گرنگیی و کاریگەریی "ئه‌مین محەممەد" لە بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵاندا

 ئه‌مین محەممەد، ئەدیبێکی ڕۆشنبیر و لێوان لێو له ‌داهێنان و وشە و هەڵوێست و بوێری، شۆڕەسوارێکی نەگلاوی مەیدانی شیعری منداڵان و فەرهەنگ و ڕۆشنبیری و زمانەوانی و بیرمەندێکی هەق ویست و پڕاو پڕ له‌ڕاستگۆیی، ته‌نها ئارەزووی  بەدەستهێنانی بەختەوەریی ڕاستەقینەیە بۆ منداڵان، بۆیه‌ به‌ئەقڵێکی به‌هێز و جیاواز و گەشبینییەوە ڕابه‌ڕایه‌تی مێژوویه‌ك دەکات، بۆ زۆر ڕۆڵی گرنگ و باڵا هاته ‌نێو گۆڕه‌پان تا ببێته ‌خاڵی یەکلاکەرەوەی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان، چ له‌ڕووی گشت ڕووداوه‌كانی ئه‌م ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌دا به‌چاك و خراپییه‌وه‌ شه‌ن و كه‌و بكات، ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنج له ‌كار و به‌رهه‌مه‌ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌م مرۆڤه‌ به‌توانایه‌ بده‌ین، وا هه‌ست ده‌كه‌ین (ئه‌مین) ڕێك بۆ ئه‌م ژانره‌ له‌دایك بووه.‌

 ئێستا به‌ڕوونی هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌مین بووه‌ به‌ڕابه‌رێك و هاوپیشه‌و هاوته‌مه‌نه‌كانیشی ده‌یانه‌وێ ڕێچكه‌ی ئه‌و بگرن و وه‌ك ئه‌ویش بنووسن، ئه‌وه‌تا ئه‌وانیش ئێستا ڕوویان كردۆته:‌ (مانگ، ئه‌ستێره‌، خۆر، شنه‌ی با، فڕین، چوون بۆ سه‌ر هه‌وره‌كان)، كه‌ ئه‌مه‌ش قۆتاغێكی نوێیه‌ و ئه‌مین سه‌رقافڵه‌چیه‌تی، چونكه ‌پێشتر بەو شێوازە کەمتر شیعرمان بەرچاو دەکەوێت، خه‌ونی ئه‌مین ئه‌وه ‌بوو ڕێك به‌ویستی منداڵ بنووسێ و له ‌گشت خه‌ون و خۆزگه‌كانیان نزیك ببێته‌وه‌، به‌مه‌ش قۆناغی ئامۆژگاری تێپه‌ڕاند، ده‌توانین به‌شانازیه‌وه‌ بڵێین قه‌ڵه‌مبازێكی گه‌وره ‌و وه‌رچه‌رخانێكی میژوویی بوو له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی منداڵانی كوردستاندا.

 به ‌بۆچوونی من گه‌شتمه‌ ئه‌و ئەنجامەی، گەردوون لەم ماوە دوور و درێژەد،ا هەوڵی داوە مرۆڤێك بخولقێنێ، کە ئه‌ویش ئه‌مین محەممەده‌، تا لەڕێگەی شیعره‌وه‌ خۆی بناسێنێ به‌جیهانی منداڵان، چونكه‌ ئه‌م شاعیره‌ به‌دڵ و‌ بیر و رۆح و هەست ئاوێته‌یه‌ له‌گه‌ڵ خەونەکانی منداڵاندا، ئه‌مه‌و جگه ‌لەوەی به‌جەستە و دەروون و ڕۆحی، خۆی  تەرخان كردووه‌ تا لە هەرچی ویستی منداڵان هه‌یه تێبگا و بزانێ و خەونیان چییه‌ تا به‌شیعر بۆیان بێنیتە بوون.

 ئه‌گه‌ر ویستت بەباشی لە توانا شاراوەکانی ئه‌م شاعیره‌ دڵپاكه‌ی منداڵان تێ بگەی، ئه‌وا ئاوڕێک لە نووسینه‌كانی ئه‌مین محەممەد و نامیلكه‌ شیعره‌كانی بده‌ره‌وه‌، یان ماڵی باران بکە بە پێوەری باوەڕێكی پتەو و له‌بن نه‌هاتوو، ئه‌وسا بە سه‌رسوڕمانه‌وه‌  تێده‌گه‌ی ئه‌مین محەممەد چه‌ند به‌عه‌شقه‌وه‌ بۆ خه‌ونه‌كانی منداڵانی نووسیوه،‌ دڵنیام خۆت پێناسه‌یه‌كی وه‌ها جوانی بۆ ده‌كه‌یت، سینه‌ به‌سینه‌ بیڵێنه‌وه‌، ئیدی وه‌ك هه‌وادرێكی سه‌رسه‌خت كتێبه‌ مناڵانه‌كانی ئه‌مین محەممەد له‌ هه‌ر كوێ بێ بە دڵ و به‌ گیان سۆراخی بۆ ده‌كه‌ی.

