کورتەچیرۆک 5001

حەسەن نازدار

تەقەی كرانەوەی دەرگای زیندان دڵی داخورپاند، چەپكێك تیشكی رۆژ هاتە ‌ژوورەوە، پێیەكانی كابرای زیندانیش هاتنە دەرەوە، بەسەروسیمای زەردهەڵگەڕا و پر‌چ و ریشی درێژ و دووچاوی تامەزرۆ بۆ خێزان و شار و خەڵكەكەی ماڵاوایی لە چەندان ساڵ ژیانی ناو زیندان كرد، لەگەڵ هاتنە ‌دەرەوەیدا سەری لەوە سوڕما كە ‌بۆچی كەس نەهاتووە ‌بۆ پێشوازی، چۆن دەبێت ماڵ و مناڵ و خزم و ناسراو ئەمیان لە‌بیركردبێت؟ چونكە ئەم وایدەزانی ئەوان ساڵانێكە چاوەڕوانی ئەم ساتەوەختە ‌دەكەن؟.
پێشتر ئەم لەلاپەڕەكانی خەیاڵیدا سیناریۆی پێشوازی گەرمی ئەوانی نووسیبوو، كە چۆن مناڵە ‌بچووكەكانی كە ئێستا گەورەبوون دەستەكانی دەگرن و بەدەم فرمێسكی خۆشییەوە نێوچاوانی ماچ دەكەن و ئەمیش تێر تێر بۆنیان دەكات، چۆن ژنە جەحێڵەكەی جارانی كە ئێستا بووەتە خانمێكی سەروقژ خۆڵەمێشی، لە خۆشیان لەبەردەمیدا لەهۆش خۆی دەچێت، چۆن برا و خوشكە لاوەكانی كە پەتای چاوەڕوانی پیری كردوون، بەخەندە و خۆشیەوە ‌لە ‌باوەشی دەگرن.
لە دڵی خۆیدا دەیگوت: (هەر رۆژێك دوای ئازاد بوونم، دەچمە گەرماوی گۆران، خۆم دەشۆم و تەپوتۆزی ئەم زیندانە نەفرەتییە لە خۆم دەكەمەوە، پاشان دەچمە باخی گشتی و بەدەم كێشانی جگەرەیەكی سۆمەرەوە خۆم دەدەمە بەرتیشكی زێڕینی هەتاوی شار، پاشان غلۆر دەبمەوە بۆ چاخانەكەی (خاڵۆ‌) چایەكی تاڵ وەك رۆژەكانی زیندان، بە كڵۆیەك شەكری شیرینی قەندانە‌دارینەكانەوە ‌نۆش دەكەم، هەڵناسم تا پەپوولەی خەندەی نوكتە و تەڵاقێكی بارام بەگ لەسەر لێوەكانم نەنیشنەوە، پاشان پڕ بەگەرووم هەوای شار هەڵدەمژم، چاوم تێر دەكەم لە بینینی سەوزاییەكانی شارەزور و گوڵاڵەسوورەكانی دەمبا، سەرنجێكی چیای هەورامان و باڵامبۆ و شنرۆێ دەدەم كە عەبابەیلێی جوانی گرتووەتە باوەش، گوێم سیخناخ دەكەم لە دەنگی پاسارییە لاسارەكان كە هەریەكە و گۆرانی بۆ هاوجووتەكەی خۆی دەچڕێت، تا هێلانەیەكی بەهاری بۆخۆیان چێ بكەن، ناخونەكێك لە قەراغی نانێكی سەرمێزی نانەواكەی عومەری خاوەر دەدەم. لادەدە‌مە لای چێشتخانەی وەهبی و قاپێ سەروپێ دەخۆم، خۆم دەكەم بە مزگەوتی پاشادا و دوو ركاتی نوێژی چێشتەنگاوی ئازادی دەخوێنم، دێمە دەرەوە بەدەم رێوە لە دوكان و سەوزە و میوەفرۆش و قەساب و ئۆتۆمبێل و خەڵكەكە را‌دەمێنم، لای سینەما تاقانەكە ‌رادەوەستم و سەیری وێنەكان دەكەم و تۆزێ گوێ لە گۆرانییەكانی ناوی دەگرم، تا دواین زەنگی سینەماكە دەوەستم دەچمە ژوورەوە و بەیادی رۆژانی لاوی سەیری فیلمەكە دەكەم كە رەنگە فیلمێكی هیندی بێت، بە