فۆتۆگرافه‌ر ئه‌حمه‌دی ناتقی خاوه‌نی فۆتۆی عومه‌ری خاوه‌ر میوانی سلێمانییه‌

له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانێكدا بۆ شاری سلێمانی فۆتۆگرافه‌ری ئێرانی ”ئه‌حمه‌دی ناتقی” خاوه‌نی گرته‌ی كاره‌ساتباری ”عومه‌ری خاوه‌ر”  چه‌ند دیدارو به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا.
ئه‌حمه‌دی ناتقی كه‌ به‌ میوانداریی لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان و ده‌زگای میدیایی جام كوردی، بۆ ساڵیادی كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ شاری سلێمانییه‌ و سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌كات، زنجیره‌یه‌ك كۆڕ و سیمینار و دیدار ئه‌نجام ده‌دات.
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆش 12-3-2022 له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كانیدا سه‌ردانی رێكخراوی دیالۆگ و كلتوری كرد و له‌ گفتۆگۆیه‌كی كراوه‌دا باسی كار و چالاكییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌یان كرد و د. ئه‌حمه‌د ناتقی پێی راگه‌یاندن له‌مڕۆدا له‌ڕێگه‌ی وێنه‌وه‌ له‌ زووترین كاتدا ده‌توانن په‌یامی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ جیهان. 
دواتر و له‌كۆڕێكدا ساڵۆنی كوردستانی نوێ میوانداریی د.ئه‌حمه‌دی ناتقی كرد.
له‌ سه‌ره‌تای كۆڕه‌كه‌دا دیكۆمێنتارییه‌ك له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی د.ناتقی پێشكه‌شكرا، كه‌ له‌لایه‌ن سایتی PUKmedia ه‌وه‌ ئاماده‌كرابوو.
دواتر له‌ وته‌یه‌كدا د.ناتقی باسی له‌ یه‌كه‌م ساته‌كان رۆژی 16-3-1988 كرد، كه‌ دوای نزیكه‌ی نیوسه‌عات له‌ كیمیابارانه‌كه‌ چۆته‌ سه‌ر ته‌رمی عومه‌ری خاوه‌رو كۆرپه‌كه‌ی و یه‌كه‌م گرته‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌ی له‌ رێی كامێری فیلمه‌وه‌ تۆماركردووه‌و وتی : فۆتۆی عومه‌ری خاوه‌ر یه‌كێكه‌ له‌و گرته‌ خه‌مناكانه‌ی له‌ كاری میدیایدا تۆماری كردووه‌
له‌به‌شێكی تری كۆڕه‌كه‌دا د.ناتقی چه‌ندین وێنه‌ی پیشانی ئاماده‌بووان دا كه‌ بۆیه‌كه‌م جار و له‌یه‌كه‌م رۆژی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا تۆماری كردون و وتی وه‌ك یه‌كه‌م فۆتۆگرافه‌ری ئێرانی نزیكه‌ی 300 وێنه‌ی كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌م گرتووه‌.
له‌ چالاكییه‌كانی هه‌مان رۆژدا د.ئه‌حمه‌دی ناتقی سه‌ردانی بنكه‌ی ژین -كرد كه‌ بنكه‌یه‌كی تایبه‌تی ئه‌رشیفكردن و دیكۆمێنتكردنی رۆژنامه‌ و چاپه‌مه‌نی و كه‌لوپه‌لی چاپخانه‌ یه‌.
له‌ سه‌ردانێكی كورتدا د.ئه‌حمه‌دی ناتقی به‌ یاوه‌ری مامۆستا ڕه‌فیق ساڵح سه‌رۆكی بنكه‌ی ژین به‌شه‌ جیاجیاكانی بنكه‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌و به‌ تێڕامانه‌وه‌ رۆژنامه‌ و ده‌ستنووسه‌ ئه‌رشیفییه‌ كوردی و عه‌ره‌بی و ئێرانییه‌كانی بینی.
له‌ كۆتایی چالاكییه‌كانی ئه‌مڕۆیدا د.ئه‌حمه‌دی ناتقی، سه‌ردانی  ناوه‌ندی رۆشنبیریی دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ -ی كرد. 
له‌م سه‌ردانه‌شیدا مامۆستا جه‌زا ئه‌حمه‌د شاره‌زای بواری كتێبخانه‌ و ئه‌رشیف، به‌ وردی باسی پڕۆژه‌ی به‌ دیجیتاڵكردنی كتێبخانه‌ی تایبه‌تی د.عزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ ی كرد و ده‌ستنوس و كتێبه‌ ئه‌رشیفییه‌كانی د.عزه‌دین-یشی پێشكه‌ش به‌ د.ناتقی كرد.

 

 

سەرچاوە: pukmedia