'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' لە سینەماکانی کوردستان پێشاندەدرێت

 

 

 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' ماهیر حەسەن وئەحمەد جۆڵا

 

 

"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" ناوی نوێترین بەرهەمی سینەمایی کوردییە کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە باشووری کوردستان بەرهەمهاتووە، بڕیارە لە جەژنی رمەزاندا لە سینەماکانی باشووری کوردستان پێشانبدرێت و ئەمشەو ترەیلەرەکەی بۆ یەکەمجار لە رووداو بڵاودەکرێتەوە.

"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" لە سیناریۆ و دەرهێنانی شوان عەتووفە و هەریەک لە ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا، رێشان حەمۆ، سیروان جەمال، سرووشت کامەران، شوان کەریم و ژاڵە رەسوڵ رۆڵی سەرەکییان تێیدا گێڕاوە، ژمارەیەک ئەکتەری دیکەش لە رۆڵی لاوەکیدا دەردەکەون. 

تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە و بڕیارە کاژێر 8:00ـی ئەمشەو دووشەممە 19ـی شوباتی 2024 ترەیلەری لە هەواڵەکانی کاژێر 8:00ـی رووداو و یوتیوبی رووداو بڵاوبکرێتەوە.

رووداوەکانی فیلمەکە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا روودەدەن، تێیدا کوڕەکانی (غورەی قەساب) دەکەونە گەرمە و کێشەی ژنهێنان و چاوەڕێی مردنی باوکیانن؛ بۆ ئەوەی ئەم ململانێیە یەکلایی بکەنەوە. لەسەر شەقامەکانیش کارەکتەری (حەمە حەیوان) و گرووپەکەی لەگەڵ ئەوەی یاخین لە کۆمەڵگە، بەڵام خەریکی پاراستنی سەگ و پشیلەی سەر شەقامەکانن. 

کۆرۆنا دێت و کەرەنتینەی گشتی راستییە زۆر شاراوەکەی ئەم چیرۆکەیان بە شێوازێکی هونەری و کۆمیدی بۆ دەردەخات.

فیلمەکە لە ژانری کۆمیدی، رۆمانسی و دراماییە و لە بەرهەمهێنانی سۆران عوسمان و کۆمپانیای "سۆ پڕۆدەکشەنە"، لە 23 حوزەیرانی 2023 راگەیێندرا و لە 1ـی ئابی 2023 وێنەگرتنی دەستیپێکرد، ئاوات شەریف، بەرپرسی وێنەگرتنیەتی. 

سۆران عوسمان، بەرهەمهێنەری فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەی فیلمەکە یەک کاژێر و 40 خولەکە و لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا، لە یەک کاتتدا لە سینەماکانی باشووری کوردستان لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک پێشاندەدرێت.

"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" بە کامێرای "ئەلێکسا 35ـی" کۆمپانیای "Arri" وێنەگیراوە، کە نوێترین ئامێری وێنەگرتنی سینەماییە و بەرهەمهێنەرەکەی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، یەکەمجارە لە کوردستان و عێراق کامێراکە بەکاردێت و فیلمەکە بە کوالیتی 4.6K وێنەگیراوە.

سۆران عوسمان، بەرهەمهێنەری شانۆگەری "دوا رۆژەکانی بابلۆ"یە کە لە 2022 نمایشکرا و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم بەرهەمە بۆ ماوەی 55 رۆژ لە سلێمانی نمایشکرا و زیاتر لە 26 هەزار و 400 بینەری هەبوو.

سەرچاوە : ڕووداو