ناكۆتا مێتافۆر... دەربارەی كتێبە شیعری (بەلەمی نادیار)ی سامی هادی

ژانری شیعر لە جیهانی ئەدەبیاتدا بە یەكێك لە ژانرە هەم ئاسانەكان هەم زۆر ئەستەمەكان  ئەژماردەكرێت، ئاسان تا ئەو كاتەی وەك حەزێك و لەقۆناغی لاویەتی خۆتت لێدەبێتە شاعیری گەورەو، وادەزانی كە بە خوێندنەوەی ئەو شیعرە بۆ دڵدارەكەت هیچ كێشەیەك نامێنێ، و لەبەرخاتری شیعرەكەت دڵدارەكەت رازی دەبێت و بۆ هەتا هەتایە لەگەڵتا دەمێنێتەوە، ئاستەمە ئەو كاتەی ئەم كەفوكوڵە كاڵدەبێتەوە و دەمێنیتەوە شیعر بەروتی و ژیان بەگشتی.

ئەوەی كە شیعری پێدەناسرێتەوە چەند پێودانگێكن كە تارادەیەك بەپێی زەمەن و پەرەسەندنی بواری ئەدەبی، گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، وەك چۆن كێش و سەروا بوە قوربانی پێشكەوتنی ئەدەبیات و مانا بوە جێگرەوەی فۆرم لە دەقەكاندا، سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئەوەی شیعر و شیعریەتی پێدەناسرێتەوە لەدوای فۆرم و كێش و سەرواوە، ناوەڕۆك، بابەت، شێوازی دەربڕینە، كە دیسان ئەمانیش بە تەنیا نین و بۆ هەركامێكیان چەندین تەكنیك و ئامرازی خۆی هەیە كە دڵنیام دەقی باش خاڵی نابێ لە هیچ كام لەو پێودانگانە.

كتێبە شیعری بەلەمی نادیار دوا بەرهەمی شیعریی هاوڕێی شاعیرمان سامی هادی یە، كە رەنگدانەوە و قسەی دڵی كەسێكە كە لەم سەردەمەدا نمونەیان كەمبۆتەوە، سەرەرای ئەوەی خۆی وەك شاعیرێك ناناسێنێت، بەڵام ئەوانەی دەیناسن زیاتر لەخۆی بە شاعیری دەزانن، ئەو دەربڕینەكانی جیاوازییەكی دڵخۆشكەریان تێدایە، كە هەمیشە لەدەقەكانیدا بەدوای چڵەدارێكدا دەگەڕێت كە چاكەتی خەمۆكی پیابكات و تاوێك لەسەر تەنافی نۆتەی وشەكان سەمابكات.

لەشیعردا فەنتازیا و مێتافۆر پێكهێنەری سەرەكی دەبن، ئاگایی زۆری سامی هادی لە دونیا جیاوازەكان و كایە جیاوازەكانی هونەر و ئەدەبیات بە سەرجەم بەشەجیاوازەكانیەوە، وایكردوە لەجیاتی وشەیەك بۆ شیعرێكی چەندین وشە و دەربڕینی هاندێجار زیاد لە پێویستیش بنوسێت، ئەو شیعرانەی ئەو دەیاننوسێت، وەك خۆی دەیاننوسێتەوە، هەمیشە لە شیعرەكانیدا گوێت لە موزیكێكی باخ یان ڤیڤاڵدی دەبێت بە كزی، خەسڵەتی شیعرییبون دەداتە ئەو وشانەی كە لەدەرەوەی شیعرەكانی ئەودا زبرترو زەنگتر بەكارهاتوون، ئەو رەنگی تایبەت بەخۆی دەگرێتەوە و دەیدات لەسەروگوێ وشەكان، بەمەش پاڵێكی گەورە بە دەربڕینەكانەوە دەنێت كە باشتر و جوانتر بگەنە گوێی خوێنەر و وەرگر.

