کتێبی گەشتەکانی ئەنفالستان بڵاوکرایەوە

کتێبی “گەشتەکانی ئەنفالستان” کە ٢٨٥ گەشت و دیدار لەخۆدەگرێت لەگەڵ قوربانییانی ئەنفال و جاش و مستەشارەکان و لێکۆڵەرانی ئەنفال، سەبارەت بە تاوانی ئەنفال لە بادینانەوە تا گەرمیان، لە مەراسیمێکدا ناسێندرا و بڵاوکرایەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی، مەراسیمێکی تایبەتیان ئەنجامدا بۆ ناساندنی کتێبی  گەشتەکانی ئەنفالستان، لە نوسینی عومەر محەمەد، سەرنوسەری گۆڤاری ئەنفالستان، تێیدا ناساندن بۆ کتێبەکە کراو بڵاوکرایەوە.

لەمەراسیمەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە شایەتحاڵ و تاقانە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و توێژەرانی بواری ئەنفال و نووسەر و سیاسەتمەدار ئامادەبوون.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا لەلایەن نووسەر مەنسور تەیفورییەوە خوێندنەوە بۆ کتێبەکە کرا و وتی: نووسەر لەم کتێبەدا ئەوە نیشان نادات کە ئەمانە قوربانییەکی ڕەبەقن و بەستەزمانن و توانای هەست بە ستەمیان نییە نازانن چییان بەسەرهاتووە و دەبێت ئێمە بیریان بخەینەوە، بەپێچەوانەوە ئەمان بە خاوەن هۆشیاریی دەزانێت و دەیەوێت لێیان فێربێت کە ئەمە باشترین تایبەتمەندی توێژەرێکە، وەک خۆی دەڵێت قوربانییەکان خاوەن هۆشیاریی و توانا و میهرەبانین و ئازادن.

هەروەها وتیشی: لەم کتێبەدا عومەر محەمەد پێمان دەڵێت من بەدوای تەرمی مردووەکانەوە نیم چونکە کاری من نییە، بەڵکو بەدوای کەرامەتی زیندووەکانەوەم، ئەگەر هەر توێژەرێک پێی وایە ئەنفال بەسەرچووە، کاک عومەر لەوانە نییە و زۆر دوورە لەوان، لە چرکەیەکی مێژوودا وەستاوە و ڕوانگەیەکی هەڵبژاردووە کە ئەنفال تەواو نەبووە و بەردەوامە، ئەو لە بادینانەوە تا گەرمیان هەموو جوگرافیای ئەنفالی لەخۆ گرتووە، ئەم کتێبە وەک ئەو ئاوێنەیە کە تەماشای دەکەین بەوە دەگەین هەموومان بەشێکین لەو تارماییە و ئەنفال ئێمەیە.

دواتر لەلایەن عومەر محەمەد نووسەری کتێبەکەوە وتەیەک پێشکەشکرا و وتی: کارەکتەرەکانی ئەم کتێبە تەنها ئەنفالکراوەکان نین، بەڵکو شاهیدەکانی ئەنفالن و بەشێک لە مستەشار و جاشەکانیشن مستەشار هەبووە کە برای خۆی ئەنفال کردووە، واتا هەم قوربانی و هەم جەلادم وەرگرتووە، بەتایبەتی ئەو شایەتحاڵانەی کە خوێندەوارنین، ئەو چیرۆک بێژانەی کە توانای نووسینیان نییە، لەهەندێ شوێنیش بەڵگە و شیکاریی تێدایە و کەسانی لێکۆڵەریش قسەدەکەن.

لە کۆتاییدا خەڵاتێکی تایبەت لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بەخشرایە نووسەر و لەلایەن ئامادەبووانەوە بە دەستە گوڵ پیرۆزبایی لێکرا.

کتێبی گەشتەکانی ئەنفالستان لە دیدار و بەدواداچوون پێکدێت، کە سێ بەرگە و هەر بەرگێکیان ۹٥ دیدار لەخۆدەگرێت، لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپکراوە و هەر ئەمڕۆ لەلایەن هەمان دەزگاوە بڵاوکرایەوە و لەڕۆژانی داهاتوودا لە کتێبخانەکانی دیکە بەردەست دەبێت.

 

 

سەرچاوە: rojnews