کتێبێکی تری خاتو"فەزیلە ئەلفاروق" ژنە نووسەرو ڕۆماننووسی ئەمازیغی بەڕەگەز جەزائیریە.
"چرکەساتی دزینی خۆشەویستی و چەند چیرۆکێکیتر" 23چیرۆک لەخۆی دەگرێت و فەزیلە خان لەمیانیدا تیشک دەخاتە سەر حەزو خولیاو ئازارو نەهامەتیەکانی ژن، لەکۆمەڵی نێرساڵاریداو لە خواست و خەونەکانی ژن، لەماف و ئازادیەکانی ژن، لەموعانات و عەزابەکانی ژن دەدوێت.
فەزیلە پێمان دەڵێت، ژن لەئەزەلەوە هەبووەو تا ئەبەدیش هەردەبێت، ژن هەوێنی ژیانە،چاوگی داهێنانە، ژن تەواوکەری کۆمەڵە،ژن خۆشەویستیە، ژن هۆکاری مانەوەی بوونە، ژن نەبێت پیاو نابێت، ژن نەبێت عیشق و خۆشەویستی نابێت، ژن نەبێت ژیان نابێت، فەزیلە ژنەنووسەرو بوێرو یاخییەکە، ئەو ژنەی فرمێسک و عەزابەکانی ژن، خەون و هیواکانی ژن و بوێریەکەی خۆی تێکەڵ بە زمانی شیعری کردووە،تا هەمان شێوەی ژنە پزیشک و ڕۆمان نووس و نووسەری ناوداری کۆچکردووی بەڕەگەز میسری "نەوال سەعداوی" هەمیشە زیندوو لەڕێگای چیرۆک و ڕۆمان و نووسینەکانییەوە، لە خەم و خەون و نەهامەتی و ئازارەکانی ژن بدوێت لەکۆمەڵە ڕۆژەهەڵاتیەکاندا، فەزیلە خان دەنگی ویژدانی ژنەو ئەو ئەشک و هاوارو قیژە شکاوەکانی ژن دەنووسێتەوە،دەنگە کپ بوو و خنکاوەکانی ژن بەجیهان و مەردم و مرۆڤایەتی دەناسێنێت، سنوورەکانی تابوو و هێڵەدەستکردەکان و بڤەو قەدەغەکان و بیری نێرسالاری و مینتاڵێنتی خێڵگەرێتی دەبەزێنیت و دەچێتەهەرێمەکانی ترس و زۆر بوێرانە باس لە غەریزەوشەهوەتی ژن و چەوسانەوەی ژن و پیتەکانی شەرم دەکات و لەڕوانگەیەکی بەتی و ئەپستراکتی فێنێمزمیانەو یەکسانی جێندەریانەی دوور لە تەفسیرو تێگەیشتنێکی پاتریارکیانەو کۆنەپەرستانەو مەزهەبیانە، لەچرکەساتەکانی دزینی ژنبوونی ژن و خۆشەویستی ژن دەدوێت و ئیعرابی ژنبوون و خەونەکانی، ژن و ئاواتەکانی، ژن و موعاناتەکانی دەکاتن.
هەر یەک لەڕۆمانەکانی هەرێمەکانی ترس، پیتی شەرم، دۆزینەوەی شەهوەت، و چرکەساتی دزینی خۆشەویستی و چەند چیرۆکێکیتر بەڵگەی ئەوەن کە فەزیلە قەڵەمێکە لەپێناو ژن بوونی ژن، لەپێناو خەونەکانی ژن و مرۆڤ بوونی ژن دەجەنگێت و خەبات دەکات، بەڵێ فەزیلەخان هاواری هەموو ژنێکی ستەم دیدەو چەوساوەیە، ئەو چواربەرهەمە ئەدەبیە مەزن و ناوازەیەی کە ئاماژەم پێدان.
