منداڵیی بەبێ كتێب منداڵیی نییە
مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێكی قسەكەر نییە، بەڵكە بوونەوەرێكی چیرۆك گێڕەوەشە، ئەو بوونەوەرەی دەتوانێت ئەو چیرۆكانە بگێڕێتەوە كە بەسەری هاتوون، هەروەها ئەو چیرۆكانەشی كە خەیاڵكردی خۆیەتی.
لەسەرەتاوە ئاسانترین كایەی ناسین و گەیشتنی خەیاڵی یەكتریی لە ڕێگای دەماودەم بیستنی چیرۆكەكانەوە بووە. بەڵام دواتر چیرۆك توانیویەتی بەشێك لەو پەیام و پرسیارانەی مرۆڤ لە خۆیدا جێگا بكاتەوە، تا دوای خۆی دەماودەم درێژبێتەوە.
دوای ئەوەی كە چیرۆك لەئەفسانە و داستان و دین و سەرگوزشەتەكان جیادەبێتەوە و دەبێتە كایەیەكی سەربەخۆی هونەریی. لقێكی لێ دەبێتەوە كە پێی دەوترێت كایەی چیرۆكی منداڵان، ئەم كایەیە لەسندوقێكی جادوویی دەچێت كە پڕە لەو گەوهەرە گرانبەهایانەی سەرمایەی مرۆڤیان دەوڵەمەند كردووە.
یەكێك لەو گەوهەرانەی لەگەڵ كردنەوەی ئەم سندوقەدا لەسەرو گەوهەرەكانی ترەوە دەبریسكێتەوە، سادەیی زمانە. ئەم گەوهەرە بریسكەدارە، هەڵگری خەسڵەتێكی تایبەتە بەخۆی، كە یارمەتی فڕینی خەیاڵ و لەیەكتری گەیشتن دەدات، كۆمەكی منداڵ دەكات، گوزارشت لەشتە بینراو و نەبینراوەكانی دەورووبەری بكات. هەر منداڵێك زووتر ئاشنای ئەم هونەرە بێت، زووتر دەبێتە مرۆڤێكی هوشیار و پرسیار كەر.
چیرۆك یارمەتی فراوانكردنی خەیاڵی منداڵ دەدات و دەرگای بۆ دەكاتەوە بۆ دەستگەیشتن بە پرسیار و وەڵامەكان. ئەو پرسیارانەی كە منداڵان دەیانكەن، وایكردووە منداڵان بە فەیلەسووفە بچووكەكان ناوببرێت، پرسیاری منداڵەكان پڕن لە كونجكوڵی بۆ تێگەیشتن لەژیان، چونكە قۆناغی منداڵی سەرەتای بەركەوتنە بەشتەكان، منداڵ هەمیشە لەساتی وروژان و سەرسوڕماندا دەژی، لە ڕێی پرسیارەكانەوە دەیەوێت لە شتەكان بگات. چیرۆكەكان یارمەتی منداڵان دەدەن و وەڵامی ئەو پرسیارانەشیان دەدەنەوە كە نایان زانن.
هەر لەڕێی چیرۆكەوە منداڵان بەر كەلتوورەكانی تر دەكەون، مرۆڤەكان و خەیاڵ و خولیاكانیان دەناسن كە لەهی خۆیان ناچن، چیرۆكەكان لەسەرەتاوە ڕۆڵی ئەو پرد و تۆڕی بەیەكگەیشتنانە دەبینن.
قۆناغی منداڵی سەرەتای دروستبوونی یادەوەرییە، چیرۆكەكانیش بەشدارن لەدروستكردنی ئەو یادەوەرییە جوانانەی ژیانی گەورەیی لەسەر بنیات دەنرێت.
بەداخەوە بەرهەمی نووسراوی چیرۆكی منداڵان بەزمانی كوردی ئەوەندە دەوڵەمەند و گشتگیر نییە، كە بتوانێت دنیای منداڵانی كوردی پێ دەوڵەمەند بكرێت، بۆیە منداڵی كورد پێویستی بەدەستگەیشتنە بە ئەدەبیاتی دنیا. خوێندنەوەی ئەو ئەدەبیاتەش بە زمانی كوردی، هەڵبەتە تەنیا لەڕێگەی وەرگێڕانەوە دەبێت.
