91 ژنی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداری لە کۆنگرەی جیهانیی ژنان دەکەن، کە لە تونس بەڕێوەدەچێت. ژنانی جیهان لە کۆنگرەکەدا کێشەکانیان دەخەنەڕوو بە مەبەستی گەیاندنی بە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7-9-2022، ڤانیسا رەشید، ئەندام لە رێکخراوی نێرگزی خانمانی کورد لە شاری میونشن، کە بە نوێنەرایەتیی ژنانی باشووری کوردستان بەشداری لە کۆنگرەکە کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ یەکەمجارە شاندێکی کوردی سەربەخۆ لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کە پێکهاتوون لە 60 ژن لە باکووری کوردستان، 20 ژن لە رۆژهەڵات، 9 لە رۆژئاوا و دوو ژن لە باشووری کوردستان بەشداری لە کۆنگرەی جیهانیی ژنان دەکەن ."
یەکەم کۆنگرەی جیهانیی ژنان لە ساڵی 2011 لە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا لە یادی 100 ساڵەی رۆژی جیهانیی ژنان، بەڕێوەچوو، دووەم کۆنگرەش لە ساڵی 2016 بوو. کۆنگرەی سێیەمیش لە رۆژی 06-09-2022 لە تونس دەستی بە کارەکانی کردووە.
ڤانیسا رەشید دەڵێت: "لەم کۆنگرەیەدا ژنانی جیهان کۆدەبنەوە و پێکەوە کێشەکانیان دەخەنەڕوو و هەر کەسێک باس لە ئازاری ژیان ژن لە وڵاتەکەی خۆی دەکات."
کۆنگرەکە پێنج ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت. ڤانیسا رەشید گوتی: " کۆنگرەکەی ئەمساڵ ماوەی هەفتەیەک، لە یەکەم رۆژدا لە پایتەختی ئەو وڵاتەی کە کۆنگرەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت ژنان خۆپێشاندان دەکەن و کێشەکانیان دەخەنەڕوو و داوای چارەسەر دەکەن، ئێمە هەر لە یەکەم کۆنگرەوە بەشدار بووین."
لەبارەی گرنگیی کۆنگرەکە ڤانیسا رەشید گوتی: "زۆر گرنگە، چونکە هەموو ژنانی جیهان کۆدەکاتەوە و ئازارەکانی ژن لە هەموو وڵاتەکانەوە دەخرێتەڕوو، من لە یەکەم رۆژی کۆنگرەکە و لە کاتی خۆپێشاندان لە تونس وەک نوێنەری کوردستانی باشوور بە ئاڵای کوردستان بەشداربووم."
کۆنگرەی جیهانیی ژنان لە 20 ورکشۆپ پێکدێت، ڤانیسا لەبارەی ورکشۆپەکانەوە گوتی: "من ئەمساڵ لە دووەم رۆژی کۆنگرەکە سیمنارێکم هەبوو کە تایبەت بوو بە بەکارهێنانی ژن لە کاتی شەڕ، باس لەوە دەکات زۆرجار سەربازەکان لە کاتی شەڕ ژن وەک چەک بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی نەتەوەیەک لە بنەڕەتەوە لە نێو ببەن و ئازاری بدەن دەستدرێژیی دەکەنە سەر ژنەکانیان."
ڤانیسا گوتیشی: "دوای تەواوبوونی کۆنگرەکە سەرجەم ئەو راسپاردانەی خستوومانەتەڕوو کۆی دەکەینەوە و ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکەین بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی، ئێمەش دەزانین چارەسەرکردنی هەندێک کێشە ئاسان نییە و کاتی دەوێت، بەڵام هەوڵی خۆمانی لەگەڵ دەدەین."
ئەو ئەندامەی لە رێکخراوی نێرگز تیبینی لەسەر بەشداریکردنی ژنانی کوردی باشووری کوردستان هەیە لەو کۆنگرەیە، لەو بارەوە گوتی: "بەڕاستی باسکردنی بەشداری ژنانی باشوور جێگەی پرسیارە، ئێمە مانگی ئاداری ئەمساڵ سەردانی کوردستانمان کرد بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی ژن لە باشووری کوردستان کۆبکەینەوە، بەڵام هیچ دەستپێشخەرییەکیان نەبوو بۆ ئەوەی بەشداری لەو کۆنگرەیە بکەن و کێشەکانیان بخەنەڕوو ئەوەش جێگەی نیگەرانی ئێمە بوو."
نیاز جاف، سەرۆکی رێکخراوی نێرگزی خانمانی کورد کە یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی کۆنگرەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە سەرەتا بۆ بەشداریکردن لەم کۆنگرەیە رێگرییمان لێکراوە، بەڵام دواتر داکۆکیمان کرد کە دەبێت بەشدار بین و ئێمە لە کوردستانی-عێراقەوە هاتووین ئەوەبوو وەک وڵاتێک ئێمەیان خستە نێو کۆنگرەکە و بە ئاڵای کوردستان بەشداربووین، لەوێ باسی هەرچوار پارچەی کوردستانم کرد و گوتم ئیمە دژی یەک نین، بەڵام جەنگ ئێمەی لەیەک کردووە و ئازارەکانی ژنانی کوردستانم باسکرد، بوونی کوورد و بەشدارییان لەم کۆنگرە زۆر گرنگە، چونکە هەموو ژنی جیهان کۆدەبنەوە و کێشەکانیان دەخەنەڕوو، بڕیارە سبەی لەسەر ستەیج هەی رەقیب بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بڵێن."
سەرچاوە: rudaw