ناو ئاپۆڕە و فیكەی لاوەكانی بەردەم سینەماكەدا، دێمەدەرەوە، ئاوازێكی شیرینی حەمەقوتوو دێتە سەر زمانم و لای عومەربانەیی وێنەگر دەوەستم و وێنەیەكی دوایی ئازاد بوونم دەگرم) هۆڕینی ئۆتۆمبێلێك لەم خەیاڵانەی بە ئاگای هێنا، هەستی كرد، تیشكی هەتاوی دەمەوبەهارە خەریكە بێهێزی دەكات، سەیری كرد هێشتا كەس  نەهاتووە بۆ پێشوازی، تەمی بێ هیواییەك خەریك بوو بەرچاو و دڵی دەگرت، ناچار وەك شەوانی زیندان خۆی دایەوە دەست شەپۆلی درێژی خەیاڵەكانی:( دوای نیوەڕۆ لای كانییەكەی كانی عاشقان دەموچاوم فێنك دەكەمەوە، دوو مشت ئاوی سازگار دەخۆمەوە، لەگەڵ هاوڕێكانم كۆدەبمەوە، كاتی گەشتێك بۆ چاوگ یان گوڵان یان عەبابەیلێ رێك دەخەین، بەدەم گۆرانی و قسەی خۆشەوە ساتە ناخۆشەكانی زیندان وردەوردە لەبیر دەبەمەوە هەرچەند كارێكی مەحاڵە...)
وای هەست كرد كە دەبێت هەڵەیەك روویدابێت، لەوە دەچێت كە ئەمڕۆ رۆژی ئازادكردنی نەبێت، یاخود بەهەڵە لە جیاتی كەسێكی تر لە زیندان وەدەریان ناوە، ئەگینا چۆن كەسێك لەو شارەوە، لە خزم و كەس كە لێوڕێژن لە سۆز و وەفا و خۆشەویستی نەهاتوون و لێرە وجودیان نییە.
تەماشایەكی تری بینای زیندانەكەی كردو هاوڕێكانی بیركەوتەوە، رۆژانی تاڵ و ناخۆشی، كە دۆست و هاودەمی یەكتربوون، ‌دەیانویست بە دەم نوكتە و قسەی خۆشەوە، بەسەرسەختیەكاندا زاڵ بن، بە تایبەت ساتی بڕیاری ئازادبوونی ئەم بەلێبووردنی گشتی و خۆشی شادی ئەوان بۆ ئەم هەواڵە خۆشە سەرەتا ئەم حەپە‌سا وایزانی خەونە، بەڵام شادی هاوڕێكانی راستی بڕیارەكەیان بۆدووپات كردەوە، هێندە خۆشحاڵ بوون وەك ئەوەی خۆیان ئازاد بكرێن، یەكەم رۆژ كە پێی خستەناو ئەم زیندانەوە، بە تاوانی كاری سیاسی و سەربازی بۆ گرووپە لە یاسا دەرچووەكان، زۆر غەمبار و نەخۆش و لاوازبوو، چون دوای لێدان و ئەشجەی زۆر و مانەوە ‌لە ژووری تاكە كەسیدا، ئینجا دادگا سزای زیندانی بۆ دەركردبوو، سەرەتا كەمێك دڵتەنگ و بێ تاقەت بوو، بەڵام وەرد وردە لەگەڵ كەشی زیندان و دیلی راهات، بە هاوكاری هاوڕێ زیندانییەكانی، بەتایبەت ئەبومەجنوون كە كوردێكی فەیلی بوو، پیاوێكی قسەخۆش و كتێب خوێن بوو، كە لە دوایین دیداریان، لە شەوی ئازدبوونیدا، رووی كردە ئەم و گوتی: (ئەبو گوڵان ئەگەر چویتەوە بۆ شارەكەتان سڵاوی ئەم شێتە بگەیەنە بەهەموو شێتەكانی شار، پێیان بڵێ ئەقڵ بەڵای گیانە، مرۆڤی ئەم سەردەمە ژیری بۆی دۆزەخە، هۆشیاری باجی خۆی هەیە و بێ ئاگایش سەلامەتی، لەم شوێنە گەرمەوە سڵاوم بگەیە بە چیا و دەشت و گوڵ و سەوزایی، لەگەڵ بەفروباران و پەلكەزێڕینە.)