هەندێك وشە و دەربڕین و ناو هەن كە بەدرێژایی مێژووی ئەدەبیاتی جیهان مۆركێكی پۆیەتیكی یان شاعیرییان تێدایە، بەتایبەت لە ژانری شیعردا، لە (ۆردسۆرد) ی كلاسیكەوە تاكو ئەمڕۆش دەقی شیعرییان پێ بەهێز و پایەداركراوە، كاتێ كە هەریەك  لەم وشانەی ناو كەوانەكەو سەدانی وەك ئەوان دەبینی، بێ وەستان مێشكی مرۆڤ پێشبینی دەربڕینێكی ئەدەبی دەكات لە بەرامبەرەكەی، لەوانەش وەك نمونە هەندێكی كەم لەو دەستەواژەو وشانە دەهێنینەوە كە سامی هادی شیعرەكانی پێ تەنیوە، (ئاوێنە، باڵندە، دەریا، شەو، مانگ، باران، باخ، شەپۆل، مەستی، فڕین، شەو، چرا، تەنیایی.....هتد). هەریەك لەم دەستەواژانە جیا لە واتاكانی خۆیان، زۆرجاران وەك مێتافۆری بەهێز لەنێو دەقەكاندا دێن و دەچن، تەنانەت دەتوانین بڵێین شاعیر هێندە لە شیعرەكانیدا دەژی، بەجۆرێك لە هیچ دەقێكی خاڵی نیە لە چەندین مێتافۆر و دەستەواژەی لەوانەی سەرەوە و چەندینی تریش، كە ئەمەش خۆی بۆ خۆی پنتی جیاوازی زێڕینی هادیە لە شیعرەكانیدا، بۆ ساتێكیش شاعیر نایهەوێت خوێنەر دابڕێ لەو دونیا شیعریە تایبەتەی كە بە وێنە و وشە سازاندویەتی بۆ خۆی و خوێنەرانیش.

خاڵیكی دیكەی سەرنجراكێش لە دەقە شیعریاكانی سامی هادی، دۆزینەوەی رەگەزی مێیە لە نێو كارەكانیدا، هەردەم پیاوێك دەبینی كە بە زمانێكی پیاوانەی رەها دەدوێت و وەك مرۆڤێك باس لە خەم و ئازار و خۆشیەكانی دەكات، ئەمما هەمیشە رەگەزی مێ رۆڵی سەرەكی هەیە لە كایەكانی ناو تێكستەكانیدا، بەجۆرێك كە بێ بوونی وشەیەكیش كە باس لە ژن بكات، لەپشتی دێڕەكانەوە و لەنێوان دێڕەكانی هەمیشە مێینەیەك بوونی هەیە، لەوپەڕی جوانیدا دەردەكەون و بروسكە ئاسا نامێنن. ژنەكان لە شیعرەكانی هادیدا، هەردەم خۆشەویستی دەبەخشنەوە، ئازارەكانیان باسدەكەن، خۆشیەكانیان لەگەڵ دەورەبەر بەشدەكەن، كەچی هەردەم لەكاتی ناخۆشیەكانیاندا بەتەنیا دەبینرێن كە دەگرین، كە بێزارن كە دڵتەنگن، ئاشكرایە كە بەیانگەری هەلمومەرجی نالەباری ژن و ئەو دڵتەنگیانەیەتی كە زۆرجار پیاوەكان بۆیاندروستدەكەن، تەنها بەوەی كە پیاون.

