزمەتەكانی، هەمیشە بەنەمری لەدڵی میللەتدا دەمێنێتەوە.
خەلەل عەبدوڵڵا
Apr 13, 2022
سەرچاوە: gelawej