هەمووی ڕەنگدانەوەی موعانات و ئازارەکانی ژن و هەڵگری پەیامی ژن بوونن، لەجڤاتە ڕۆژهەڵاتیەکان، ئەو جڤاتانەی پایەکانی خۆیان لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی نێرگەرێتی و خێڵگەرێتی و مەزهەبگەرێتی قاییم و پتەو کردووە، لەو جڤاتانەی هێشتا وەکو پلە دوو وپاشکۆو کۆیلەو سێبەرو خزمەتکاری پیاو، لەژن دەڕواندرێت و یەکسانی بوونی ژن لەگەڵ پیاودا، وەکو مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت و ڕێزو ماف بەڕەوا نابیندرێت!ئەو کۆمەڵانەی پیاو تێیدا هەموو شتێک و سەیدو بڕیاربەدەستەو ڕەگەزی مێینەی وەکو مەڕ چواریان دەبێت لەدوای پیاوێک ڕیز ببەستن و ڕێبکەن و نوێنی پیاوێک گەرم کەنەوەو ئارەزوەکانی پیاوێک دامرکێننەوە،جڤاتگەلێک هەر لەمنداڵی و تەمەنێکی زۆر زووەوە خەونەکانی کچ و مێینە دەدزن و ئاواتەکانی تیرۆردەکەن، ڕەگەزی مێینە لەسەر هونەری کۆیلایەتی پەروەردە دەکەن و فێری یاساکانی سەرشۆڕی و گوێڕایەڵی دەکەن و لەسەر خۆبەکەم زانین و شوێنکەوتەیی پرۆڤەی پێدەکەن و هێزو تواناو شیانی ژن و ژن بوونی ژن دەکوژن و مرۆڤ بوونی خەفەدەکەن، جڤاتێک:دەمەوێ جوێنی پێبدەم و قسەی پێ بڵێم ،ئەو جڤاتە سەقەتەی سەرکۆنەی هەر شتێک دەکات کە ئێمەی ژن خۆشمان دەوێت و خولیای دەکەین و حەزی پێدەکەین.. جڤاتێک ژن توند بە سێدارەو کۆت و بەندی پیاوەوە دەبەستێتەوە. فەزیلە ژنێکە ئەو بەستنەوەو کوت و بەندکردنەی ژن و تیرۆرکردنەی هێزو تواناو ژنبوونەی ژن و بەکۆیلەکردنەی ژن و تێک و پێک شکاندنەی ژن لەلایان جڤاتی نێرسالاری و پیاوەوە ڕەتدەکاتەوەو دژی دەوەستێتەوە، فەزیلە هەرگیز بەوە ڕازی نابێت، حیسابی نیوەی پیاو نیوە مرۆڤێک بۆ ژن بکرێت، فەزیلە پرۆستۆو سەرکۆنەی ئەو تێگەیشتنە نامرۆڤانەیه دەکات، کەئەرکی ژن لەچێشتخانەو وەچەخستنەوەو خزمەتکردنی پیاو ناو چواردیواری ماڵەوە کورتدەکاتەوە، فەزیلە داوادەکات ژن شان بەشانی پیاو بەژداری لە هەموو سێکتەرەکانی ژیان بکات و ڕێز لەڕۆڵ و پێگەی ژن بگیرێت و لەسەر بنەمای یاسای یەکسانی جێندەری و مرۆڤ بوون، ڕۆڵ و ئەرکی ژن و پیاو ، لەجڤاتدا دابەش بکرێت و جیاوازی ڕەگەزی نەکرێتە هۆکارو بەربەست و کوسپ لەبەردەم هێزو ئازادی و خواست و تواناکانی ژن، فەزیلە پێمان دەڵێت هەرکۆمەڵێک شیان و هێزی ژن لەبەر چاونەگرێت وبەکەم سەیری ژن بکات،ئەوە بێگومان کۆمەڵێکی ئیفلیج و شکستخواردو ناتەواو دەبێت،فەزیلە خەمەکانی ژن دەنووسێتەوەو نەهامەتیەکانی مێینە بە ئەرشیف دەکات، فەزیلە پێمان دەڵێت ژن مرۆڤەو دەبێت حیسابی مرۆڤی بۆ بکرێت، ژن هیچی لەپیاو کەمتر نییە،فەزیلەخان پێمان دەڵێت دیواری ئەو جیاوازیە ڕەگەزیەناسروشتیەی لەنێوان ژن و پیاودا دروستتانکردووە، من دەیڕمێنم، ئەو دیواره نامرۆڤانەیەی لەسەر خشتی ئەقڵیەتی نێرسالاری ڕۆنراوە، خشت بە خشتی دەڕوخێنم، ئەو دیوارە بەربەریەی هەزاران ساڵە دروستان کردووەو پێی لەژن و مافەکانی ژن، لەکەرامەت و ئازادیەکانی ژن، لەسەربەستی و حەزەکانی ژن، لەبوون و خواستەکانی ژنی دەدەن.
شەماڵ بارەوانی
Mar 15, 2022
سەرچاوە: بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