بۆچی لەم زنجیرەی سەد كتێبەی چیرۆكی منداڵاندا، گرنگی بە چیرۆكی سویدی و وڵاتانی ئەسكەندەنافیا دراوە؟
لەبەر ئەوەی گەشەكردنی خەیاڵ لەچیرۆكی منداڵاندا بووەتە بەشێك لە خەیاڵی مرۆڤەكان و تێگەیشتن لە ئازادیی. هەروەها چیرۆكی نوێی منداڵان توانیویەتی باس لەو ڕووداوە گرنگانە بكات كە پێشتر نەدەكرا لە چیرۆكی منداڵاندا بەو ڕاشكاویی و تا ڕادەیەك عەقڵانیانە باس بكرێت، وەك بابەتی مردن و لەدەستدانی كەسانی نزیك، هەروەها ترس، عەشق، ئیرەیی و چەندان بابەتی تر. بەداخەوە زۆر لە مرۆڤە گەورەكانی ناو كەلتوورە داخراوەكان نایانەوێت یان نازانن وەڵامێكی دروستی پرسیارە جددیی و وردەكانی منداڵان بدەنەوە. گەورەكان زۆرینەی جار لەپرسیارە زیرەكەكانی منداڵان دەترسن، بەڵام ئایا تا چ ڕادەیەك ئەو ترسە تەندروستە، یاخود پێویستە، هەروەها تا چ ئاستێكیش وەڵامە هەڵەكان كاریگەری خراپ لەلای منداڵەكان دروست دەكەن. لێرەدا چیرۆك بەو فۆرمە هونەرییەی كە هەیەتی هەڵدەستێت بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، بەبێ ئەوەی وەڵامەكان دواتر ببنە گرێی دەروونی لەلای منداڵان.
بەرهەمی نووسەرە هەرە ناودارەكانی سوید وەك ئەسترید لینگرێن، باربرو لیندگرێن، پار نیلسۆن و چەندانی تر بەشێكی گرنگی ئەم زنجیرەی 100 كتێبە پێك دەهێنن، كە ساڵانە لە وڵاتی سوید و ئەسكەندەنافیادا بە ملیۆنان نوسخە لە كتێبەكانیان دەفرۆشرێن، هەر ئەم بەرهەمانە بۆ نموونە وەردەگێڕێنە سەر زمانی یابانی و ساڵانە بە هەزارەها نوسخەیان لێ دەفرۆشرێت، هەمان ئەو بەرهەمانە كە منداڵێكی یابانی دەیخوێنێتەوە، لەم زنجیرەیەدا منداڵی كوردیش بە زمانی كوردی دەیانخوێنێتەوە.
زۆر گرنگە منداڵ لەتەمەنێكی زووەوە بخوێنێتەوە، تەنانەت پێش ئەوەی خۆی بتوانێت بخوێنێتەوە، گرنگە دایك وباوكان و كەسانی نزیك بە منداڵ كتێبیان بۆ بخوێننەوە. هەموو ئەو وشانەی منداڵ لەڕۆژی لە دایكبوونییەوە تاكو دواتر گوێی لێ دەبێت، منداڵ دەكەن بە خوێنەرێكی باش، ئەمەش زەخیرەی زمانەوانی منداڵان دەوڵەمەند دەكات، تا گەنجینەی زمانەوانی منداڵیش دەوڵەمەندتربێت تێگەیشتنی بۆ خۆی و بۆ دنیا ئاسانتر دەبێت.
یەكێك لە یادەوەرییە هەرە جوانەكانی منداڵی خۆم، ئەو ساتانە بوو كە برا گەورەكەم لەسەر دۆشەكەڵەیەك دادەنیشت و حەكایەتی بۆ دەخوێندینەوە، ئەو لەڕێی خوێندنەوەی ئەو چیرۆكانە وەك جادووگەرێك دنیایەكی تەواو جیاوازی پیشاندەداین. هەر ئەو حەكایەت و چیرۆكانەش لەو تەمەنەوە دەستیان هەبوو لەدروستكردنی خۆشەویستیی من بۆ هونەری گێڕانەوە، تاكو ئێستاش خەیاڵی من وەك نووسەر قەرزاری ئەو چیرۆكانەیە، ئێستاش وێنەكانیان وەك ئاوێنەیەكی ساف لەخەیاڵمدا ئامادەن. لەڕێی ئەم گێڕانەوە كورتەی خۆمەوە دەمەوێت ئەوەتان پیشانبدەم كە چیرۆك چەندە گرنگە لەدروستكردنی كەسایەتی و خەیاڵی منداڵاندا.
قسەكانم بە وتەیەكی ئەسترید لینگرێنە خانمە چیرۆكنووسی ناوداری سویدی كۆتایی پێ دەهێنم كە دەڵێت: "من دەمەوێت بۆ بازنەیەك لە خوێنەران بنووسم كە موعجیزە دروست دەكەن. منداڵان موعجیزە دروست دەكەن. هەر لەبەر ئەمەشە كە منداڵان پێویستیان بە كتێبە."
هیوا قادر
سەرچاوە: بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