پیاوە تازە ئازاد كراوەكە هەرچی كرد قاچەكانی بۆ نەبزوا و نەیتوانی بچێت، بۆیە هەر بەپێوە پشتی نا بە دیوارە سەخت و بڵندەكانی زیندانەوە و یەكە یەكە لە تارمایی ئەو كەسانە رادەما كە بەلایدا تێدەپەڕین، دڵی دەكرد بە شەقام بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لە دوورەوە دەهاتن و چاوی بە رۆشنایی رێیان، تا مشتێ بۆنی شار و خەڵكەكەی بۆلای بێنن، بەڵام هیچ كام لەمانە بەهانای ئازاری چاوەڕوانی و تەنیاییەكەوە نەهاتن، ئەم چاوەڕێی نیگایەك بوو كە دڵی خۆشكاو تامەزرۆی سڵاوێك بوو كە تەمی بێدەنگی بڕەوێنێتەوە، بەڵام رێبواران بێ ئەوەی هەستی پێبكەن بەخێرایی بەلایدا گوزەریان دەكرد، وایاندەزانی ئەم پیاوە چڵكن و سەر و ریش ئاڵۆزكاوە شێتێكی تری شارە.
لەگەڵ هاتوچۆی خەڵكە نامۆكە و گوزەری تیژڕەوی ئۆتۆمبێلەكاندا، تۆپە سوورەكەی خۆریش بەخێرایی بە شەقامی شینی ئاسماندا تێدەپەڕی، جار جار هەناسەی گەرمی خۆی، بەر دڵی ساردی ئەم دەكەوت، بەڵام دیاربوو خۆریش بەو ئاسمانەوە دەستی نەدەگەشتە دەستی و ئەمیش دەستی تەنها تا نیوەی دیواری زیندانەكە دەچوو.
پیاوەكە چەندە بە دیار چاوەڕوانی ئازادبوونییەوە پیربوو، لە رۆژی ئازادبوونەكەشیدا كە17-3-1988 بوو، ئەوەندەی تر پیربوو، خەریكبوو پەتی خۆگری دەپسا و بە تەواوی پشت لە فەرمانی ئازادبوونەكەی بكات و بگەڕێتەوە بۆ زیندان، كەوا كەسێك نییە لە چاوەڕوانیدا بێت، بەڵام نەیتوانی، قاچەكانی بەتوندی بەزەویەكەدا داكوترا بوون و هێزیان تێدا نەمابوو، خۆریش خەریكبوو لە پشت كەلەوە دوا ماڵاوایی دەكرد، ناچار لە شوێنی خۆی دانیشت و پشتی نا بەدیوارە رەقەكەی زیندانەوە، هێزی چاوەڕوانی خەریكبوو بە تەواوی لەنێو دەچوو، لە ناكاو تەقەی قاچی تارماییەك كۆتایی بە فەزای بێ دەنگییەكەی هێناو تارماییەكە دەمی لە گوێی زیندانی كراوەكە نزیك كردەوە و چەند قسەیەكی چپاند بە گوێیدا و رۆشت.
ئەمیش كەوتە ‌سەر زەویەكە و بە تەواوی تاسا، حەزی كرد هەر لەوێدا بەبی دەنگی بمرێت، یان خۆی بكوژیت، بەڵام لەم كارەی پەشیمان بۆوە و نەیویست بەبێ هوودەیی بمرێت، بۆیە هێزی دایەخۆی و هەستایە سەرپێ و كانی چاوەكانی تەقی و بە گریانەوە پەلاماری دەرگای زیندانەكەی دا و هاواری كرد: (منیش هەڵەبجەییم ... منیش هەڵەبجەم ... یان زیندانم كەنەوە یاخود وەك شار و خەڵك و خێزانەكەم شەهیدم بكەن.)
دەرگای زیندان بەهێواشی كرایەوە و دووچەكی رەش سەریان دەرهێنا و بە چەند تەقەیەك كابرا هەڵەبجەیەكەیان بێ دەنگ‌ كرد، شاریش نوقمی نێو تاریكی شەو بوو... ئەمیش وەك جەستەیەكی بێ گیانی خوێناوی، بوو بە شەهیدی  5001 شار .

 

سەرچاوە ؛ کوردستانی نوێ