حەسرەتێكی دێرین لە دڵی دێڕەكاندا دەبینین بۆ شتگەلێك كە كاتیان بەسەرچوە و نەكراون، ماچگەلێكی زۆر بە بێ ئەوەی بكرێن لەو زەمەنەدا دەسوڕێنەوە، شەرابگەلێكی زۆر ماون بخورێنەوە، چیرۆكەكان كورتكورتن و زوش تەواو دەبن، بۆیە شاعیر لە زۆربەی دەقەكاندا پەنا دەباتە بەر ئەو میتافۆر و یەكە تێكستیانەی كە ماندگارترن و زیاتر دەمێننەوە، بەمەشەوە نەوەستاوە، وەك تەماحبازێكی ئەدەبی دەردەكەوێت كە تەماحی لەوەیە بەردەوام دەربرێنەكانی پڕبن لە (ترین) كە بەرزترین پلەی بەراوردە ، واتە بارانی نێو ئەم دێڕانە درەنگتر خۆشدەكاتەوە، بەفرەكان سپیتر و دونیا لای ئەو ساردترینە، ئاگری ئەو بەس ناتسوتێنێ بەڵكو لە پێوانەیا گەرمترینە، ئازارەكانی گەورەترینە، بۆیە دوای خوێندنەوەی دەقێكی سامی هادی دەتوانی بزانی كە چەندە ئازاربەخشبوە ئەو جیاییەیان و چەندە دڵتەزێن بوە تەنیایەكانی، وەك چۆن دەشتوانی بە ئاسانی ئەوەش بزانی كە چەندە خۆشبوە كاتە خۆشەكانی كەنار دەریا و شەرابخواردنەوەی بەر مانگەشەو و روتبوونەوەی بەرباران و ئاگردان، ئەم حەسرەتی زۆرتین بەیانكردنەو وا دەكات دێڕەكان زیاتر پاراوبن و وێنەكان زیاتر روونبن، كە دەتوانین شیعری سامی هادی پێ جیابكەینەوە.
ئەوەی ماوە دەربارەی كتێبی شیعریی (بەلەمی نادیار) ی سامی هادی بوترێت، رەنگە ئەو راسپاردەیە بێت كە داوابكەم هەمووتان سامی هادی بخوێننەوە، ئەو لە جیاتی هەموو شاعیرەكان بەردی كۆتایی لەسەر قەبری هەندێك فۆرمی شیعری داناوە كە ئەستەمە بتوانین بە ئاسانی لایانبدەینەوە، لەگەڵ ئەوەی كە سەردەم گۆڕاوە و كەمتر تاقەت و توانا ماوە بۆ خوێندنەوەی دەقی باڵا و درێژ، بەڵام هەندێ كات حەز دەكەی شیعرەكانی هادی درێژتربونایەو وێنەی زیاترت بدیبایە لەسەر رێی چون بۆ كەنار دەریا لەبەر تیشكی مانگەشەو. حەزتدەكرد زیاتر گوێت لە دەردەدڵی ئەو ژنە تەنیایانە بوایە كە رۆژگار جیرۆكەكانی بۆ نوسیون و هیچ دێڕێكیان بەدەست خۆیان نیە، حەزت دەكرد زیاتر گوێت لە حیكایەتی دەریا و بالۆرەكانی مانگ بێ، هەرئەمەش وادەكات كە بەشانازیەوە ئەم دێڕانە بنوسم و داواتان لێبكەم كە خوێنەری شیعرەكانی بن.

بۆیە ئەم كتێبە توانای تەونی وشەسازی سامی هادی نیشاندەدات، بە ئاستەم دەتوانی دەستنیشانبكەیت كە ئەم شاعیرە خەڵكی كوێیە و ج رەگەزێك و چ نەژادێكە، كە ئەمەش دیسانەوە پێودانگێكی سەرەكی ئەدەبی باڵایەو هەموو مرۆڤ لە هەركێبێت دەتوانێت جێژ لە شیعرەكانی وەرگرێت، ئەم خەسڵەتە وادەكات كە بەتەواوەی هەست بەوە بكەین كە شاعیرێك بە واتای وشە لەبەرامبەرمانەوە خەریكە چیرۆكی دڵخۆشیەكان و چیررۆكی دلتەنگیەكانی لەگەڵمان بەشدەكات.

سۆران نەقشبەندی

Feb 28, 2022

 

سەرچاوە: بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