سەرلەبەیانی 5/3/2022 ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی كۆڕێكی بەناونیشانی (شانۆو مێژووی شانۆ لەكەركوك) بۆ هونەرمەندی ناسراوی كورد عەلی كەریم سازكرد.
كۆڕەكە بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەهونەرمەندان و نوسەران و رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو تێیدا عەلی كەریمی هونەرمەند باسی لەمێژووی شانۆی شاری كەركوك و وتی: لەپێشوودا لێكۆڵینەوەیەكم لەسەر شانۆو درامای كوردی لەكەركوك كردووە، بەڵام بەڵگەیەكم لەبەردەستدا نیە بڵًێم لەو ساڵ و رۆژە سەرچاوەیەك هەیە بۆ شانۆی كوردی لەكەركوك، بەڵام لەسەر زمانی ئەو كەسەی كە یەكەمجار كاری هونەریی كردووە لەو شارە ئەو سەرچاوانەم وەرگرتووە كە ئەویش فۆتۆگرافەر نوری هونەر بووە لەكەركوك ئەو بۆمی باس كردووە ئەگینا خۆم نەمبینیوە كە یەكەم كاری شانۆ كرابێت لەكەركوك ساڵی 1957 بووە لەستادیۆمی كۆمپانیای نەوت لەڕۆژی نەورۆز كە كۆمەڵێك گەنجی خوێن گەرم هەوڵیانداوە یادی نەورۆز بكەنەوەو لەهەمانكاتیشدا شانۆگەری كاوەی ئاسنگەر پێشكەش بكەن، بەڵام پۆلیسی سەردەمی پاشایەتی نەیانهێشتووەو بڵاوەیان بەكۆبوونەوەی خەڵكەكە كردووە.
وتیشی: خۆشبەختانە ساڵێك دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی 14ی تەمموز بڕیاری هاوبەشی كوردو عەرەب لەكەركوك دەدرێت كە كوردیش مافی بوژانەوەی رۆشنبیری و شانۆیی و ئەدەبی و هەموو ئەمانەیان هەبێت، بۆیە ئەوكات پارتی دیموكراتی كوردستان هەبوو توانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە كۆمەڵێك گروپی هونەری ژنان و قوتابیان و لاوان و مامۆستایانی هەبوو هەندێك كار بكەن، بەڵام ئەوەی كە كرا بەشێوەیەك كە بتوانین ناوی شانۆی لێبنێن خواڵیخۆشبوو خالید دلێر لەگەڵ زێبە خانی خوشكی و نوری هونەر بوون كە تیپی هونەری خەباتیان لەكەركوك دانا كە لەیادەكانی نەورۆزو یادی تردا لەگەڵ ئاهەنگدا شانۆگەریشیان پێشكەش دەكرد كە لەو شانۆگەریانەی لەساڵانی 1959 و 1960 و 1961 پێشكەشكران بریتیبوون لە (فاڵچی – كاوەی ئاسنگەر – شەوی كۆتایی).
دواتر ئامادەبوان بەپرسیارو سەرنج بەشداریان لەكۆڕەكە كرد.
سەرچاوە: pukmedia