 گه‌ر ویستت باوەڕ بە نووسینێكی ئەفسانەیی بێنی سۆراغی خه‌یاڵه‌كانی ئه‌مین محەممەد بكه‌و له‌ناو خه‌ونی چۆله‌كه‌دا به‌هره‌كانی بیبینە چۆن بەرەو به‌رزیی ئاسمان هەڵ دەکشێت، تاکو دەستی هیچ ڕاوچیه‌كی بێوژدانی پێ نەگات.

 ئه‌گه‌ر ویستت وه‌ك خاوه‌ن هه‌ستێكی وه‌فادار و گشتگیر بە خۆت پارێزگاری به‌هره‌و و ئازادی منداڵان بیت، ئه‌وا دیسان بڕۆ سۆراغی ماڵی باران و خه‌ونی پشه‌ سپی هەڵوەدای جه‌ژنی دارستان، ئه‌وسا دڵنیام لە دەریای خۆشەویستی و بەرپرسیاریدا نوقم ده‌بیت.

 ئه‌گه‌ر ویستت شیله‌ی شیعرێكی ئه‌مین محەممەد به‌تامی منداڵيی بكه‌یت، بۆ ساتێك منداڵ به‌ره‌وه،‌ شیعری گۆرانی شادی بخوێنه‌ره‌وه،‌ ئه‌وسا ده‌بیت به ‌باڵنده‌ و شار به‌جێ دێڵیت، ده‌بیت به ‌میوانی مانگ و ئه‌ستێره‌ و ماڵی هه‌وره‌كان، دڵنیام بێ ڕاوه‌ستان هەر ده‌ڕۆیت و كاتێ به‌خۆت ده‌زانی گۆی زه‌ویت جێهێشتووه‌ و گوێت بۆ گورانیی هەورەکان ڕادێراوە، پاشان كه ‌لێبویته‌وه‌ نامیلكه‌ شیعره‌كه‌ به‌ئه‌مه‌كه‌وه‌ لە ناو كتێبخانه‌ی ماڵه‌كه‌ت داده‌نێیت، ئه‌وسا له‌ هەموو بۆنەیەکی خۆش و له‌دایكبوونی منداڵێكی ئه‌م نیشتمانه‌دا، لاپەڕه‌ به‌لاپه‌ڕه‌ هه‌ڵده‌یته‌وه‌ بە دەنگێكی ناسك و خۆش ده‌یخوێنته‌وه‌ بۆ منداڵه‌ ئازیزه‌كان، ئای چه‌ند خۆشه‌ به ‌خه‌یاڵ خۆت منداڵ بكه‌یته‌وه‌ دڵت بسپێرێت بەو شیعره‌ ناسكانه‌ كه‌ بۆنی منداڵیان لێدێت، هه‌م خۆت چێژ وەرده‌گری و هه‌م خه‌یاڵه‌كانیشت ئاسوو ده‌ده‌بێت، ئای چه‌ند خۆشه‌ تابلۆی خه‌یاڵ شیعری ورچه ‌خه‌پان له ‌ئارامی شه‌وه‌كانی پایزدا تێكه‌ڵ به‌ خه‌نده‌ و بزه‌ی منداڵان بكه‌یت.

ئه‌مین محەممەد هەر لەسەرەتاوە کەسایەتییەکی فرەڕەهەند بووە لە بوون و بیرکردنەوە و نووسین و بیرۆكه‌ی تازه،‌ ناوبراو لە شیعره‌كانیدا گەلێ لایەنی ژیانی بەسەر کردۆتەوە، به‌ڵام له ‌هه‌ر هه‌موویان جوانتر و به‌نرختر ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بووه‌ كه‌ هه‌ڵی بژاردووه‌.

