(25)ی مانگ، بیست و پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ بەڕێوەدەچێت

بڕیارە ڕۆژانی (25 تا 28)ی 5ی 2022، بیست و پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەڵەتی گەلاوێژ، لەشاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەكەمی فێستیڤاڵ هەردوو پێشانگەی شێوەكاری و پێشانگەی كتێب لەهۆڵی كولتووری سلێمانی- كارگەی جگەرە دەكرێنەوە.
كاتژمێر (4)ی پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژیش، لەتەلاری هونەر بە بەشداری میوانێكی زۆری ناوخۆ و دەرەوە، بەپێشكەشكردنی چەندین چالاكی هونەری وەك كۆنسێرتی میوزیك و گۆرانی و خەڵاتكردنی (3) هونەرمەندو (2) نووسەری كوردو خوێندنەوەی دەقی شیعری بەزمانەكانی عەرەبی و فارسی و كوردی، فێستیڤاڵ دەستپێدەكات.
هەر لەیەكەم ڕۆژی فێستیڤاڵدا چەندین چالاكی و بڕگەی دیكەی هونەری و كولتووری پێشكەشدەكرێن.
لەڕۆژانی دواتریشداو لەدرێژەی چالاكییەكانی یوبیلی زیوینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لەهۆتێل رامادا، چەندین پانێل و دیدار لەسەر تەوەری جیاجیا بەڕێوەدەچن.
لەبەشێكی دیكەی چالاكییەكانی فێستیڤاڵدا، كاتژمێر (8)ی ئێوارەی دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵ، لەهۆڵی رامادا شەوە شیعری یوبیلی زیوینی گەلاوێژ بەبەشداری چەندین شاعیر بەڕێوەدەچێت و لەهەمان كات و لەسێیەم ڕۆژی فێستیڤاڵدا، لەهۆڵی ڕۆشنبیری، شانۆگەری (ماڵی خۆشەویستی) نمایشدەكرێت.
لەكۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵیشدا بەدابەشكردنی خەڵاتی یەكەم و دووەم و سێیەمی  پێشبڕكێی (شیعر، چیرۆك و لێكۆڵینەوە)، كۆتایی بەبیست و پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ دێت.

 

 

سەرچاوە: galawej