 ئه‌مین محەممەد جگه ‌له‌ دیدی خۆی لە ڕووی ده‌روونناسی منداڵه‌وه، مرۆڤێكی بەئاگاو هه‌ستیار بووه،‌ تێكه‌ڵ به‌هەست و نه‌ستی منداڵان بووه,‌ ئەگه‌رچی خۆشی خاوه‌نی پێنج منداڵی چاوگه‌شه‌، به‌ڵام وه‌ك باوكێكی میهره‌بان بە پێی عه‌شق و باوه‌ڕی خۆی تێكه‌ڵ به‌جیهانی منداڵان بۆته‌وه،‌ به‌مه‌ش قه‌ڵه‌مبازێكی هێجگار گه‌وره‌ی داوه.‌

 ئەم بیرمەندە لە ده‌یه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، ده‌ركه‌وت، ئه‌م ژانره‌ له ‌ھەر قۆناخێک دا بوو بێت به‌وردی ھەوڵی داوە تیشک بخاتە سەر جیهانه‌ جوانه‌كه‌ی منداڵان.

کاتێکیش كه ‌خۆی ته‌رخان ده‌كات بۆ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان شێوەی نووسین و بیرۆكه‌كانی بۆ منداڵان جیاوازیه‌كی به‌رچاوی پێوه ‌دیار ده‌بێت، به‌مه‌ش ئه‌ده‌بی منداڵان ڕزگار ده‌كات له ‌چه‌ق به‌ستوويی، خه‌یاڵی منداڵان ده‌گوازێته‌وه‌ به‌ره‌و لای ئه‌ستێره‌ و هه‌وره‌كان، ئه‌وسا وه‌ك دیاریه‌كی خنجیلانه‌ پێشكه‌شی كردوون، هونه‌ر له‌مه‌دایه‌ کاتێ ئه‌مین محەممەد ھەست بە بۆشايیه‌كی گه‌وره‌ و دابڕاو ده‌كات له ئه‌ده‌بی منداڵاندا، له‌دوای كۆچی دوايی كاكه‌ی فە‌لاح ‌و فەرەیدون عەلی ئەمین، ئیتر ئه‌م مرۆڤه‌ خه‌مێكی قوڵ سه‌رتاپای داده‌گرێت و ده‌ست ده‌كا به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ بۆ منداڵ نووسراون، پاش بێده‌نگییەکی زۆر بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی بیست ساڵ ئه‌م گۆمی بێده‌نگیه‌ ده‌شڵه‌قێنێ و ئه‌وسا كانی هزری ده‌ته‌قێ و بێ ڕاوه‌ستان دڵسۆزانه‌ پێنوسه‌كه‌ی ده‌خاته‌ كار بۆ خزمه‌ت كردنی ئه‌ده‌بیاته‌ هه‌ژاره‌كه‌ی منداڵان.

كه‌منین ئه‌و كار و چالاكی و به‌رهه‌مانه‌ی مامۆستا ئه‌مین له‌م بواره‌دا

پێشكه‌ش به‌منداڵ و ئه‌ده‌بیاتی منداڵانی كردووه.‌

به‌چاپ گه‌یاندنی (7) كتێبی شیعری تایبه‌ت به‌منداڵان به‌ناوی:

ماڵی باران، هاوڕیی نوێ، خه‌یاڵی مناڵان، هه‌نگه‌وردیله‌، خه‌ونی چۆله‌كه‌، به‌رسیله‌، گۆرانی هه‌وره‌كان، هه‌روەها نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك چیرۆك له ‌گۆڤاره‌كان

به‌ناوی سه‌مای ماسی. وه‌رگێڕانی چوار كتێبی چیرۆكی تایبه‌ت به‌ منداڵان له‌زمانی عه‌ره‌بیه‌وه‌ بۆ كوردی و بڵاو كردنه‌وه‌ی له‌ گۆڤاره‌كاندا.

شایانی باسه‌ ئه‌مین محه‌ممه‌د له ‌بواری ڕه‌خنه‌ش دا ده‌ورێكی باڵای هه‌بووه، نمونه‌ش بۆ ئه‌مه‌ كتێبی چاپكراوی هه‌یه‌ به‌ناوی زمان ڕه‌وانی و كێشی بڕگه‌ له‌شیعری منداڵاندا، هیوادارم له‌م كار و چالاكیانه‌دا پشوو درێژ و ته‌مه‌ن درێژبێت, به‌رده‌وام بێ تا ئه‌ده‌بیاتی منداڵان له‌كه‌ناری ئارامی و پێشكه‌وتن و دڵنیایی نزیك بكاته‌وه،‌ چونكه‌ من به‌كه‌شتیوانێكی شاره‌زا و به‌ئه‌زموونی ده‌زانم، بۆیه‌ له ‌دڵه‌وه‌ ئه‌م هیوایه‌ی بۆ ده‌خوازم.

سەردار قادر
Apr 6, 2022

 

 

سەرچاوە: galawej